لۆزان؛ پەیمانی دابەشکردنی کورد و لەدەستدانی فەرهەنگی یەکڕیزیی گەلان

پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ لە قەڵای ئۆشی، کە قەڵایەکی مێژوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی ١٣ و بووە قەڵای لەناوبردنی شۆڕشگێران، لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆ کرا و بووە دابەشکردنی خاکی کوردان و یەکڕیزی گەلان و فەرهەنگی کوردیش پارچە کرا.

لەنجە خورشید

 

ناوەندی هەواڵ- پەیمانی لۆزان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە هۆی لەدەستدانی فەرهەنگی یەکڕیزیی گەلان و پچڕانێکی مێژوویی، گەلی کوردیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد و سنووریان بۆ کێشا، بەم دەستێوەردانە چەمکی دەوڵەت–نەتەوە هاتە گۆڕەپانەوە و سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کورد دەستیپێکرد.

 

لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ كۆنگرەی لۆزان لە نێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، سربیا و توركیا بەڕێوەچوو، جگە لەوەش وڵاتانی ئۆکراینا و جۆرجیا و بولگاریا ئەندامی بەشداربووی کۆنگرەکە بوون.

 

لەسەر پێشنیاری تورکیا، لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٣دا، قۆناغی دووەمی کۆنگرەی لۆزان دەستی پێکرد و لە ئەنجامدا لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ پەیمانی لوزان لە قەڵای ئۆشی، “قەڵای مێژوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی ١٣، کە بووە قەڵای لەناوبردنی شۆڕشگێران" لە شاری لۆزانی سویسرا، لە نێوان شاندی تورکیا و وڵاتانی هاوپەیمانی واژۆ کرا، ئەم ڕێکەوتنەش لە دژی ڕێکەوتنی سیڤەر بوو، کە لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ واژۆکرا و دەسەڵاتدارانی عوسمانی و ئینگلتەرا و وڵاتانی دیکە بە فەرمی کوردیان وەک نەتەوە ناساند، لە بەرامبەردا ئەتاتورک سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاند کە ڕێکەوتننامەکەیان واژۆ کردووە، هەموو هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەوە بوو کەڕێککەوتنی سیڤەر نەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بەم جۆرە لە دەرەوەی ئیرادەی نەتەوەی کورد، نەخشەی ناوچەکە کێشرایەوە، میللەتی كورد و نیشتمانەكەی بۆ دووەم جار لە مێژوودا دابەشکرایەوە، کە وەک نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی قەسری شیرین لە دوو بەشەوە کرایە چوار بەش و کوردستان بوو بە وڵاتێکی کۆلۆنیالی نێودەوڵەتی و بەڵێنی ئۆتۆنۆمی بە کورد درا، بەڵام دواتر خرایە دەرەوەی ڕێککەوتنەکان.

 

پرسی کورد بە یاسای بنەڕەتی ساڵی ١٩٢١ دیاری کرابوو، کە چارەسەر دەکرێت، بەڵام بە یاسای بنەڕەتی ساڵی ١٩٢٤، كێشەی كورد و بوونی كورد نكۆڵی لێكرا، دوای یاساکەش، دەستیانکرد بە نکۆڵیکردن و کۆچ پێکردن و کوشتنی کوردان و وێرانکردنی کوردستان.

 

ئەگەرچی بەم ڕێکەوتنە ڕایانگەیاند، کورد و تورک یەک پارچەن، بەڵام لە حەقیقەتدا ١٠١ ساڵە دژ بەمە هەنگاو دەنرێت، لە بەرامبەریشدا کورد بە دەیان سەرهەڵدان و شۆڕشی بەرپا کردووە، لەوانە، شۆڕشی سێخ سەعید، شۆڕشی ئاگری-زیلان و شۆڕشی دەرسیم لە دیارترین ئەو سەرهەڵدانانەن کە کورد ئەنجامیدا، دەوڵەتی تورکیش هەوڵیدا بە کۆمەڵکوژکردن کوردەکان بێدەنگ بکات، کۆمەڵکوژیی دەرسیم-یش دیارتریین نموونەیە، کە ئەتاتۆرک لە شاری دەرسیم-ی باکوری کوردستان ئەنجامیدا و ٧٠ هەزار کوردی عەلەویی کۆمەڵکوژ کرد.

 

کاتێک ڕێککەوتنی لۆزان کرا، کورد لە ڕووی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە دەسەڵات و ڕێکخستنی نەبوو، سەرباری ئەوەش هەتا ئەمڕۆ پەیمانی لۆزانی قبوڵ نەکردووە و دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، قۆناغێکی نوێ بۆ کورد دەستیپێکرد، پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، لەگەڵ ئەم سەرهەڵدانە نوێیەدا فشاری سەربازی بۆ سەر کورد زیاتر بوو، هەزاران گوند سووتان، بە ملیۆنان کوردیش کۆچیان پێکرا.

 

ئەردۆغان بە دروشمی هەموو شتێک لەپێناو تورک و تورکیادا، پەیماننامەی میساقی میللی و گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی عوسمانی هێنایە ڕۆژەڤەوە، لە هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێ لە ڕێی چەتەکانی داعشەوە و پاشان داگیرکردنی ڕاستەوخۆی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و کاولکردن و کۆمەڵکوژی ناوچەکانی سوری ئامەد، جزیرە، سلۆپی و چەندین دەڤەری باکووری کوردستان، دەستوەردان لە کەرکوک و موسڵ، کردنەوەی بارەگای سەربازی نوێی لە نزیک موسڵ و هەرێمی کوردستان، دروستکردنی هێزی چەکداری لە تورکمان و سوونەکانی عێراق و ناردنی هێز بۆ سوریا و لیبیا پیلانە مەترسیدارەکەی بە کرداریی کرد.

 

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە هەڵسەنگاندن و شیکارییەکانیدا، ڕێککەوتنی لۆزانی بە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم پێناسە کردووە و دەڵێت: لۆزان تەنیا کاریگەری لەسەر کورد نییە، بەڵکو بە قەد بۆمبی ئەتۆمی کاریگەری لەسەر گەلی عەرەب و عەجەم و تورکیش هەیە.

 

ئەگەرچی ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقیع رێککەوتننامەی لۆزان لەناوچووە، بەڵام ئەم پەیمانە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و دەبێت لە چوارچێوەیەکی فراوان و چەمکی دادپەروەریی نێودەوڵەتیدا لێکبدرێتەوە.

 

ئێستا ئەردۆغان بە خەونەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ کاردەکات، بەڵام پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئۆجالان، کە بە کۆنفیدڕاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسەی دەکات، ڕێگری لە لۆزانی دووەم دەکات و مێژوو دەریخست، لۆزان هەڵە و نادادییەک بوو، کە کورد فڕێی دەداتە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە.