لە فێمینیزمەوە بۆ ژنۆلۆژی؛ تێکۆشانی ژنان ...١

تێکۆشانی لەمێژینەی ژنان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆمەڵگە و سیستمی کۆنەپارێزە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەم تێکۆشانە بە بزووتنەوەیەکی تێکدەری کۆمەڵگە بەناو دەکەن، ئەندامێكی ژنۆلۆژیش دەڵێت: هەرژنێک بۆ تێگەیشتن لە فێمینیزم و تێکۆشانی ژن پێویستە خودی خۆی بناسێێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەستەواژەی فێمینیزم دەکرێت بۆ وەسفکردنی بزوتنەوەی سیاسی، کولتووری یان ئابووری بەکاربهێنرێت، کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی مافی یەکسان و بەرگریکردنە لە ژنان،  فێمینیزم ئاوێتەی تیۆرییەکانی سیاسەت، کۆمەڵناسی و فەلسەفە دەبێت و بایەخ بە جیاوازی جێندەر-ڕەگەزی دەدەن، وەک چۆن ئاوێتەی ئەو بزوتنەوانە دەبێت کە بەرگری لە مافی یەکسانی ڕەگەزی دەکەن بۆ ژنان و ئەو هەڵمەتانەی بۆ بەرژەوەندی و مافەکانی ژنان دانراون و دامەزراون.

 

مێژووی فێمینیزم دابەش دەکرێتە سەر سێ شەپۆلدا، یەکەمین شەپۆلی فێمینیزم لە سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم بوو، دووەمین شەپۆلی فێمینیزم لە نێوان ١٩٦٠ەکان و ١٩٧٠کان بوو، سێیەمین شەپۆلیش لە ساڵانی ١٩٩٠ەکانەوە دەستی پێکردووە و تا کاتی ئێستا درێژەی هەیە.

 

بەر لە فێمینیزم هزری خوداوەندیی دایکایەتی هەبووە، بۆ تێگەیشتن لە ئامانجی فێمینیزم پێویستە دوورتر بڕۆین و لێکۆڵینەوە بکەین، بزوتنەوەی فێمینیزم بێ ڕەخنە نییە و بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، چونکە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی بێ کەموکورتی کار لەسەر ئەقڵیەتی پیاو بکات.

 

لەو بارەیەوە، نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، باس لە فێمینیزم و جیاوازی ژنۆلۆژی و کاریگەرییەکەی دەکات لەسەر تێکۆشانی ژنان.

 

"بەر لە فێمینیزم قۆناغی شکڵگرتنی کولتووری خوداوەندییەتی، کۆمەڵگەی سروشتی هەبووە"

نەجیبە قەرەداغی، لە باسی چەمکی فێمینیزمدا گرنگی سەردەمی پێش فێمینیزم دەخاتەڕوو، دەڵێت: پێویستە هەرکەس کە ئاگادارە لە فێمینیزم سەردەمی پێش ئەوەش بزانێت، ئەگەر مێژووی ژن بنووسرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لێبکرێت دەردەکەوێت کە قۆناغەکانی دەستپێکردن بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە فێمینیزمەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو قۆناغێکی سیستەماتیک بوونی ئەو تێکۆشانەیە.

 

بەر لە فێمینیزم جۆرێک لە کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەی دایکانە هەبووە، کە لەسەر بنەمایەکی ئاشتیخواز، یەکسانیخواز لە چوارچێوەی هەبوونی ژن وەکو هەبوونێک لە ڕێی ئەخلاقی و سیاسییەوە بەڕێوەچووە، کاتێک شۆڕش دەستپێدەکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وەلانانی هزری ژن لە کۆمەڵگە و بوارەکانی ژیاندا، ئەقڵیەتی فێمینیزم ڕێگەیەکی بووە، کاتێک فێمینیزم لە ساڵی ١٧٩٨ یاخود کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ بە شێوەیەک بەردەوامی بەخۆی و ڕێبازەکەی دەدات، شێوازێکە لەو بەرخۆدانانەی کە لە مێژوودا نەنووسراونەتەوە.

 

"فێمینیزم هزرێکی ناوەند ئەوروپی نییە و بەرخۆدانی ژن لەوێوە دەستی پێنەکردووە"

نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بەوەدا، لە پێش بوونی فێمینیزم مێژووی بەرەنگاربوونەوە هەر هەبووە، فێمینیزم بۆ خۆشی بزوتنەوەیەکی بەرەنگارییە بە ڕووی عەقڵیەتی پیاوسالاری و هەڵاواردن و ڕکابەری سیستمە، وتیشی: هەمووان جۆرێک لە فێمینیزم تێدەگەن کە هەرکات ناوی بهێنین ڕاستەوخۆ هزرمان بەرەو ئەوروپا دەڕوات، واتە فێمینیزم بە ڕێکخستنێکی ناوەند ئەوروپی تێگەیشتووین، ڕاستە لەوێوە سەریهەڵداوە بەڵام کێشەکە لەوەدایە شکڵگرتنی ئەم زهنیەتە قۆناغەکانی دیکە و ناوچەکانی دیکە دەخاتە پەراوێزەوە، کاتێک باس لە عەقڵیەتی کۆمەڵگەی سروشتی یاخود کولتووری خوداوەندییەتی دەکرێت، بەشێک لە فێمینیزمان بە فانتازی دەبینن، هەروەها بەشێک لە فێمینیزم بە فکرێکی ڕەخنەگرانە لە هزری ناوەند ئەوروپی دەڕوانن، جۆرێک لە پێشکەوتن هەیە کە ئێستا کۆمەڵێک بیرمەندی ژن دەرکەوتوون و خوێندنەوەیەکی نوێیان هەیە و ڕەخنەیان لە فێمێنیستی ناوەند ئەوروپی هەیە، چونکە ناگەڕێنەوە بۆ ڕیشە و مێژووی بەرخۆدانی ژن، کاتێک مێژووی بەرخۆدانی ژن بە وردی بخوێندرێت ڕاستی بەرخۆدانێکی شکۆداری ژن لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە دەبیندرێت، ئەم مێژووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ١٠-١٢ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، کە فێمینیزم ئەمە لەبەرچاو ناگرێت.

 

"ژنۆلۆژی هەم ڕەخنە لە فێمینیزم دەگرێت هەم وەک یەکیک لە سەرچاوەکانی پێشکەوتنی هزریی پشتی پێدەبەستێت"

ئەو ئەندامەی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لەوەکرد، یەکێک لە سەرچاوەکانی ژنۆلۆژی پشتی پێدەبەستێت بۆ پەرەسەندنی زانستی ژن، بزوتنەوە هەمەلایەنەکانی فێمینیزمە، بۆیە ژنۆلۆژی خۆی بەدوور ناگرێت لە فێمینیزم، بە پێچەوانەوە یەکێک لە سەرچاوەکانی گەشەکردنی ژنۆلۆژی فێمینیزمە، وتیشی: ئەمەش بەو واتایە نایەت ژنۆلۆژی ڕەخنەی لە فێمینیزم نەبێت، هەندێک پێیانوایە ژنۆلۆژی دەیەوێت فێمینیزم لەخۆبگرێت یاخود تێیپەڕێنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنۆلۆژی لە هەموو کاتێکدا گرنگی بە هاوبەشیکردن و یەکتر تەواوکردن دەدات، چونکە لەم دوو خاڵەدا دەتواندرێت ڕەخنە و ڕەخنەداین بکرێت بۆ ئەوەی تێکۆشانی ژنان بەرامبەر عەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزگەرایی بەهێز بکرێت.

 

"بزوتنەوەی فێمینیزم ژنی تێکۆشەر لە ژنی ژێردەسەتە جیادەکاتەوە"

ڕاستی وشەی فێمێنیست یاخود فێمینیزم، جیاکردنەوەی ئەو ژنانەیە کە تێکۆشان دەکەن و دەنگ هەڵدەبڕن، لەو ژنانەی کە بێدەنگن و بە پێی هزری سیستم سەلار و بێ کێشەن، ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە هەوڵیداوە کۆمەڵگە پارچە بکات، بەڵام فێمێنیستەکان بە هەڵگەڕاندنەوە لێی بەرەنگارییەکی گرنگ دەکەن، چونکە تەنانەت فەیلەسوفەکانیش ویستوویانە بە شێوەیەکی هەڵگەڕاوە باس لە فێمینیزم بکەن و کۆمەڵگەیان لێدوور دەخەنەوە، نەجیبە قەرەداغی دەڵێت: "لە ڕاستیدا ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، کاتێک هەوڵی جیاکردنەوەی ژنانی فێمێنیست و ژنانی دیکە دەدرێت بۆ خۆی پارچەکردنی کۆمەڵگەیە، بزوتنەوە فێمێنیستییەکان بەردەوام لە بەرامبەر ئەو ئەقڵیەتەی دەیەوێت ژن  و پیاو جیابکاتەوە و جیاوازی ڕەگەزی دروستبکات تێکۆشانیان کردووە، ئەمەش وایکردووە بەردەوام بزوتنەوە فێمێنیستییەکان وەک بزوتنەوەیەکی دژە پیاو پێناسە بکرێت، لە بنەڕەتدا ئەمەش تێگەیشتنێکی هەڵەیە، بەڵام تێکۆشانی بەشێک لە فێمینیزمەکانیش، چونکە بەردەوام بە هزری ڕووبەڕوو بوونەوەی پیاو کاردەکەن، دۆخێکیان دروستکردووە کە دەریدەخەن دژە پیاون"، جەختیشدەکاتەوە کە "لەو خاڵەدا فێمینیزمەکان پێویستیان بە ڕەخنە لە خۆگرتنە"، لە بەردەوامیدا دەڵێت: چونکە کێشەی کۆمەڵگە و سیستم دروستبوونی ئەو پەیوەندییەیە کە لە نێوان ژن و پیاو دروستبووە نەک خودی ژن بوون و پیاوبوون خۆی، وە کاتێک کۆمەڵگە لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕدرێت بۆ هێز، کێشەکە دروستدەبێت، چونکە لە هێزدا یەکێک دەبێتە ناوەند و ئەویدیکە دەبێتە پەراوێز و بە پێچەوانەشەوە.

