دۆخی کرێکارانی هەرێم؛ لە ٥ ساڵدا ٢٠٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

١٣٦ ساڵ بەسەر دیاریکردنی ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا دێت دۆخ و گوزەرانی کرێکاران خراپتر دەبێت، ئەگەرچی ئەوان داواین ٨ کاتژمێر کاریان دەکرد، بەڵام کرێکاران زیاتر کار دەکەن و موچەکانیشیان لە ئاست قورسی کارەکانیاندا نییە.

لاڤین مەحمود

 

سلێمانی- کرێکار، واتە کەسێك لە بەرامبەر کرێیەك وزە، ھێز و ساتەکانی ژیانی دەفرۆشیێت و بەوهۆیەوە دەسەلاتداربوون و سەروەربوونی کەسێیکی دیکە دەسەلمێنێت، لە کاتێکدا کرێکار ئەو هێزە گرنگ و گەورەیەیی مرۆڤایەتییە، لە پرۆسەیەکی ئێجگار ئاڵۆزی کارکردندا بە پانتایی جیهان، ڕۆژانە کار دەکات و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان دەچەرخێنێت ‌و ژیان دەخوڵقێنێت‌، تەکنەلۆژیا گەشە پێدەدات و سەرتاپای سەکتەرەکانی بەرهەمهێنان ‌و بنیادنانی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی لەژێر هەژموونی هێزی کاری ئەم چینەدایە.

 

لە ڕێگای کار و ڕەنجی ئەم چینی کرێکارەوە ڕۆژانە کارەکان بەڕێودەچن، لەسەر هێزی شان ‌و بازووی ئەو چینە ژیان بەرەو شارستانییەت هەنگاو دەنێت.

 

لەنێو کۆمەڵەكانی رابردوودا، ئەوەی لە دەرەوەی ماڵ و کێڵگە و شوانی کاری بکردایە، کرێکار بوو مەبەستیش کاری رۆژانە بوو، بە تێپەڕینی کات، چینی کرێکاران بەشی دیکەی بۆ زیادبوون، کە تەنها لە وەستا و شاگردی تەلارسازییەوە نەوەستا، بەڵکو کرێکارانی کارگە و کرێکارانی خزمەتگوزاری بۆ زیادبوون، ئەم زیادبوونەوەش هیچی لە کرێگرتەیی توێژە پڕۆلیتارەکان بەتایبەت چینی کرێکار ھیچی نەگۆڕی، بەڵکو زنجیرەکانی دەستی ئەوانی ئەستوورتر کردووە، چونکە پێداویستی مانەوەی سیستەمی دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە ئەوە دەخوازێت، کە کرێکاران لەبەر ھەستیاری پێگەی چینایەتییان لەنێو بەرھەمھێنان، زیاتر بەند بکات و جوڵە و وزەیان لەبەر ببڕێت.

 

سیستمی سەرمایەداری لە قەیرانی گەورەدایە

ئێستا لە هەموو کات زیاتر سیستەمی سەرمایەداری و بە جیهانیبوون لە ڕووی کێشە و پرسە مرۆییەکاندا لە قەیراندایە، تادێت نادادپەروەری و جیاوازی چینایەتی قوڵتر دەبێتەوە، بێکاری و برسێتی تەنگی بە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان و وڵاتان هەڵچنیووە، رێژەی بێکاری و هەژاری لە هەر کاتێک زیاترە، هاوکات لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی پەیوەستبونێکی هەرەمەکیانە بە ئابوری بازاری ئازاد و قۆرخکردنی ئەو بازارە لەلایەن کەسانی پشتبەستوو بە دەسەڵات بووەتە مایەیی بێسەروبەری و پشێوی زۆری ئابووری، کە هۆکارەکەی گەندەڵییەکی لە ڕادەبەدەر و نادادیەکی کۆمەڵایەتی و جیاوازی چیانایەتی زۆر زیاتر کردووە، شەڕ و قەیران، نەخۆشی، نەبوونی مووچە و هەموو ئەمانە لە رێگای کرێکار دایە، قوتی کرێکار لە بەرژەوەندی زەبەلاحدا ململانێی مەرگ دەکات و ئاوڕێک لە چینی کرێکاران نەدراوەتەوە.

 

 لە ماوەی ٥ ساڵدا ٢٠٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لە ماوەی پێنج ساڵدا، ٢٠١٧-٢٠٢٢ نزیکەی ٢٠٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، بەپێی ئەو سیستمەشی کە هەیە هیچ یەکێک لە کرێکاران بیمەی پاراستنی ژیانیان نییە.

 

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ٢٠١٧دا ١٦ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٥ کرێکار و لە ساڵێ ٢٠١٩دا ٣٨ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

 

هەر بەپێی ئامارەکانی سەندیکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٥ کرێکار و لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨٠ کرێکار بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٩ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، بە پێی ئەم ئامارەش نزیکەی ٢٠٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.

 

دۆخەکە دەبێت بۆ ژنانی کرێکار چۆن بێت؟

بێگومان لە ھەر وڵات و کۆمەڵگایەک چینی کرێکار و ھەژار و فەقیر، لە ڕیزی ئەو لایەنانەن کە زۆرترین خەسار و زیانیان بەردەکەوێت و زوڵمیان لێ دەکرێت، رێژەیەکی بەرچاو لەم لایەنانە کە لە ڕاستیدا نیوەی کۆمەڵگای جیھانیش بە گشتی پێکدێنن، ژنانن، ژنێک کە ھەر لە دەستپێکی بەدیھاتنی مرۆڤایەتییەوە خۆی دروستکەری کۆمەڵگا بووە، بەڵام تەواوی رەنج و ماندبوونیان بێ نرخ کراوە و لەو ئاست و شوێنە پەسەند ناکرێت کە شایان و شیاویەتی کار بکات.

 

کرێکارێکی ژن لە دوو لاوە زڵمی لێدەکرێت و مافی پێشێلدەکرێت، ھەم وەک کرێکارێک دەچەوسێنرێتەوە، ھەمیش وەک ژنێک، ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی کرێکار لە شار و گوندە جیاجیاکانی کوردستان بە گەرمای ھاوین و سەرمای زستان لە لایەکەوە سەرجەم کارەکانی ناو ماڵ دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە ھەر لە بەیانی ھەتا ئێوارە لە کێڵگە، کارگە، ناوەندە جیاوازەکانی بازرگانیدا کاردەکەن، ژنانی ڕەنجکێشیش ئاماژە بەوەدەکەن کە لەکاتی کارکردندا جیاوازییان لەگەڵ دەکرێت و خاوەنکار پێی وایە ئەو کارەی پیاوان دەیکەن، ژنان ناتوانن ئەنجامی بدەن و مووچەی کەمتر و کاتی زیاتر کاریان پێدەکرێت.