شادان مەدحەت: وردەکاری لە بونیادنانی باڵەخانەکان سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانە

هەژمارکردنی هێزی بوومەلەرزە لەو ناوچانەی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن، خاڵێکی گرنگە بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان، بەهۆیەوەی هاوڵاتان ژیانیان سەلامەت دەبێت، بەڵام ئەم خاڵە لە کوردستاندا جێبەجێناکرێت

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە دروستکردنی باڵەخانەکاندا چەندین پێوەر هەن بۆ ئەوەی باڵەخانەیەکی تۆکمە دەرچێت و ڕووبەڕووی کارەساتە سروشتییەکان ببێتەوە، لەوانە هەژمارکردنی هێزی بوومەلەرزە لەسەر ئەو ناوچانەی باڵەخانەکەی لەسەر بونیاد دەنرێت، دڵنیای جۆری بۆ ئەو ماددانەی بەکاردەهێنرێن و زانیاری ئەندازیارەکە کە هێزی بوومەلەرزە لەو ناوچانەدا چەندن و دانانی کۆدی گەنجاو بۆ دیزاینکردنی باڵەخانەکان.

 

بەڵام لە هەندێک ناوچە وەک کوردستان بە هەر چوار پارچەکەیەوە ئەو کۆدانە هەژمار ناکرێن، هۆکارەکەشی بوونی گەندەڵی و نەزانینی ئەندازیارانە، هەروەها حکومەتە کە گوێنادات بە سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان.

 

شادان مەدحەد، ئەندازیاری شارستانی، دەربارەی هێڵی بوومەلەرزە لە ناوچە جیاجیاکاندا ڕوونیکردەوە، هەموو ناوچەیەک نەخشەی بوومەلەرزەی تایبەت بە خۆی هەیە هێزی بوومەلەرزە نیشاندەدات، هەموو ئەندازیارێکی سترەکچەر پێویستە ئەو نەخشەیەی هەبێت بۆ ئەندازەکردن و دیزاینکردنی ئەو هێز و کێشانەی دەکەونە سەر باڵەخانەکە و پشت بەستن بەو نەخشانە لەپێناو زانینی هێزی بوومەلەرزەکە.

 

لە عێراق و باشووری کوردستاندا کۆدێکی تایبەت نییە تا ئەندازیاران پشتی پێ ببەستن، بۆیە ناچار پشت ببەستن بە کۆدی ئەمریکی و بەریتانی.

 

"ئەو باڵەخانانەی لە نهۆمی زیاتر پێکدێن پێویستە زیاتر وردەکاری لە دیزاینیاندا بکرێت"

شادان مەدحەت باسی لەوەکرد بەهۆی مەترسی بوومەلەرزە لەو ناوچانەی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن، پێویستە ئەندازیاران پشت بەستن بە دیزاینی بوومەلەرزە، کۆدەکان جیاوازن، بۆ نموونە کۆدی بەریتانی تا سێ نهۆم ئاساییە گوێ بە هەژماری کۆدی بوومەلەرزەکە لەسەر باڵەخانەکە نەدرێت، ئەوکات هێزی بوومەلەرزەکە بە شێوازی لاتەنیشتی دەدات لە باڵەخانەکە، چونکە لەم کۆدەدا باڵەخانەکان توانای خۆجێگیرکردنیان هەیە، دەربارەی ئەو باڵەخانانەی لە ژمارەیەکی زۆر نهۆم پێکدێن وەک "شوقە" ئاماژەی بەوەدا، هەژمارکردنی هێڵی بوومەلەرزە لە دیزاینکردنی ئەو باڵەخانانەدا گرنگترە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی هێزی بوومەلەرزە بگرێت.

 

"دڵنیای جۆری بۆ ئەو ماددانەی بەکاردەهێنرێت گرنگە"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شادان باسی لەوەکرد جگە لە هەژمارکردنی هێزی بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەکان، گرنگە گوێ بدرێتە دڵنیایی جۆری ئەو ماددانەی بەکاردەهێنرێن، لە پێش هەموو هەنگاوەکانیشەوە گرنگە پشکنینی ئەو زەویە بکرێت کە بیاناکانی لەسەر دروستدەکرێت، کاتێک بوومەلەرزەیەک لە ناوچەیەکدا ڕوودەدات وەک بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان، بەشێکی بیناکان وردوخاش بوون لە بەرامبەردا هەندێکیان بە ساغی ماونەتەوە، دەیسەلمێنێت، هەڵەیەک لە دیزاینکردن و بەکارهێنانی جۆری مادەکاندا هەیە، وتیشی: لە هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی دیکەی کوردستان وەک باکوور و ڕۆژئاوا بە گشتی هەژماری هێڵی بوومەلەرزە نەکراوە، بەڵام پێویستە ئەندازیاران هێڵی بوومەلەرزە پشتگوێ نەخەن و هەژماری بکەن.

 

"گەندەڵی و نەزانین بەشێکە لە هۆکارەکانی کاریگەری بوومەلەرزە لەسەر باڵەخانەکان"

ئەو ئەندازیارە باسی لەوەکرد، ساڵی ١٩٨٤ چووەتە یابان و دوومانگ لێکۆلینەوەی کردووە لە سیستمی بوومەلەرزەزانی و بۆی دەرکەوتووە، یابانییەکان لەگەڵ بوونی هەر بوومەلەرزەیەکدا کۆدی ناوچەکەیان گۆڕیوە و تەنها لەسەر یەک کۆد بەردەوام نەبوون، دەڵێت: بە شێوازێک بیناکانیان تاقیدەکردەوە شتی وام نەبینیبوو، چونکە لەو کاتەدا باڵەخانەیان دروستدەکرد و تەنها بۆ تاقیکردنەوە هێزیان دە خستەسەری بۆی بزانن چەند بەرگە دەگرێت.

 

شادان مەدحەت ئاماژەی بەوەدا، بەپێی یاسا پێویستە ئەندازیاران کۆدەکانی بوومەلەرزەزانی بەکاربهێنن، بەڵام کە لەم ناوچانەدا بەکارناهێنرێت بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ نەزانینی ئەندازیارەکان کە ئەوەندە زانیارییان نییە بتوانن بە شێوازێکی گونجاو باڵەخانەیەک دروستبکەن، نابێت ئەندازیارە تازەکان دیزاینی باڵەخانەکان بکەن، بەڵکو دەبێت ئەندازیاری خاوەن ئەزموون بێت.

 

لە کۆتایدا ئەندازیار شادان مەدحەت داوا دەکات ئەندازیاران بنێردرێنە وڵاتانی دەرەوە لەپێناو کۆکردنەوەی ئەزموونی زیاتر، یاخود مامۆستای بەشی ئەندازیاری لە وڵاتانی دیکەوە بهێنرێن و لێرە زانیارییەکانیان ببەخشنەوە بە ئەندازیارەکان، وتیشی: زۆر گرنگە سود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکەوە وەربگرین، گرنگە ئەندازیارانیش خۆیان هەوڵبدەن تازەگەری لە خۆیاندا بکەن و شارەزایی زیاتر کۆبکەنەوە لەپێناو بونیادنانی باڵەخانەی تۆکمە و سەلامەتی هاوڵاتیان.