لە سنوری ئیبراهیم خەلیل تورکیا بە بیانووی بوومەلەرزە خەڵک ناچار بە پارەدان دەکات

کارە زۆردارییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامی هەیە و لەسەر سنوری نێوان باشووری کوردستان بۆ باکووری کوردستان بەناوی ڕێکخراوی خێرخوازییەوە هاوڵاتیان ناچار بە پارەدان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پلانی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر خەڵکدا هەرگیز کۆتایی نایەت و هەمیشە دەرفەت دەدۆزێتەوە بۆ پتەوکردنی دەوڵەت و حکومەتەکەی لەسەر بنەمای خەڵک، دەوڵەتی تورکیا جگە لە باج و سەرانەی ناو شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و بەکارهێنانی ئابووری هەرێمی کوردستان لە خزمەتی خۆیدا، هەوڵ دەدات بە زۆرەملێ دەروازە سنورییەکانی وڵاتەکەشی بە بیانووی جۆراوجۆر پارە لە خەڵک بستێنێت و ئابووری وڵاتەکەی پێ دەوڵەمەند بکات.

 

بە پێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی نوژنها لە گەشتیارێکی وەرگرتووە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێت، لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل، لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە بە ناوی "بەخشین" بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ئەمساڵ، کە ناوەندەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، بە زۆرەملێ پارە لە گەشتیار و شۆفێران وەردەگرێت.

 

لەوبارەیەوە نوژنها بەدواداچوونی کرد، دەرکەوت، دەوڵەتی تورک بوومەلەرزەکەی کردووەتە بیانوو و تا بە ناوی "بەخشین" بۆ زیانلیکەوتووانی بوومەلەرزە، لەلایەن ڕێکخراوی بەناو خێرخوازیییەوە، لەسەر پسوڵەیەک کە ناوی "کۆمەڵەی هاوکاری و هاوپشتی کۆمەڵایەتی کولتووری کۆمەڵایەتی شرناخ"ی لەسەرە، لە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل لە نێوان باشووری کوردستان بۆ باکووری کوردستان، خەڵک ناچار بە پارەدان دەکات و لە هەر ئۆتۆمبێلێک، کە تابلۆی عێراق بێت و لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە تورکیا، بڕی ٢٠٠ لیرە وەردەگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە بۆچییە، تا خەڵکەکە سەرپشک بێت لەوەی ئایا دەبەخشێت یان نا، کاتێک ئۆتۆمبێل تێپەڕ دەبێت لە کابینەیەکدا کە کەسێک دانیشتووە داوای بڕە پارەکە دەکات و پسوڵەیەک دەداتە ئۆتۆمبێلەکە.

 

لە کاتێکدا بەخشین نابێت بڕەکەی دیاری بکرێت و هەر کەسێک سەر پشکە چەندە دەبەخشێت، بەڵام ئەم ڕێکخراوەی دەوڵەتی تورک کە بە ناوی خێرخوازییەوە دانراوە، بڕی بەخشینەکەی دیاری کردووە و هەموو ئۆتۆمبێلێک، تایبەت و بارهەڵگر، ناچار بە پێدانی ٢٠٠ لیرە دەکات، دەوترێت ئەگەر ئەو شۆفێرانە بڕە پارە نەدەن، ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو تورکیاوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە دەوڵەتی تورک بە وسیتی خۆی کردارەکانی لە بەرامبەر خەڵک جێبەجێ دەکات.

 

کارەساتی بوومەلەرزە دەرفەت بوو بۆ دەوڵەتی تورک

بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە بووە هۆی وێرانبوونی دەیان شاری باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا، تا ئێستاش ئەو ناوچانە بە وێرانی ماونەتەوە و زیانلێکەوتووان هەمیشە لە چاوەڕوانی یارمەتی حکومەتی تورکیادان، سەرەڕای ئەوەی بەناوی بوومەلەرزەکەوە حکومەتی تورکیا هاوکارییەکی زۆری لە وڵاتان کۆکردووەتەوە، بەڵام وەک پێویست خزمەتی زیانلێکەوتووانی نەکردووە و هاوکارییان ناکات، لە سنووری ئیبراهیم خەلیلیش لە دوای کارەساتەکەوە هەر بە ناوی هاوکاری و کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە پارە کۆدەکاتەوە، بەڵام زیانلێکەوتووان لە ناوچەکانی بوومەلەرزە لەسەر شەقامن و تەنانەت چادر و کابینەشیان بۆ دابین نەکراوە، نە ئاوی پێویست نە خۆراک و نە هاوکاری دیکەش بەردەستە.

 

بەپێی بانکی جیهانی لە تورکیا، بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر ۱۱ پارێزگا هەبووە و ڕێژەی ۱٦.٤% دانیشتوانی تورکیا زیانی ۳٤.۲ ملیار دۆلاریان بەرکەوتووە، هاوڵاتیان بۆ دروستکردنەوەی ژیان و بونیادنانەوەی ماڵەکانیان پێویستییان بە دوو ئەوەندە هەیە، بەڵام حکومەت پشتگوێی خستوون و دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا هاوکاری پێشکەش نەکردووە، ئەو چادر و کابینانەشی دراون بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە زیانلێکەوتووان هی وڵاتانە کە هاوکار بوون، لە بەرامبەردا جگە لە دزینی هاوکاریی و کۆمەکەکان، دەسەڵاتی ئاکەپە خۆی هیچ خزمەتگوزارییەکی دابین نەکردووە و تەنها دەست پان دەکاتەوە کۆمەک وەربگرێت و هەموو ڕێگەیەکی کۆمەک کردن بەکار دەهێنێت.

 

 

تورکیا خاوەن ئابوورییەکی داڕماوە و وایلێهاتووە بەردەوام چاوی لە هاوکاری دەوڵەتان بێت و ئابووری هەرێمی کوردستانیش بەکاردەهێنێت، خەڵکەکەشی لەدوای بوومەلەزە تادێت ڕەوشیان خراپتر دەبێت و ئەو هاوکاریانەشی بەناوی زیانلێکەوتووان کۆدەکرێنەوە، لە خزمەت دەسەڵاتدایە نەک خەڵک، وەرگرتنی پارە و دیاریکردنی پسوڵەیەکی ٢٠٠ لیرەیی لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل بە بەرچاوی جیهانەوە ڕوودەدات و هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە دۆخی خەڵک و سەندنی سەرانەی بەزۆر نایەتە دەنگ.