یەکەم هەڵوێست، وەرچەرخانی مێژووی و سیمبولی گەلێک
هەڵوێست لە کات و شوێنی خۆیدا، دەتوانێت وەرچەرخان لە مێژووی گەلێکدا بکات و بۆ جیهان ببێتە خاڵی ئاڵوگۆڕی مێژووی، مێژووی کورد پڕە لە خاڵی وەرچەرخان و هەستانەوە و زیندوو بوونەوە، بۆ نمونە یەکەم فیشەک کە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ بە ڕووی زوڵم و لەناوبردندا تەقێندرا.
ژیان عەلی
ناوەندی هەواڵ- هەڵوێست، بریتییە لە تێگەیشتن، هاوسۆزی دەربڕین یان هەوڵدانە بۆ ڕێگە گرتن لە دیاردەیەکی نەشیاو، کارێکی نەخوازراو، ستەمێکی ناڕەوا، کارەساتێکی مرویی یان سەربازی دژ بە کەسێک یان کۆمەڵێک کە لە دەرەوەی بنەما مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام بدرێت.
هەڵوێست وەرگرتن بەپێ ڕەوشت داواکراوە، بەڵام سەپێندراو نییە، کەسی بە هەڵوێست هەست بە ئارامی دەروونی زیاتر دەکات لە کەسی بێ هەڵوێست، هەڵوێست وەرگرتن هەم بوێری دەوێت و هەم لەخۆ بردوویی.
لە میژووی هەر نەتەوەیەکەدا هەندێ قۆناغ هاتوونەتە ئاراوە کە هەڵوێست وەرگرتنی خەڵک و کەسایەتییەکان لەو قۆناغانەدا بووەتە سیمبولی ئەو نەتەوەیە بەتایبەت ئەو نەتەوانەی کە هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چەوسێندراونەتەوە، نموونەیی ئەو هەڵوێستانە و کەسایەتییە بەهەڵوێستەکان لە مێژوو و ڕۆژی ئەمڕۆشمان زۆرن.
نموونەی ئەو هەڵوێستانەی وەرچەرخانی مێژوویی هێنایە ئاراوە
-شۆڕشی ساڵی ١٩٥٥ ژنێکی ڕەش پێستی ئەمریکایی بە ناوی ڕۆزا پارکس لە پاسێک سوار دەبێت و لەسەر کورسییەکی بەتاڵ دادەنیشێت، دوای تۆزێک پیاوێک سواری پاسەکە دەبێت داوای لێ دەکات کورسیەکەی بۆ چۆڵ بکات، ڕۆزا پارکس بە هەڵوێستێکی ئازایانە داواکاری سپی پێستەکە ڕەت دەکاتەوە، گەرچی ڕۆزا لەسەر ئەم هەڵوێستەی زیندانی دەکرێت، بەڵام کاتێک ڕەشپێستەکان بەم کارەیان زانی لەسەرتاسەری ئەمریکادا مانیان لە بەکارهێنانی پاس گرت بۆ هاتووچۆ، مانگرتنەکەشیان ٣٨١ ڕۆژی خایاند و زوربەی شارەکانی گرتەوە .
-ساڵی ١٩٨٧ لە فەلەستین دوای ئەوەی بارهەڵگرێکی سەربازانی ئیسرائیلی چوار کرێکاری فەلەستینی کرد بە ژێرەوە، توڕەییەکی ئێگجار زۆری خەڵکی لێکەوتەوە، لە بەرامبەر ئەو هێرشەی سەربازە ئیسرائیلیەکاندا بە فڕێدانی بەرد هەڵوێستیان وەرگرت، لە مێژوودا ئەم هەڵوێستە بە شۆڕشی بەرد پێناسە دەکرێت و بووە بە سیمبولی پاراستنی نەتەوەیی.
