ژنانی ئەفغانستان لە مێژووی هونەر و تێکۆشاندا دەستێکی باڵایان هەیە...٣
تاکە پادشا و شاژن کە هێشتا لە مێشکی هەموو گەلاندا زیندوو ماون، شا ئامانوڵا و شاژن سورەییایە.
بەهاران لاهیب
کابول- کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی ئەفغانستان بخوێنرێتەوە حاکمێکی دادپەروەر و جەماوەریی نەبووە، تا ئەمڕۆ هەموو پادشاکان بە پشتیوانی وڵاتانی جیاجیا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و هەوڵیانداوە لە هەر جۆرە تاوان و خیانەتێک درێغی نەکەن تا پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانیان بکەن.
شا ئامانوڵا ، نەوەى عەبدولڕەحمان خانە و کوڕى حەبیبوڵڵا خانە. شا ئامانوڵا تاکە پاشای پێشکەوتنخوازی ئەفغانستان بووە و بە پێچەوانەی باپیرە گەورەی و باوکی خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە خەڵکی ئەفغانستان کردووە، توانیویەتی ڕەزامەندی زۆرینەی ڕۆشنبیرانی سەردەمی خۆی و دوای ئەوەش بەدەستبهێنێت.
ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی بیروڕای پێشکەوتنخوازانەی شا ئامانوڵا دەتوانین بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ لە یەکێتی سۆڤیەت ڕوویدا، کاریگەری لەسەر بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و کۆمۆنیستەکانی جیهان هەبوو، لە ئەفغانستانیش کاریگەری لەسەر بیری شا ئامانوڵا و دەوروبەری و شاژنە سۆرەیای هاوژینی هەبوو، کە کچی مەحمود تەرزی بوو و ساڵانی گەنجیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەربردبوو.
شا ئامانوڵا بەڵێنی بە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگە دابوو: "ئەگەر دەسەڵات بگرمە دەست، دوو کاری گەورە و بنەڕەتی دەکەم، یەکێکیان سەربەخۆیی وڵات لە ئینگلیزەکان وەربگرم، ئەوی دیکەشیان گۆڕانکارییە لە کاروباری وڵاتدا"، کاتێکیش دەسەڵاتی بەدەستهێنا، لەگەڵ شاژن سورەییا و هاوەڵاکانی دیکەی بەڵێنەکانی جێبەجێکرد و لە ساڵی ١٩١٩دا سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند و دەستی ئینگلیزیان لە ئەفغانستان کورتکردەوە، دوای ئەوە بۆ یەکەمجار بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل، لە ساڵی ١٣٠٢دا دەستووری بە ناوی "دەستووری حکومەتی باڵای ئەفغانستان" بە ٧٣ مادە پەسەند کرد و لەگەڵ ئەوەشدا، ٥٠ دەستووری تر کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە کاروباری ئەفغانستاندا دەگێڕن، حکومەت و دادگاکان پەسەندیان کرد.
لە بڕگەکانی دەستووری حکوومەتی ئامانیدا، بە ڕوونی باس لە مافە سیاسییەکانی تاک کراوە، وەک ئازادیی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری، باجی زەبەلاحی سەر شانی کۆڵبەران هەڵوەشێنرایەوە؛ دەستی مەلاکانی لە بابەتی دادوەری کورت کردەوە و ڕایگەیاند کە دەبێت هەموو مەلاکان بڕوانامەی ئەکادیمییان هەبێت، بێگاری و نۆکەرایەتی، حەرەمی باپیرە گەورەی و باوکی هەڵوەشاندەوە، غولامی ڕەگەزنامەی هەزارەی هەڵوەشاندەوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان خانی باپیرە گەورەیدا سەپێنرابوو و ڕایگەیاند کە هەموو هاوڵاتیانی ئەفغانستان مافی یەکسانیان هەیە؛ هاووڵاتیانی هیندۆسی و سیخ هەمان مافی هاووڵاتیانی دیکەیان پێدرا و قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان دامەزرا؛ هاوسەرگیریی کچانی بە منداڵی بە تاوان زانی و خوێندنی سەرەتایی بۆ کچانی وەک کوڕان کردە ناچاری؛
جگە لە هەموو ئەم خزمەتگوزاریانە لە کۆمەڵگەدا، مافە سەرەتاییەکانیش بۆ ژنان دابین دەکران، ئامانوڵا وتی: کلیلی وڵات و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتنخواز لە هۆشیاری ژنانی ئەو وڵاتەدایە، بۆیە شاژن سورەییا خانم شا ڕۆڵێکی جەوهەری لە هۆشیارکردنەوەی ژناندا بینی و خۆی پێشەنگی مەیدانەکەی گرتە ئەستۆ.
بۆ یەکەمجار دوو قوتابخانەی ئامادەیی بۆ ژنان دامەزراند بە ناوەکانی مەستۆرات و ئەسمەت. لەو قوتابخانانەدا لەگەڵ زانستەکانی تر مامۆستای ئەڵمانی و فەرەنسی هاتبوون بۆ ئەوەی ئەم دوو زمانە بڵێنەوە و ٤٠ کچیش خەریکی پەروەردە بوون، بەشێک لەو کچانە بەبێ بورقا ڕەوانەی تورکیا و ئەڵمانیا کران بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن. بۆ هۆشیاری ژنان و کۆمەڵگە، هەفتەنامەی ژنانی بە ناوی "ئەرشەد النەسوان" بڵاوکردەوە. شاژنە سورەییا لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە هەڵمەتی لابردنی حیجابی دەستپێکرد، هەروەها لەگەڵ شا ئامانوڵا ڕۆڵێکی جەوهەری لە ڕزگاری و دابینکردنی مافی مرۆڤی ژناندا بینی.
شاژنە سورەییا لە ساڵی ١٩٢٦ لە وتارێکدا لە ئاهەنگی جەژنی سەربەخۆیی وڵاتدا وتی: هەموومان (ژن) دەبێت کار بۆ پێشکەوتنی گەلەکەمان بکەین، ئەمەش بەبێ زانیاری ناتوانرێت.
ڕادو جان کچی دیڤان نارەنجانداس ئامانوڵا خان، وەزیری دارایی بوو، دیڤان خاوەنی دوو کچی ئازا بوو بە ناوەکانی ڕادۆ و زارۆ کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕزگاری ژناندا هەبوو، ڕادۆ یەکێک بوو لەو سوارچاکە باشانەی کە چەندین جار بە تەنیا لە شوێنێکی کابولەوە بۆ شوێنێکی تر سواری ئەسپ بووە، هەردوو ڕادۆ و زارۆ هەمیشە لە تەنیشت باوکیان بوون و بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا دەکرد کە شا ئامانوڵا و شاژنە سورەییا ڕێکیان دەخست، ڕادۆ بە بوێری و ئازایەتی ناسرابوو.
بەڵام دوای سەرکوتکردنی دەسەڵاتی شا ئامانوڵا لەلایەن حەبیبوڵڵا کەلکانی ناسراو بە "بچە سقو"، بە ڕازیبوونی ئاغاکانی ئینگلیز، ژمارەیەک لە هەوەڵانی شا برانە هیندستان و بەشێکیان زیندانی کران و بەشێکیشیان کوژران، ڕادۆ جان و خانەوادەکەی ناچاربوون پەنا بۆ هیندستان ببەن، دوای ئەوە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نەزانرا.