ترسی پیاوان لە سەنگی دەسەڵاتیان بووەتە مۆتەکەی ژنانی ئازادیخواز

تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دوژمنان و خیانەتکاران هەمیشە ئامانجیان ئەوەبووە ژنانی پێشەنگی کورد بکەنە ئامانج، ئەمەش بووەتە مێژوویەکی ڕەش و خوێناوی.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی – سەرەڕای داگیرکاری و هێرشی بەردەوامی سەر کوردان، ژنانی کورد بوونەتە پێشەنگی کۆمەڵگە و ترسیان لە دڵی دوژمن و خیانەتکاراندا دروستکردووە، هەربۆیە پیاوانی دەسەڵات لە بێدەسەڵاتی خۆیاندا دەکەونە ژیان و گیانی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز و تیرۆریان دەکەن، لە بەئامانجگرتنی ژناندا بۆمان دەردەکەوێت کە کەسایەتی ژن ئەوەندە بەهێز و تۆقێنەرە دوژمن جگە لە کوشتن هیچی دیکەی لە دەسەڵاتدا نییە و لە چوار پارچەی کوردستان ژنانی کورد دەکرێنە ئامانج و عەرشی دەسەڵات و دەوڵەتیان هێناوەتە لەرزین.

 

ژنان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروستدەکەن بە شێوەیەک کۆمەڵگە بەرەنگاری ستەم و زوڵم ببێتەوە کە چیتر ژێردەستەیی قبوڵ نەکەن، ئەمەش ویستی زاڵمان و داگیرکەران دەشێوێنێت، هەربۆیە دوژمن دەیەوێت بە لەناوبردنی ژنان کۆمەڵگەیەکی ژێردەستە و دەستەمۆ بونیادبنێت، بەڵام لە چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانی ژنان بەرەو ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی ئەقڵیەتی خۆسەپێنی دەسەڵات و پیاوسالاری لە بڵندبووندایە.

 

باشووری کوردستان، شاهیدی تیرۆری ژنان

لە باشووری کوردستان بە دەستی داگیرکەر و خیانەتکار تیرۆری سەر ژنان بەردەوامە، لە تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تیرۆر کرا، تیرۆرکردنی سێ ژنی دیکەی تێکۆشەر و خەباتکەرمان بیردێتەوە ئەوانیش لەیلا قاسم، مارگرێت، پورە گوڵەیە، ئەم سیاسەتەی لەسەر ژنانی کورد جێبەجێدەکرێت مێژوویەکی خوێناوییە و پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوی دوژمنانەوە.

 

ناگیهان ئاکارسەل، لەناوخاکی کورد بەدەستی دەوڵەتی تورک تیرۆر کرا

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم، ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك لە ماڵەكەی خۆی و پەرتوکخانەی ژنی کورد درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهید کرا.

 

ناگیهان ئاکارسەل لە ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری قۆنیای تورکیا لەدایکبووە، تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گوند-دا بەسەربردووە، لەمنداڵیدا زۆر ئارەزووی و چیرۆکەکانی ژنانی کردووە، کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووە لە شار و دوور لە زیدی خۆی، ژیانی شار و دیمەنی سەرمایەداریی هەستی بێزاریی و تەنهایی لەلا دروستدەکەن، هەربۆیە بەشداری یەکێتی گەنجانی کوردستانی کردو بەرەنگاری سەرمایەداری بووەوە، بەهۆی فکر و بۆچوون و چالاکییەکانی لە سەردەمی ژیانی زانکۆیدا، ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ زیندانی کراوە.

 

ناگیهان لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی پەروەردەیی ژنانی ئەنجامداوە، بەهەزاران کەسی پەروەردە کردووە و نووسینەکانی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، دوای ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکانی لەسەر عەفرین و شەنگال، ساڵی ٢٠١٩ تا ساتی شەهیدبوونی لە باشوور بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی بێ وچان کاریکرد، سەرباری ئەوەی سۆرانی بەباشی نەدەزانی بەڵام زمانی نەکردە ئاستەنگ و بەدەیان کۆڕ و سیمینار و پەروەردەی بەڕێوە بردووە، بۆ ئاشناکردنی گەنجان بە ژنۆلۆژی و سروستی کوردستان گەشتی ژنۆلۆژی بەڕێوەدەبرد.

 

دەوڵەتی تورک کە نەیتوانی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا ئەو ژنە کