ئەو فەرمانەی کە بەسەر ژنانی ئێزدیدا هات و ڕابوونی دواتر...١

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، فەرمانی ٧٤ بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات، ریهام حەجۆ، ئه‌ندامی هه‌ماهه‌نگیی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ژنانی ئێزدی، باسی فه‌رمانه‌كه‌ و به‌رخۆدانی دوای ئه‌و فه‌رمانه‌ دەکات.

ستی ڕۆژ

 

شەنگال- نیو سەدە بۆ گەلی کورد و ئێزدی بە کۆمەڵکوژی تێپەڕی، نیو سەدەی دیکەش بەهۆی ناسنامەی نەتەوەییەوە کۆمەڵکوژ کران، لەناو ئەو سەدەیەدا ئێزدییەکان زۆرجار بێ کورد مانەوە و لەلایەن کوردەوە دژایەتی کران، ڕووبەڕووی فەرمان دژی باوەڕەكەیان بوونەوە و تا ئەمڕۆش بەرەنگار دەبنەوە، ئامانج لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید نەهێشتنی بیروباوەڕ و ناسنامەی نەتەوەیی بوو، یان تێکەڵکردنیان بوو بە سیستەمی ناوچەکە، چارەنووسی ئێزدی و کورد لەگەڵ ژن بوو بە یەک، لە هەموو کۆمەڵکوژی و هێرشە جینۆسایدەکاندا ژنان سەرەتا باجەکەیان دەدا، ژنانی ئەم ناوچەیە بوونەتە شاهیدی هەموو جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکان.

 

ڕیهام حەجۆ، ئەندامی هەماهەنگی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ، سەبارەت بە فەرمانەکانی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی قسەدەکات و دەڵێت:

 

"مێژوویەکمان هەیە کە پڕە لە فەرمان و ئازار، کۆمەڵگەی ئێزدی مێژوویەکی پڕ لە ئازاری هەیە. ئەوانەی لە دەرەوەن ئەگەر بیانەوێت باسی بکەن یاخود نا، ئێمە دەزانین چیمان بینیوە و هەمیشە دەیگێڕینەوە چی بەسەر ئێزدییەکان هاتووە، دایکانمان بە لایلایەکانیان هەموو شتێکیان بۆ گێراوینەتەوە، ئێستاش ئێمە بۆ منداڵەکانمان هەمان شت دەگێڕینەوە، لەو چیرۆکانەی کە دەگێڕدرانەوە، لەگەڵ ئازاردا، بەرەنگاریش دەگێڕدرایەوە. ڕێکخستن و بەرخۆدان پێکەوە بەم خاکەدا تێپەڕیوە، ئێزدییەکان سەرەڕای هەموو ئەو فەرمانانەی کە بەسەریاندا هێنراوە، هەرگیز دەستبەرداری باوەڕی و بەرەنگاری خۆیان نەبوون.

 

 

لە چیرۆکەکانەوە دەزانین گوندەکانی ئێزدی تاڵان کراون، سووتێنراون، ژن و منداڵ وەک دەستکەوتی جەنگ سەیر کراون و ڕفێنراون، شاهیدەکانی فەرمانەکانی پێشوو نەماون، یاخود بێدەنگ بوون، دوای فەرمانی ٧٤ هەموو جیهان هۆشیار کرایەوە، لەو دوا فەرمانەدا بینیمان ئامانجی هەموو فەرمانەکان وەک یەکە، تەنها شێواز و پڕۆسەکەی جیاوازە، ئێمە مێژوویەکی نووسراومان نییە، ئەوانەی فەرمانیان بەسەرماندا سەپاند، بە وتەی خۆیان، مێژوویەکیان بۆ نووسیوین، ئەم مێژووەش هی ئێمە نییە، هی ئەوانە".

 

هەندێک زانیاری دەربارەی فەرمانی ئێزدییەکان:

*بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، کۆمەڵگەی ئێزدی ٧٣ یان ٧٤ فەرمانیان پێدراوە.