-ئێرنێستۆ گیڤارا بەو هەڵوێستەی کە دەڵێت ستەم لە هەر کوێ بێت، ئەوێ وڵاتی منە، لە ٢٦ی تەمووزی ١٩٥٣ لە دژی ستەم و زۆرداری سەرۆکی ئەو کاتی وڵاتی کوبا بەشداری شۆڕشی چەکداری لەو وڵاتە دەکات و بەم هەڵوێستەی وەرچەرخانی گەورەی مێژوویی هێنایە ئاراوە کە بۆ جیهان بووەتە سیمبولی وەستانەوە دژی زوڵم و دیکتاتۆری.
-پێشەوا قازی محەمەد، یەکێک لەو کەسایەتییانەی گەلی کوردە کە بە هۆی هەڵوێست و بڕیارەکانی بەرامبەر چارەنووسی گەلەکەی لای هەمووان بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، پێشەوا لە کاتی ڕووخانی کۆماری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا بۆ ئەوەی هاوڵاتیان نەکەونە بەرهێرشی سوپای شای ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر من خۆم رادەست بکەم، ناوەند هێرش ناکاتە سەر هاوڵاتیان و بۆ پاراستی گەلەکەی خۆی کردە قوربانی.
١٥ی ئابی ١٩٨٤ وەرچەرخانی مێژووی گەلی کوردە
-یەک لەو هەڵوێستانەی کە وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژووی گەلانی ئازادیخوازدا هێنایە ئاراوە هەڵوێستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کە بە یەک ڕستە دەستیپێکرد و وتی: "کوردستان بن دەستە"، بەم شێوەیە بەردەوامی بە خەبات و تێکۆشان دا و لە بەردەوامی ئەو تێکۆشانەدا ١٥ی ئابی ١٩٨٤ مەعسووم کۆرکماز ناسراو بە فەرماندە عەگید بە هەڵوێسی خۆی و بە تەقاندنی یەکەم فیشەک بەڕووی دەوڵەتی تورکیا وەرچەرخانێکی مێژووی لەناو شۆڕش و بەرخۆدانییەکانی گەلی کورد لە دژی زوڵم و زۆرداری سەردەم هێنایە ئاراوە، تا ئێستاش ئەم ڕۆژە و هەڵوێستە بە مێژووی ژیانەوەی گەلی کورد و هاوکات وەکو وەڵامێک بۆ ئەو مێژووەی کە هەوڵی سڕینەوەی گەلی کوردی تیادا درا، پێناسە دەکرێت.
-گوڵناز کاراتاش ناسراو بە بیریتان، لە ساڵی ١٩٩٢ بەرامبەر هێڵی خیانەتی پەدەکە هەڵوێستی وەرگرت و لە شەڕێکدا بۆ نەکەوتنە دەستی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا دوای شەڕێکی سەخت، لە تاشە بەردێکەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و گیانی بەختکرد، ئەم هەڵوێستەش وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژووی خیانەت لەناو گەلی کورد و هاوکات دامەزراندنی هێزی بەرگری ژنان بۆ پاراستن و بەرگری لە خاک و نیشتیمان هێنایە ئاراوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا سەدان و هەزاران هەڵوێست کە بەهاری عەرەبی و شۆڕشی گەلانی هێنایە ئاراوە و ئەیان هیرسی، ئامریتا دووی، ئامینە کاکەباوە، بێریتان باشوور و چەندین کەسایەتی دیکەی پێشەنگ بە نیشاندانی هەڵوێست لە قۆناخە جیاوازەکاندا گۆڕانکارییان خوڵقاندووە و بوونەتە سیمبولی وەستانەوە دژی زوڵم، نادادی، گەندەڵی، چەوسانەوە، لەناوبردن و توندوتیژی و داگیرکاری.
ژیان بێهەڵوێست نابێت و کاتێک هەڵوێستەکان لە کاتی خۆیدا دەنوێنرێت، دەبێتە هۆکاری وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانی هەر گەل و نەتەوە یان تاکێکدا.