ماڵی ژن بووە مۆدێلی شۆڕشی ژن ...٥

بەهیە موراد، ئەندامی بەڕێوەبەری ماڵی ژن، کار لە بواری پەروەردەدا دەکات لە ماڵی ژندا ئاماژەی بەوەدا هەموو ژنان لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی پەروەردە دەکرێن.

"پەروەردە لە ماڵی ژندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە"

ڕوناهی نودا

 

قامیشلۆ- پەروەردە بناغەی بنیادنانی ڕۆشنبیری و ئەخلاقی کۆمەڵگەیە، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و لە هەموو میکانیزمە ڕێکخراوەییەکاندا ڕاهێنان و پەروەردە بنەمای هەموو کارێکە، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا پێشکەوتنی زۆر روویداوە، یەکێک لەوانە لە بواری پەروەردە و راهێنانی کۆمەڵگەدا بوو، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاتێک خەڵک دەیانەوێت دەست بە کارکردن بکەن، بە مەشق و راهێنانی ئایدیۆلۆژی و پیشەیدا تێدەپەڕن بۆئەوەی کارەکانیان بەشێوەیەکی زانستی بەڕێوەببەن، پەروەردەکردنی کۆمەڵگە سوودێکی گەورە بە کۆمەڵگە دەبەخشێت بۆ ئەوەی سیستەمەکەیان بە شێوەیەکی پیشەییتر و زانستیتر بەڕێوەببەن و ببێتە مۆدێلێک بۆ هەموو جیهان. لە ڕێکخستنی ماڵی ژندا بناغەی هەموو شتێک پەروەردەی کۆمەڵگەیە.

 

بەهیە موراد، بەڕێوەبەری ماڵی ژنە و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە کاری پەروەردە بەڕێوەدەبات، لەبارەی کارەکانیانەوە وتی: پەروەردە ڕۆڵی هەیە لە دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریدا، ماڵی ژنیش لە سیستمەکەیدا لیژنەیەکی پەروەردە هەیە، تێیدا هەم خۆمان پەروەردە دەکەین و هەم پەروەردە دەدەینە کەسانی دیکە، ڕۆڵی پەروەردە لە ماڵی ژندا زۆر گرنگە. لە هەموو دامودەزگاکاندا سیستمی پەروەردە هەیە، بەڵام ئەوەی زۆرترین پەروەردە لە نێو دامودەزگاکان دابین دەکات ماڵی ژنە. کاتێک کێشەیەک دێتە ماڵی ژن، دەتوانین لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە چارەسەری بکەین. کەسانێک کە دێنە ماڵی ژن و هاوبەشی کێشەکانیانن، ئێمە ئەمە وەک پەروەردە دەبینین. لە ڕێگەی ڕاهێنانەکانمانەوە زۆر شت هاوبەش دەکەین کە لە کۆمەڵگەدا دێنە دی، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕاهێنانەکانی ماڵی ژن سوودێکی زۆر بە کۆمەڵگە دەبەخشن.

 

"لە ڕێگەی پەروەردەوە کێشەکان چارەسەر دەکەین"

بەهیە موراد باسی لە چارەسەرکردنی کێشەکان کرد لە ڕێگەی پەروەردەوە و وتی: بۆ ئەوەی بتوانین كۆمەڵگاكەمان پەروەردە بكەین، سەرەتا خۆمان پەروەردە كرد و وەك ماڵی ژن بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە پەروەردە نزیكبووینەوە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت پەروەردە لە نان و ئاو گرنگترە. سەرەتا خۆمان پەروەردە کرد و دواتر کۆمەڵگەکەمان، ماڵی ژن لە هەر شوێنێک پێویستی بە پەروەردە هەبێت ئامادەین و بەردەوام ژنان پەروەردە دەبینن، ماڵی ژن دەیەوێت ژیانێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا بنیاد بنێت بۆ ئەوەش لە ڕێگەی پەروەردەوە دەستەبەری دەکەین.

 

دەربارەی گرنگیدان بە یاسا ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگە لەسەر یاساکان هۆشیار دەکەنەوە لە ڕێگەی پەروەردەوە، بۆ ئەوەش لە سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ژنان و دەزگاکاندا پەروەردە پێشكه‌ش ده‌كەن و خول دەکەنەوە، هەموو ئەمانەش لە ڕێی ئاکادیمیاوە بەڕێوەدەبرێن.

 

"سیمینار لەسەر مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا پێشکەشکرا"

بەهیە موراد خستیەڕوو کە پەروەردەکان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانن، لەسەر ئەو بابەتانەیە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، بۆ نمونە چەندین خول و سیمیناری پەروەردەیی لەبارەی هاوسەرگیری لە تەمەنێكی كەمدا، فرەژنی، زەوتكردن، قەرەبووكردنەوە، هاوسەرگیری زۆرەملێ و توندوتیژی دژی ژنان دراوە، وتیشی: لەم دواییانەدا تەكنەلۆژیا كاریگەری نەرێنی لەسەر گەنجان داناوە مۆبایلەكان هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی بەتایبەت ژنان و کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە هەیە، زۆر گەنج هەبوون بەهۆی هەڕەشەوە لە ماڵەوە ڕایانکرد. هەروەها سیمینارمان پێشکەش بە گەنجان کرد سەبارەت بە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا. هاوکات لەگەڵ گەنجاندا دایکان پەروەردە دەکەین لەسەر چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ منداڵەکانیان و پەرەدان بە ئەخلاقی دروست و ناسینی تایبەتمەندی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بەرامبەر منداڵەکانیان کەموکوڕیان نەبێت.

 

"کۆمەڵگەکەمان پەروەردەی خۆشدەوێت"

بەهیە موراد لەکۆتایدا خستیەڕوو، ئەو کەسانەی کە پەروەردە وەردەگرن زۆر دڵخۆشن و وتی: پێویستی گەلەکەمان بۆ پەروەردە زۆرە، گەلەکەمان کاتێک پەروەردە وەردەگرن زۆر دڵخۆشن، هەڵەیە تەنها ژنان کۆبکەینەوە و پەروەردە بکەین، پێویستە هەردوو ڕەگەز پەروەردە بکەین. کاتێک ڕاهێنان بە هەردوو ڕەگەز دەکەین دەتوانین بڵێین ئەنجامەکانی زیاترن، ئێمە دەڵێین پەروەردە زۆر گرنگە و پێویستییەکی ژیانییەبۆیە هەموو کۆمەڵگە پێویستی بە پەروەردەیە و دەبێت پەروەردەیان بکەین لەسەر ڕاستییەکان.

 

سبەی: ئەندامانی ماڵی ژنی ئەشتاروت هەڵسەنگاندن بۆ دروستکردنی ماڵی ژنی سوریانی دەکەن.