*زانراوە لە ئەرشیفی نهێنی عوسمانییەکان بەڵگەنامەی زیاتر لە ١٥٠ فەرمان هەیە.

*بەدەر لە عوسمانییەکان، کاتێک ئەو فەرمانانە دەژمێردرێن کە لەلایەن سەفەوییەکان و میرەکانی کورد و عەرەبەوە لابراون، ژمارەی فەرمانەکان دەبنە ١٩٦ فەرمان.

* پێكهاتەی ئێزدی بەرەنگاری هەموو فەرمانێك بووەتەوە. بە شەڕەکانیان دوو جار بەرەو  موسڵ و جارێک بەرەو دیمەشق و حەلەب چوون.

*بۆ پاراستنی باوەڕی ئێزدییەت، تا ساڵی ٦٣٠-١٩١٨ بەرەنگارییان کردووە، ٪٩٠ی ئێزدییەکان لەلایەن عوسمانییەکان و سەفەوییەکانەوە ناچار بوون موسڵمان ببن.

*فەرمانەکان کە بەسەر ئێزدیدا هاتووە، لە ئازەربایجان و ئەرمینیاوە، تا سنوری شام و حەلەب و هەموو کوردستانی گرتووەتەوە.

 

مێژووی ئێزدییەکان و ژنانی ئێزدی بە کۆمەڵکوژیدا تێپەڕیوە

ڕیهام حەجۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "مێژووی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بە جینۆساید تێپەڕیوە، مێژووی ژنانی ئێزدیشە" وتی:

 

"ئەوانەی لە فەرمانەکاندا زیانێکی زۆریان بەرکەوت، ژن بوون، ژنانی ئێزدی وەک دەستکەوت و کۆیلەی جەنگ دەفرۆشران، جوانەکانیان پێشکەشی پاشاکان دەکران و ئەوانەی جوان نەبوون و بەتەمەن بوون وەک خزمەتکار لە کۆشکەکاندا دادەمەزران، لە دوا فەرماندا ژنانی ئێزدیش هەمان شتیان ئەزموون کرد، بەڵام هەر فەرمانێک بەرخۆدانی ژنان زیادیکرد، بۆ نموونە؛ زەریفە ئۆسێ، کاتێک عوسمانییەکان بەرەو شەنگال دەجوڵێن، دەچنە نزیک گوندی بەکیرا، خەڵکەکە دژی عوسمانییەکان ڕێکدەخەن و سەرهەڵدەدەن و دەیان نمونەی دیکەش هەن.

 

لە هه‌موو فه‌رمانه‌كاندا ئیراده‌ی ژنانی ئێزدی كرایه‌ ئامانج و ده‌یانویست پێگه‌ی خۆیان له‌ كۆمه‌ڵگەدا لەدەستبدەن، هەربۆیە ژنانی ناو کۆمەڵگەی ئێزدی لە ژێر ناوی شەرەف و باوەڕیدا لە ماڵدا قەتیس دەکران، پێش فەرمانی ٧٤ ژنان هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییان نەبوو و جگە لە باخچەی ماڵەکانیان هیچ شوێنێکیان نەدەبینی، لە ماڵەوە بە کوێر و کەڕ و بێدەنگ مانەوە، کە فەرمانەکە ڕوویدا، نەیاندەزانی بە کام ڕێگەدا ڕابکەن. سەرەڕای هەموو شتێکیش ته‌سلیم بوونیان ره‌تكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كەو‌نه‌ ده‌ستی دوژمن، خۆیان لە زنارەکانەوە فڕێدەدا و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان دەهێنا، هەرگیز لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە تەسلیم نەبوون. ئەمە ڕێگەی بەرگریکردن بوو لە فەرمانەکاندا، لە دوا فەرماندا ژنەکان هەوڵیاندا بە هەمان شێواز خۆیان بپارێزن.

