شۆڕشی زانستی ژنان؛ چیرۆکی بەرخۆدانی بلیمەتەکان لە جیهانی زانستدا

ماری کوری تەنها ناو و زانایەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شۆڕشگێڕێکی گەورەی بواری زانست بوو. ئەو دەرگای سەرەکی بوو بۆ ئەو ژنانەی کە دواتر هاتن و سنووری زانستیان بەرەو پێشەوە برد.

دیدار شەهلا

 

سلێمانی- ماری کوری، پێشەنگی بەربەستشکێن بوو، ناوی تەواوی ماری سکلۆدۆوسکا کوریییە، لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٨٦٧ لە وارشۆی پۆڵەندا لەدایکبوو. ئەو سەردەمە، پۆڵەندا ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بوو و ژنان مافێکی ئەوتۆیان نەبوو بۆ خوێندن و پێشکەوتن.

 

خێزانەکەی هەژار بوون، باوکی مامۆستای بیرکاری بوو. سەرەڕای هەژارییەکەیان، لە گرنگیدان بە خوێندن لە ماڵەوە بەردەوام بوو. ماری گەنج و زیرەک خولیای زانستی هەبوو، لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا دایکی بە نەخۆشی سیل کۆچی دوایی کرد، ئەمەش کاریگەری زۆری لە ژیانی دانا.

 

لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا، بڕیاری دا بۆ خوێندن بۆ پاریس بچێت. ئەمە لەو سەردەمەدا کارێکی زۆر سەخت بوو و هەروەها بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجی خوێندنەکەی دابین بکات، وەک پێشکەشکار کاری دەکرد و لە کاتەکانی بێکاریدا دەیخوێندەوە.

 

لە زانکۆی سۆربۆن، لە بوارەکانی فیزیا و بیرکاریدا خوێندی. لەو کاتەدا تەنها ٢٣ ژن لەناو هەزار و ٨٢٥ خوێندکاردا هەبوون. سەرەڕای هەموو دژوارییەکان، لە زانکۆ بە پلەی یەکەم دەرچوو و دوای هاوسەرگیریشی بەهرەکانی لە بواری زانستدا پەرەپێدا.

 

"وەرگرتنی دوو خەڵاتی نۆبڵ لە دوو بواری جیاوازدا تەحەداییەکی گەورەبوو بۆ سەلماندنی تواناکانی ژنان"

ماری سەرەتا کاری لەسەر تیشکدانەوەی کارەبایی کرد. ئەو و هاوژینەکەی، پیەر کوری توانیان دوو پێکهاتەی نوێی کیمیایی بدۆزنەوە (پۆلۆنیۆم و ڕادیۆم)، ئەم دۆزینەوەیە شۆڕشێکی گەورە بوو لە بواری زانستدا، لە ساڵی ١٩٠٣دا، هەردووکیان و هانریک بیکرێڵ خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان وەرگرت بۆ توێژینەوەکانیان لەسەر تیشکدانەوەی کارەبایی. لە ساڵی ١٩١١دا، بە تەنها خەڵاتی نۆبڵی کیمیای بردەوە بۆ کارەکانی لەسەر ڕادیۆم و تایبەتمەندییەکانی.

 

ماری کوری نەک هەر لە بواری زانستدا سەرکەوتوو بوو، بەڵکو وەک مامۆستا و ڕێنوێنیش کاری دەکرد. لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، تەکنۆلۆژیای تیشکی ئێکس-ی بۆ پزیشکی سەربازی بەکارهێنا، بەڵام بەهۆی کاری بەردەوامی لەگەڵ مادەی تیشکدەر، تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوو لە ساڵی ١٩٢٤دا کۆچی دوایی کرد.

 

میراتی ماری کوری:

  • یەکەمین ژنی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ
  • یەکەمین کەسە کە دوو خەڵاتی نۆبڵی لە دوو بواری جیاوازدا بەدەستهێناوە
  • شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ژنان لە بواری زانستدا

 

میراتگرانی ڕێگای کوری

-روزالیند فرانکلین (١٩٢٠-١٩٥٨): توێژەری بریتانی کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دۆزینەوەی شێوەی DNA. سەرەڕای ئەوەی لە کاتی ژیانیدا پێناسەی تەواو نەکرا، بەڵام دواتر وەک زانایەکی گرنگ ناسرایەوە. کاری ئەو بنەمای تێگەیشتنمانی لە ژینگەناسی مۆلیکولی گۆڕی.

 

١/ گریس هۆپەر ١٩٠٦-١٩٩٢:

  • ئەفسەری دەریایی و زانای کۆمپیوتەر
  • داهێنەری یەکەمین زمانی پڕۆگرامسازی بالا COBOL
  • بە "دایکی زمانی کۆمپیوتەر" ناسراوە
  • یەکەم کەس بوو زاراوەی "بەگ" (هەڵەی کۆمپیوتەری)ی بۆ کۆمپیوتەر بەکارهێن

٢/ هیدی لامار ١٩١٤-٢٠٠٠:

  • ئەکتەر و داهێنەری ئەمریکی-نەمساوی
  • داهێنانی سیستەمی گۆڕینی فڕیکوێنسی
  • بنەمای سەرەکی پەیوەندی بێتیل و وایەرلێسی ئەمڕۆ
  • نموونەیەکی گەشی هاوبەشی هونەر و زانست

 

٣/ کاترین جانسن ١٩١٨-٢٠٢٠:

  • زانای بیرکاری و زانستی ئەمریکی
  • ڕۆڵی سەرەکی لە بەرنامە فەزاییەکانی ناسا
  • ژمێریارییەکانی ئەو یارمەتیدەری گەڕانەوەی کەشتییە فەزاییەکان بوو
  • سەلماندی کە ژنان دەتوانن لە بوارە سەختەکانی وەک فەزا سەرکەوتوو بن

 

٤/ جان کوری (١٩٥٩-هەنووکە):

  • زانای بایۆلۆژی
  • یەکەمین ژنی ئاسیایی-ئەمریکی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ
  • کارکردنی لە بواری پزیشکی زیندەیی
  • بەردەوامکەری ڕێگای ژنانی زانست

 

"میراتی ئەم ژنانە، شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ژنان بوو لە زانستدا"

 ئەم ژنانە سەلماندیان کە زانست پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە توانا و هەوڵەوە هەیە. گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بە کارەکانیان، وای لە کۆمەڵگە کرد تێبگات کە بەهرە و توانا سنووری ڕەگەز ناناسێت.

 

ئەم ژنانە تەنها زانا نەبوون، بەڵکو شۆڕشگێڕی زانست بوون. ئەوان بەربەستەکانیان شکاند، پێشداوەریەکانیان پووچەڵ کردەوە و ڕێگایان بۆ ژنانی دوای خۆیان خۆشکرد.

 

چیرۆکی ئەم ژنانە نیشان دەدات کە توانایی و ئازایەتی هیچ سنوورێکی نازانێت. ئەوان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت هەر بەربەستێک تێپەڕێنێت، تەنها بە هەوڵ، بڕوا، و متمانە بەخۆبوون و هیچ کارێکیش نییە تەنها پەیوەست بێت بە ڕەگەزەوە و ژنان دەتوانن لە هەموو بوارێکدا سەرکەوتوو بن.