 

"کێشەی فێمینیزم کارکردنە بە شێوەیەکی تیۆریانە لەسەر پرسی گۆڕانکاری پیاو"

نەجیبە قەرەداغی، ئەوەی ڕوونکردەوە کە کاتێک ڕەخنە لە وشەی فێمێنیست دەگیرێت، لەبەرئەوە نییە کە لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیاندا گۆڕانکارییان لە پیاودا نەکردووە، بەڵکو بەوهۆیەیە کە تیۆریانە کاریان کردووە و ئەمەش تێکەڵ بە کۆمەڵگە نابێت، "ئەوان پێیانوایە زانست هێزە، بەڵێ زانست هێزە و بۆ جوانکردن و ئاسانکردنی ژیانە، بۆ هاوسەنگ کردنەوەی ژیانە، نەک بۆ بەکارهینانی ئەو هێزە دژی تاکی کۆمەڵگە، بۆیە ژنۆلۆژی لەسەر ئەو بنەمایە کار ناکات، بەڵکو پێیوایە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ژێر هزری کولتووری خوداوەندییەتی دەکرێت، پێویستە تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێت، لەسەر بنەمای ڕەخنەکردنی ئەوهێزەی بەشێکی فێمینیست کار دەکات.

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: بەردەوام ڕەخنە لەسەر ئەو هزر و زانستەی فێمێنیست هەبووە، بەڵام ڕەخنەیەکی پەرتەوازە بووە لەسەر بزوتنەوە جیاوازەکانی فێمێنیست، نەیتوانیوە خزمەت بە سەرپێخستنی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی یەکانگیرانەی سیستەم بکات، ڕاستە نابێت بزوتنەوە جیاوازەکانی فێمێنیست لەیەک بچن، بەڵام پێویستە بە یەکگرتووانە کار بکەن و تێکۆشانەکانیان لەسەر بنەمای یەکگرتوو بێت، بۆ نمونە نابێت فێمێنیست لەسەر بنەمای نەتەوە پەرستی، ئاین پەرستی و هەر جیاکارییەکی دیکە خەبات بکات، کاتێک ژنێکی تورک خۆی بە فێمێنیست دەزانێت نابێت بێدەنگ بێت لە بەرامبەر چەوساندنەوەی ژنێکی کورددا.

 

کۆمەڵگە بزوتنەوەی فێمینیزم بە ڕێبازێکی تێکدەر بەناو دەکات

نەجیبە قەرەداغی وتی: هەر کە ناوی فێمینیزم دێت لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەراوێزبوون دروست دەبێت، چونکە کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە لەوەی لەم ناوچانەدا چیمان لەدەستداوە و بۆچی؟، بنەڕەتی ڕاستی ئێمە چییە و کاریگەری هزری جیاواز لەسەر کۆمەڵگە چی بووە؟، ئەگەر وردبینەوە دەبینین ئاین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە کردووە، بەڵام ناکرێت نە ڕووبەڕووی بینەوە نە پشتگوێی بخەین، بەڵکو دەبێت لێکۆڵینەوە بکەین کە ئاین بۆ خۆشی لە ژێر کاریگەری چیدا گەشەی کردووە، جگە لەوە پێویستە خوێندنەوە بۆ هزرە ئەفسانەییەکان بکرێت، جونکە کۆمەڵگە بە گشتی لە ژێر کاریگەری ئەم هزرە دایە، چونکە بەردەوام هزری کۆمەڵگەی دایکانە کە فێمینیزم خۆی بە خاوەنی دەزانێت، تادێت ڕووبەڕووی هێرشی سیستمی سەرمایەداری دەبێتەوە و بەرەو لەناوبوون دەچێت.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: فێمێنیستی ڕاستەقینە چۆن تێکۆشان دەکات دژی هزری چەقبەستوو و کۆمەڵگەی پیاسالاری، بە هەمان شێوە تێکۆشان دەکات بۆ سروشت، تێکۆشان دەکات بۆ ئەو داگیرکارییانەی دەکرێتە سەر جەستەی ژنێک، وەک ئەو تێکۆشانانەی دەیکات بۆ خاک و نەتەوەکەی، بۆیە پێکەوە کارکردنی سیستمی سەرمایەداری، سیستم و دەوڵەت بوونەتە تەڵەیەک کە ڕێکخراوە فێمێنیستەکان تێی کەتوون، بۆیە ئەگەر ژنێک درک بەو داگیرکارییە ڕیشەییە مێژووییە نەکات، کە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر بە ژن کراوە، درک بە ئازارەکان و کێشەکانی ژن ناکات، بۆ ئەوەش پێویستە ژن خودی خۆی بناسێت و ئاگاداری مێژووی بێت.