 

بۆ نموونە; شەهید جیلان، ژنێکی گەنجی ئێزدی بوو کە کەوتە دەستی داعش. بۆ ئەوەی لەلایەن داعشەوە نەفرۆشرێت و لە باوەڕەکەی داببڕێت، مەچەکی بڕی و کۆتایی بە ژیانی هێنا. دەیان ژنی ئێزدی کە کەوتنە دەست داعش، هەرچەندە هاوسەرگیریان نەکردبوو، دەیانگوت هاوسەرگیریمان کردووە، زۆرێک لە ژنان منداڵەکانیان داوەتە ئەو کچە گەنجانە تا بڵێن منداڵی منن و بەو شێوەیە هەوڵیانداوە خۆیان بپارێزن .

 

زۆرێک لە ژنان چەکیان بە دەستەوە بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیاندەزانی چۆن بەکاری بهێنن، نەیانتوانی خۆیان بەو چەکە بپارێزن. ئەو ترس و دڕندەییەی کە فەرمانەکان دروستی کردبوو، وایکردبوو ژنەکان قەتیس بکرێن، بۆیە ژنەکان بە تەواوی بێپاراستن بوون، ژنەکان بە شێوازی خۆیان هەوڵیانداوە خۆیان لە فەرمانەکان بپارێزن".

 

یەکەم ڕێکخستن بوون لە تەڤدا

ڕۆڵی ژنانی ئێزدی لە باوەڕی ئێزدیدا گەورەیە. هەرچەندە بە فەرمانەکان مافەکانیان لێ زەوت کرابوون، بەڵام دەیانزانی سروشتی ئەوان بەو شێوەیە نییە. بە زانینی ئەوەی کە سروشتی ئەوان زۆر جیاوازە لە زیندەوەران، کراوە بوون بەڕووی گۆڕانکاریدا. ئێمە باسی لایەنی ئازاربەخشی فەرمانی ٣ی ئابمان کرد، لە بنەڕەتدا ساڵانێکە باسی دەکەین. لەم حاڵەتەدا هەموو ماڵێک وەک چیرۆکێکی فەرمان وایە. لەو فەرمانەدا زۆر پێشهات به‌ خۆڕاگری و ئازاری ژنان هاته‌ ئاراوه‌.

 

تەڤدا پێش فەرمانەکە دامەزراوە و ڕێکخراوێکی گشتی بوو، تەڤدا ئاگاداری داعش بوو و بە پشتبەستن بە جیهانبینی ڕێبەر ئاپۆ دەیزانی فەرمان ڕوودەدات، یان هێرش لە شەنگال ڕوودەدات. تەڤدا پێشبینیی ڕێبەر ئاپۆی بۆ خەڵک لە شەنگال ڕوون کردەوە و دەستی کرد بە کارکردن بۆ هاندانی خەڵک بۆ خۆپارێزی. هەندێک کەس باوەڕیان بەم شتە هەبوو، بەڵام هەندێکیان باوەڕیان بەم شتە نەبوو. تەڤدا دەیزانی کە پێویستە کۆمەڵگە خۆی ڕێکبخات و ماڵ بە ماڵ، گوند بە گوند دەڕۆیشت و خەڵکی ئاگادار دەکردەوە. ئێستاش زۆرێک لە خێزانەکان باس لە چالاکیەکانی تەڤدا دەکەن لەو کاتەدا، لەناو تەڤدا کۆمیتەیەکی ژنان هەبوو. بەهۆی ئەو چەشنە چەقبەستووانەی لە کۆمەڵگەدا هەبوو، ڕێگە بە ژنان نەدەدرا لە چالاکییە سیاسییەکاندا جێگەی خۆیان بگرن، بۆیە سەرەتا کۆمیتەیەک پێکهێنرا و خەباتی دەکرد. ئەو کارانەی تەڤدای ئەنجامی دەدا قازانجێکی زۆری کرد، هەزاران کەس بەرەو دەرەوەی شەنگال هەڵهاتن، بەڵام ئەو بنەماڵانەی لە ژێر چەتری تەڤدادا خۆیان ڕێکخستبوو، چیاکانی شنگالیان بەجێنەهێشت، ئەمەش لەلایەن شەهید سەعیدەوە پێشەنگایەتی دەکرا، هەزاران ئێزدی لە چیاکانی شەنگال متمانەیان بەخۆیان هەبوو، کۆبوونەوە و بەرخۆدانی گەورە بوو، بەوەش شەنگال تەسلیم نەکرا."

