پانۆڕامای ٢٠٢٣؛ ژنانی ئەفغانستان لە دژی دەسەڵاتی تاڵیبان بەرخۆدانیان کرد

بەپێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان "لە هەر ١٠ ژنێک لە ئەفغانستان ٩ ژن بوونەتە بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی"، زۆربەی ئەو توندوتیژییانەش لەلایەن تاڵیبانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای جۆرج تاون بۆ ژنان، ئەفغانستان بە ناسەلامەتترین شوێنە بۆ ژنان.

کابول

 

زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان تێدەپەڕێت لە ئەفغانستان، لەو ماوەیەدا گەل دۆخێکی خراپتری بەسەردا هاتووە و بارودۆخی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت، ئەفغانستانیش لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ژنان و ڕۆژنامەنووسان و هەموو کۆمەڵگە.

 

ئاماری کێشەکانی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی یەک ساڵدا

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی-OCHA ڕایگەیانووە، زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، کە ٪٢٣ژن و ٪٥٤ منداڵ و ٪٨.٣ خاوەن پێداویستی تایبەتن.

 

ڕێکخراوی پاڵپشتیکاری میدیای ئازادی ئەفغانستان-NI لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا نووسیویەتی: "لەمساڵدا ١٢٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسانی ڕێکخراوەکەمان تۆمارکراون، کە ٪٨٠ی ئەو حاڵەتانە بریتین لە لێدان و سوکایەتیکردن، ڕەفتاری بێ پرەنسیپ و ئارەزوومەندانە".

 

حکومەتی پاکستان بڕیاری داوە یەک ملیۆن و ٧٣ هەزار کۆچبەری ئەفغانی کە لە وڵاتەکەیدا دەژین بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی دیپۆرت بکاتەوە، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی، ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ٢٨٠ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە پاکستان دیپۆرت کراونەتەوە.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا لە ئەیلولی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاندووە: لەمساڵدا نزیکەی ٣٣٠ تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان بەرهەم هێنراوە.

 

زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان

وەزارەتى کاروبارى زیندانەکان لە حکومەتى تاڵیبان ڕایگەیاند، نزیکەى ١٦ هەزار زیندانی لە سەرتاسەری زیندانەکانى ئەفغانستاندا هەن، کە هەزار و ١٩٤یان ژن، هەزار و ٤٢ منداڵى کوڕ، ٤٧ منداڵى کچ و ١٦ هاوڵاتی بیانىن کە پێنجیان ژنن، هەروەها ٤٠٠ ئەفغانی لە زیندانەکانی ئێران زیندانی کراون، بەڵام ئامارە ئاماژەی بەو کەسانە نەکردووە کە سەر بە حکومەتی پێشوو، ژنانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانن، کە زۆربەیەیان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەر بە تاڵیبانن و لە ژێر ئەشکەنجەدان.

 

کەرتی تەندروستی لەلایەن ئیدارەی تاڵیبانەوە پەکخراوە

لەماوەی گەشتەکانمان بۆ زۆرێک لە پارێزگاکان، بۆمان دەرکەوت کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ژیانی خەڵک لە هەموو بوارێکدا کاریگەری لەسەر بووە، بەتایبەتی بواری تەندروستی، تەنها لە سەنتەری شارەکاندا یەک یان دوو نەخۆشخانەی گشتی هەیە، لە شارۆچکە دوور و نزیکەکاندا هیچ بنکەیەکی خزمەتگوزاری تەندروستی نییەم ئەگەر شتێک هەبێت، ئەوا ڕووبەڕووی کەمیی کەرەستە و کارمەندی تەندروستی دەبنەوە، کە لە ماوەی ساڵێکدا و دوای دەسەڵاتی تاڵیبانیش خراپتر بووە، جگە لە تاوانەکانی دیکەی تاڵیبان، جیاکاریی ڕەگەزیشیان لە بەشی تەندروستیدا ئەنجامداوە.

