ئەو فەرمانەی کە بەسەر ژنانی ئێزدیدا هات و ڕابوونی دواتر...٣

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، فەرمانی ٧٤ بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات، ریهام حەجۆ، ئه‌ندامی هه‌ماهه‌نگیی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ژنانی ئێزدی، باسی ئەو ڕووداوانە دەکات کە ڕووبەڕووی ژنانی ئێزدی بووەوە.

دۆخی ژنانی ئێزدی و ئەو ژنانی لە دەستی داعش ڕزگاریان بوو

ستی ڕۆژ

 

شەنگال- ڕیهام حەجۆ بە وتی: "٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشی جینۆساید لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی بەڕێوەچوو، زیندووترین شاهیدی ئەو کۆمەڵکوژی و دڕندەییە ئەو ژنانەن کە لەلایەن داعشەوە دیل کراون و رزگارکراون''، سەبارەت بە خەباتی تەڤگەری ژنان لەپێناو ئەو ژنانەی کە ئازادکراون و تا ئێستاش بە دیل گیراون درێژەی بە قسەکانیدا و وتی:

 

"تاژێ وەک تەڤگەرێکی ژنان ماندوو نەناسانە کار دەکەین بۆ رزگارکردنی ژنانی دیل، تا ئەمڕۆش ئەوەی لەم بوارەدا کردوومانە تا کۆتایی کارەکانمان بەردەوام دەبین. ئێمە پەیوەندیمان بە خێزانی ژنە دیلەکانەوە کرد، بەدواداچوونمان بۆ هەموو زانیارییەک کرد سەبارەت بە شوێنپێی دیلەکان. کاتێک سنووری ڕۆژئاوا کراوە بوو، پەیوەندیمان لەگەڵ کۆنگرەی ستار و قەسەدە هەبوو و پێکەوە کارمان کرد بۆ ڕزگارکردنی ژنانی دیل. بەو پێیەی داعش زۆربەی ئەو ژنانەی بردووە بۆ ڕەققە و تەبقە و ئەو ناوچانە، ڕۆڵی قەسەدە لە ڕزگارکردنیان زیاتر بوو. تا ئێستا ئێمە لەگەڵ قەسەدە پەیوەندیمان هەیە و لەم بابەتەدا زۆر یارمەتیان داین، ماوەیەک پێش ئێستا ئاگادارکراینەوە کە ژنێکی دیل رزگارکراوە، بەڵام نەیانتوانی بپەڕنەوە بۆ شنگال. عێراق یارمەتیدەر نییە بۆ تێپەڕاندنی دیلەکان. ئێمە لەم بوارەدا زۆرترین سەختیمان هەیە. حكومه‌تی عێراق له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌م بابه‌ته‌دا ئاسته‌نگ بووه‌ و تا ئه‌مڕۆش هه‌مان سیاسه‌ت به‌رده‌وامه‌.

 

 پرسێکی تریش هەیە کە پێویستە گرنگی پێبدەین، کە هێزە نێودەوڵەتییەکانە، بە مەبەستی بڵاوەپێکردنی شایەتحاڵەکانی فەرمانەکە و لابردنی شوێنەواری ڕووداوە ڕاستەقینەکان، بازاڕی لەسەر ژنانی ڕزگاربوو بەڕێوەدەبەن، دوای رزگارکردنی ئەو ژنانە، وڵاتانی ئەوروپا چوونەتە پێشبڕکێی ئەوەی کە بیانبەنە وڵاتی خۆیان. هەر ژنێک بچێت دەتوانێت خێزانێک لەگەڵ خۆیدا ببات، هەروەها هەموو خێزانێک دەتوانێت خێزانێکی دیکە لەگەڵ خۆیدا ببات. ئەمەش واتە دەیانەوێت شەنگال بەبێ ئێزدی بهێڵنەوە، لە شەنگال بەرخۆدان هەبوو و چەندین شەهید گیانیان لەدەستدا بۆ رزگارکردنی ژنان لەدەستی داعش. وڵاتانی ئەوروپا ئەمە نابینن و ئەو ژنانەی رزگار دەکرێن بەخێرایی بەرەو ئەوروپا دەیانبەن، نەمسا و کەنەدا و هۆڵەندا و چەندین وڵاتی تر ئەم ژنانە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دوور دەخەنەوە. بەمشێوەیە دەیانەوێت لە ژێر سێبەری خۆیاندا شایەتحاڵەکانی جینۆساید سەرکوت بکەن. لە ڕێگەی ئەو دیلانەی کە ڕزگار دەکرێن، تۆڕەکانی کۆچبەرکردنی مرۆڤەکان دەردەکەون، ئێمە وەک تاژێ دەمانەوێت لەم بابەتەدا لەگەڵ عێراق پێکەوە کاربکەین. ئێمە دەزانین هەندێک لەو دیلانە بۆ کام وڵات بردراون و هەوڵدەدەین بگەینە ئەوان، سەردانی هەموو کونسوڵخانەکانمان کرد و پێمان گوتن کە 'نابێت ژنانی دیل ببەن، با لە وڵاتەکەی خۆیان بمێننەوە و باوەڕی خۆیان پەیڕەو بکەن'، بەڵام کەس گوێی لێ نەگرتین، لە بەرامبەر داواکارییەکانمان بێدەنگن.

 

*لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لە شەنگال ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە و ٦ هەزار هێزی بەرگری ناوخۆیی و دەرەكی سەر بە عێراق هەبوون.

*٣٦٠ هەزار کەس لە شەنگالەوە ناچاربوون کۆچ بکەن.

*٢٠٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە بۆ باشووری کوردستان.

*١٠ هەزار کەس چوون بۆ وڵاتانی ئەوروپا

*٣٥٠٤ ژن، ٢٨٦٩ پیاو كەوتوونەتە دەست داعش. تا ئێستا ژمارەی منداڵەکان نەزانراوە.

*تا ئێستا ١١٨٨ ژن، ٣٣٧ پیاو، ١٠٢٠ كچ، ٩٣٥ كوڕ رزگاركراون.

*لەو ژنە رزگاركراوانە، ١٥٠ كەسیان لە شنگال دەژین، ژمارەیەكی كەمیش لە كامپەكاندا ماونەتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی چوون بۆ ئەوروپا زۆرە.

*١٣٤٠ ژن، ١٥٩٧ پیاو هێشتا لە دەستی داعشدان.

*لە شەنگال ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاکەکەسی هەیە.

*ژمارەی منداڵە بێ دایک و باوکەکانی دوای فەرمانەکە ٢١٦٦ منداڵە.

*٦ ناوچەی پیرۆزی باوەڕی ئێزدییەکان وێران کران.

 

هۆکار چیە کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناناسێنرێت؟

 شەنگال ناوچەیەکی سەر بە عێراقە، لە خاکی عێراقدایە، لە شوێنێکی ژێر سەرپەرشتی ئەو، فەرمانێک ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق ئەو فەرمانەی پەسەند نەکردووە. زۆر پەرلەمانتار هەن پەنجەیان لە فەرمانەکەدایە و کاتێک عێراق ئەمە وەک فەرمانێک قبوڵ بکات، پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. بەهۆی ئەوەوە خەڵکی تاوانبار هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەم بابەتە لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا نەبێت. ئێمە پێداگری دەکەین کە ئەو جینۆسایدە لە دژی گەلی ئێزدی ئەنجامدراوە لە پەرلەمانی عێراق وەک جینۆساید قبوڵ بکرێت. ئەگەر عێراق ڕازی بێت، هەموو وڵاتانی جیهان ڕازی دەبن کە ئەمە جینۆسایدە. ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا، به‌لجیکا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆمەڵکوژی دژ به‌ ئێزدیان به‌ جینۆساید به‌ فه‌رمی ناساند.

 

ئەم وڵاتانە بە جینۆساید دانیان پێدانان بەڵام ئەمە تەنها لەسەر مێز بوو، ئەو کارانەی کە دەبوو بکرایە نەکران. تورکیا هەموو ڕۆژێک بۆردومانی شەنگال دەکات و پێشەنگ و منداڵان دەکاتە ئامانج، داننان بە جینۆساید بە واتای ڕاگرتنی سیاسەتی جینۆسایدیش دێت.