ماددەی هۆشبەر، دڕندەترکردنی پیاو بۆ ئازاردانی ژنان
زۆربوونی ماددەی هۆشبەر لە جیهان و ناوچەکەدا دۆخێکی مەترسیداری دروست کردووەو ئەو عەقڵییەتەی کە ئێش و ئازار دەداتە ژنان ئەوەندەی تر دڕندانەتر بووە لە بەرامبەر ژیانی ژنان.
لاڤە کوردە
سلێمانی- بەکارهێنان و ئاڵودەبون بە ماددە هۆشبەرەکان كێشەیەکی ياسايی و كۆمەڵایەتی و ئابووریە لە جيهان، لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردەو ئێستا بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو کۆمەڵگەدا بوونی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگەو لێکترازاندنی خێزان و پەرتەوازەبوونی گەنجان بەلاڕێداچوونیان، ماددە هۆشبەرەکان کە لە ڕابردوودا تەنها لەناو گەنجاندا بڵاوببووەوە ئێستا لە ناو تەمەنە جیاەوازەکاندا بەکاردەهێندرێت.
ماددەی هۆشبەر بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگەی کورد
وتەیەک هەیە دەڵێت "ئەگەر ویستت کۆمەڵگەیەک لەناوببەیت تەنها ماددەی هۆشبەری تێدا بڵاوبکەرەوە" ئەم وتەیە ئێستا لەسەر کۆمەڵگەی کوردی جێبەجێدەکرێت و هەوڵ دەدرێت تاک بە تاکی کورد لەناوببرێت، چونکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر کۆمەڵگە بە ئاڕاستەکی تردا دەڕوات و خەڵک هۆشیان لەدەست دەچێت و بێئاگا دەبن لەو کێشەو قەیرانانەی کە بوونی هەیە، بێئاگا لەوەی ماددەی هۆشبەر وێرانکردنی ژیانی بەدواوەیەو بێئاگا دەبن لە هێرش و داگیرکاری سەر خاک و قەیرانی ئابوری و ئەو قەیرانانەی کە بەسەر گەل و خەڵکدا هێنراوە.
ئەگەر سەرنج بدەین ئیران و تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەبڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەرێمی کوردستانیان کردووەتە بازاڕی ساغکردنەوەی ئەو ماددەیە و بازرگانیپێکردنی بۆ شارەکانی خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێی عێراق، ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە باشوری کوردستان و عیراق بوونەتە ناوەندێکی سەرەکی بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
ماددەی هۆشبەر، عێراق و باشوری کوردستانی تەنیووە
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢، ٨٨ تۆمەتبار دەستگیرکراون کە مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە یان کڕین و فرۆشتنیان پێکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرایكرد، لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢، ١٢ هەزار و ٣٠٠ كەس لەسەر بەكارهێنان و بازرگانیكردن و برەودان بە ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون، بەوتەی ئەو وەزارەتە ناوەندەكانی چارسەر بەراورد بە ئالودەبوان زۆر كەمە، سەرچاوەكانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەیان بەوە كردووە، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر، ساڵانە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار قازانج دەداتە دەستی بازرگانەكانی ئەو بوارە، ئەوەش هۆكارێكی دیكەی تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەیەتی.
موسڵ بە نمونە، لەکاتی کەوتنەدەستی داعش و دواتر ئازادکردنی و کەوتنە دەست چەكدارانی حەشدی شەعبی ناوچەكە بووە بە یەكێك لە دیارترین شوێنەكانی عێراق كە نوقمی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر و بەكارهێنانی بووە، گروپە چەكدارەكان خۆیان ئەو بازرگانییە دەكەن، هێزە ئەمنییەكانیش ناتوانن كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و بازرگانەكان دەستگیر بكەن، ئەمە جگە لە بڵاوبونەوەی بێكاری و پاشەكشێی دامەزراوە پەروەردەییەكان، نەبونی ڕۆڵی كۆمەڵگەی مەدەنی و كاریگەریی لەسەر شارەكە و ناوچەكانی دەوروبەری، هۆكارەكانی خولقانی ئەو دۆخەن.