 

لە بەیاننامەیەکدا، "رێکخراوی تەندروستی جیهانی" نووسیویەتی: ٨ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان، ڕووبەڕووی کەمی دارایی دەبنەوە لە کەرتی تەندروستیدا، ١٤ ملیۆن کەس لە حاڵەتی نائاسایی تەندروستیدان کە ٧.٥ ملیۆنیان منداڵن و ٣.١ ملیۆنیان ژنن، وەزیری تەندروستی گشتی ئەفغانستانیش بە سەرکردایەتیی تاڵیبان، قەلەندەر عیباد لە میانەی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکدا ڕایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدانی دایکان و منداڵان لەمساڵدا گەیشتووەتە ٢٥٦ کەس".

 

زیادبوونی کێشە دەروونییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا

بە وتەی بەڕێوەبەری یەکێک لە کلینیکەکانی چارەسەری دەروونی، لە ماوەی ساڵێکدا ژمارەی نەخۆشەکان زیادی کردووە و سەنتەرەکانی چارەسەری دەروونی بەهۆی کێشەی دارایی و ئەمنییەوە ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، هەروەها "رێکخراوی تەندروستی جیهانی" لە ڕۆژی جیهانی تەندروستی لە ئەفغانستان ڕایگەیاند: "ژن و منداڵانی ئەفغانستان بەهۆی بارودۆخی نالەباری دەروونییەوە باری دەروونیان باش نییە، نزیکەی ٪٣٩ی منداڵان ڕووبەڕووی کێشەی سۆزداری دەبنەوە، ٪٥٢ی منداڵان کێشەیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان هەیە، ٪١١.٥یش کێشەیان هەیە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانەیان بەهۆی کێشەی دەروونییەوە.

 

بەرزبوونەوەی ژمارەی خۆکوشتنی ژنان لە ئەفغانستان

لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیادی کردووە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بریتییە لە پێشخستنی بناژۆخوازی تاڵیبان و بیرۆکەی دژە ژن، لەگەڵ هۆکارەکانی تری وەک بێکاری، هەژاری، توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، هاوسەرگیری بەزۆری کچان لەگەڵ تاڵیبانەکان، زیادبوونی کێشە دەروونییەکان، ڕێگریکردن لە کارکردنی ژنان و لەدەستدانی خوێندن. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش "لە هەر ١٠ ژن لە ئەفغانستان ٩ ژن بوونەتە بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی"، زۆربەی ئەو توندوتیژییانە لەلایەن تاڵیبانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

 

لە تێکڕای ئەمساڵدا، ئاژانسی هەواڵی "زانیاریی ڕۆژ" بڵاویکردەوە: "کە ٢١٣ کەس خۆیان کوشتووە، کە ١١٠ کەسیان پیاون و ١٠٣ کەسیان ژنن، زۆرترین ژمارەیان ٣٨ کەسە لە پارێزگای فریاب".

 

ئاژانسی هەواڵی بەختار لە لێکۆڵینەوەیەکی یەک ساڵەی خۆیدا کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاند: ١٠٩ کەس خۆیان کوشتووە، لەو ژمارەیەش ٥٣ کەسیان ژنن و ٥٦ کەسیان پیاون، ئامارە بەرزەکانیش لە پارێزگای فریابەوەن.

 

دۆخی ژنانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ماوەی یەک ساڵدا

پەیمانگای جۆرجتاون بۆ ژنان و ئاشتی و ئاسایش ڕایگەیاند، ئەفغانستان بە نائاسایشترین شوێنی ژنان دادەنرێت لە نێوان ١٧٧ وڵاتدا"، سەرەڕای ئەوەش ژنان لە خەبات نەوەستاون و نائومێد نەبوون، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە زۆرینەی پارێزگاکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر دەنگیان بەرزکردووەتەوە، هەرچەندە بەشێکی زۆریان ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە، بەڵام بێ ترس بەردەوام بوون.