 

تەڤدا ڕێگەی بە هەپەگە و یەژاستار نیشاندا، و گەریلای هێنایە ناو شەنگال، پەیوەندیی نێوان شەنگال و جیهانی دەرەوەی دروستکرد و پاڵپشتی و یارمەتی پەیداکرد.

 

*رۆژی ٢٠ی نیسانی ٢٠٠٤ لە كۆنگرەی شاری موسڵدا تەڤگەری دیموكراسی و ئازادی-تەڤدا ڕاگەیەندرا.

* شەهید سەعید حەسەن بە سەرۆكی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.

*لە ساڵی ٢٠١٧دا دووەم كۆنگرەی خۆی بەست و ناوی خۆی گۆڕی بە پارتی ئازادیی دیموكراسی ئێزدی-پادێ.

*سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەسەند کرا. شەهید سەعید حەسەن و زەهرا ئیسماعیل بوونە هاوسەرۆکان.

*لە ساڵی ٢٠١٧ بە فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسەند کرا.

 

تۆڵەی مێژوویی: یەژەشە

دوای کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی، هێزەکانی هەپەگە، یەژاستار و یەپەگە و یەپەژە بۆ پاراستنی خەڵک چوون بەرەو چیای شەنگال. هه‌روه‌ها هه‌زاران كه‌س كه‌ به‌ كۆریدۆره‌ مرۆییه‌كاندا تێپه‌ڕبوون له‌ كه‌مپی نه‌ورۆزی رۆژئاوا نیشتەجێ بوون، ده‌یان ژنی گه‌نجی ناو كامپه‌كه دەیانویست بەشداری یەپەژە و یەژاستار بکەن، داواکارییەکەیان پەسەند کرا و ڕوویان لە چیاکانی شەنگال کرد بۆ بەرخۆدانی، ئەم هەنگاوەی ژنانی ئێزدی یەکەم هەنگاو بوو بۆ پێکهێنانی هێزی پاراستنی ژنانی ئێزدی. ژنانی ئێزدی بە هاندانی ئەو هێزەی کە داوای رزگارییان دەکرد، خۆیان ڕێکخست، بەم شێوەیە یەکەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە ڕێکخرا. هێزەکانی یەژەشە بە مەبەستی شکستپێهێنانی داعش لە شەڕی شەنگال و هەروەها تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدی بەشداری شەڕی ڕەققە و تەبقایان کرد.

 

نەک تەنها ژنانی گەنج، بەڵکو دایکان و زۆرێک لە ژنانی ئێزدیش لە بواری بەرگریکردن لە خۆیان پێشکەوتن، ئه‌مڕۆ چ له‌ شەنگال و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌نگال، له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ژنان، ده‌توانن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن و ژنانیش فێری به‌رگری له‌ خۆیان بوون.

 

*لە ساڵی ٢٠١٤ هەپەگە، یەژاستار، یەپەگە و یەپەژە ژنانی ئێزدییان لە بواری بەرگریدا ڕێکخست.

*٢٠١٥ یەکینەکانی پاراستنی ژنان شەنگال-یەپەژە-شەنگال دامەزرا.

*ژنانی ئێزدی بەرامبەر ئەو خیانەت و پیلانگێڕییە لە مانگی شوباتی ٢٠١٦دا یەکەمین کۆنگرەی بەرگرییان بەست. لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیەدا یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە دامەزران.

 

* شەهید بێریڤان شەنگالی یەکەم کەسە کە بەشداری کردووە و یەکەم شەهیدە.