بەپێی پێوەرەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی "WHO"، عێراق پێش ساڵی ٢٠٠٣ یەكێك بووە لە پاكترین وڵاتانی جیهان لەڕووی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و ئالودەبوون پێوەی، بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا، بەڵام لەوە بەدوا عێراقێک دروست بووە کە ڕۆژانە ژمارەی بەکارهێنەران و بازرگانان زیاد دەکات.
ماددەی هۆشبەر بۆ درێژەدان بە عەقڵییەتی پیاوانی دڕندە
بەشێوەکی گشتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کاریگەری زۆر خراپی هەیە لە سەر لاشەی بەکارهێنەر تەنانەت لەسەر دەرونی کەسەکەش زۆرە، هەربۆیە کەسێکی توندوتیژ و دڕندەو بێئاگا لە ڕەفتارەکانی دروست دەبێت، زیانێکی یەکجار زۆر بەجێ دەهێڵێت لە ڕووی دەروونی و هزری و کۆمەڵایەتی وا لەمرۆڤ دەکات تووشی ڕق لێبوونەوەو دروست بوونی دڵەڕاوکێ و ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی خێزان کە هۆکارێکە بۆ زیاتر پەرتەوازەبوونی پەیوەندی خێزانی و کێشەی جیابوونەوە، هەروەها دەبێتە هۆی کەمتەرخەمی لە ژیان و دواکەوتن لە خوێندن و دروست بوونی کەسایەتی شەڕانگێز، لەدەست دانی بەها مرۆڤایەتیەکان و جگە لە زیانە ئابووریەکەی ئەویش بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لەپێناوی.
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زۆر جار دەبێتە ئامڕازێک بۆ ئەنجامدانی تاوان و ئارەزووی ئەنجامدانی تاوان زیاتر دەکات لەوانە تاوانی کوشتن، دزی و دەستدرێژی، لێرەدا چەند نمونەیەک لە تاوانی کوشتن دەخەینەڕوو.
لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٩، لە گوندی توڕەقی سەر بە هەولێر، كوڕێك دایكە ٥٢ ساڵەكەی بەردباران کرد و کوشتی، دوای ڕووداوەکە پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد کە گەنجەكە ماوەی كەمتر لە مانگێك بووە لە زیندان ئازاد كراوە كە بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كرابوو.
لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، باوکێک لە شارۆچکەی ئامرلی لە خورماتوو منداڵێکی خۆت کوشت و بەپێی وتەی پۆلیس ئەو باوکە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە.
لە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە شاری هەولێر باوکێک کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە کچە تەمەن ١٥ ساڵانەکەی خۆی بە دڕندانەترین شێوە کە نینۆکەکانی دەرهێناوەو ڕوخساری شێواندووەو پاشان بە پانکەدا هەڵیواسیوە کوشت، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو بکوژە لە پینج بنكەی پۆلیسی شاری هەولێر حەوت فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە، بەڵام تا دوای کوشتنی کچەکەی دەستگیر نەکراوە.
لەبەرئەوەی بەکارهێنەران زیاتر لە ڕەگەزی نێرن، دەبینین ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدەن بۆ سەر ژنانە، کە هاوژین، کچەکانیان، دایک و خوشکیانن، بەشێوەیەک تاوانی کوشتنیان لە بەرامبەر ئەنجام دەدەن و درێژە بەو عەقڵیەتە دەدەن کە هەمیشە هێرش دەکاتە سەر ژنان و ژیانیان لە دەستێننەوە.
سەرەڕای هەبوونی ئەو ژمارە لەڕادەبەدەرەی بەکارهێنەرو بازرگانی ماددەی هۆشبەر و ئەنجامدانی تاوان، دەسەڵاتداران و حکومەتەکان هیچ کات بە ئاڕاستەی چارەسەری ئالودەبوان و ڕێگەگرتن لەو جۆرە بازرگانییە هەنگاویان نەناوە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەیانەوێت کۆمەڵگەیەکی بێهۆش بێتە بوون.