 

تاڵیبان هەموو ڕۆژێک یاساکانی دژ بە ژنان ڕادەگەیەنن، حیجاب بە ئیجباری ڕاگەیەندرا، ژنانی بێ کەسێکی پلە یەکیان مافی هاتووچۆیان نییە، دەیان بازگە لەسەر ڕێگای پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر هەیە و خەمی گەورەیان کەسی پلە یەکی ژنان و حیجابەکەیانە.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (UNAMA) و بەشی ژنانی ئەم ڕێکخراوە و ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشیان لە نێوان ٥٩٢ ژن لە ٢٢ پارێزگا ئەنجامداوە. دەرکەوتووە، "٪٦٩ی ژنان بە لەدەستدانی کار و خوێندنیان گۆشەگیر و دوورخراونەتەوە، زیاتر لە ٥٠ یاسا لە لایەن تاڵیبانەوە دژی ژنان دەرچووە".

 

ئاسایش لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان

لەگەڵ دامەزراندنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە ڕۆژانی یەکەمدا "لێبوردنی گشتی"یان ڕاگەیاند، وتیان: ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ کەسدا نییە،ئێستاش تاڵیبان و بەشێک لە لایەنگرانی ڕۆژانە ڕیکلام دەکەن کە ئاسایش لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا هەیە و حکومەت دەستی بە هەموو بەشەکانی ئەفغانستان دەگات، ئەگەر تەنها ڕێگە بە ژنانمان بدەن کار بکەن و بخوێنن، ئەفغانستان گوڵ دەکات.

 

بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت هەرگیز ناگوترێت، ڕێگەش نادەن میدیاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ڕاپۆرت لەسەر ئەو دۆخە بدەن کە دەگوزەرێت، لە زۆرینەی پارێزگاکان، هێزە سەربازییەکانی حکومەتی پێشوو، کە نەیانتوانی ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ شوێنێکی دیکە ببەن، شەوانە لەلایەن تاڵیبانەوە لە ماڵەکانیانەوە دەستگیر دەکرێن یان بەناوی "چەکداری نەناسراو" تیرۆر دەکرێن، ژیانی زۆرینەی ڕۆژنامەنووسانی ژن و پیاو لە مەترسیدایە، تەنانەت لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەدا دەگیرێن و لێدەدرێن و دەکوژرێن.

 

ژنانی ناڕازی لە ماڵەکانیانەوە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیانەوە کە پیاوێکە دەستگیر دەکرێن و دوای ئەشکەنجەدان و بەسەربردنی چەند مانگێک لە زیندان، لە بەرامبەر بێدەنگی و پێدانی بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لە زیندان ئازاد دەکرێن، کوشتنی زنجیرەیی ژنان و بەزۆر هاوسەرگیری کچانی تەمەن منداڵ و گەنج لەلایەن تاڵیبانەوە بووەتە شتێکی باو، لە باکووری وڵاتدا هێزەکانی داعش ڕۆژانە هێزیان زیاتر دەبێت، خۆکوشتن و تەقینەوە لە مزگەوتەکان و شوێنە وەرزشییەکان و شارەکاندا ڕوویداوە و ڕێگە نادرێت ئامار و هەواڵەکان بخرێنەڕوو، خەڵکی ئەفغانستان ئاسایشێکی وایان هەیە کە هەموو ڕۆژێک ئازار دەچێژن و تاڵیبانیش بەردەوامە لە ڕەخساندنی ئەو دۆخە.

 

کارەساتی سروشتی لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان

ئەمساڵ کارەساتی سروشتی لە ژمارەیەک پارێزگای ئەفغانستان ڕوویداوە، کە بەهۆی لافاو و بوومەلەرزەوە بە سەدان خێزان شوێنی حەوانەوە و گیانی ئازیزەکانیان و ماڵەکانیان لەدەستداوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە حکومەتی تاڵیبان ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و پارەیەکی زۆری بەناوی "قوربانییەکان"ەوە خستە گیرفانی خۆیەوە.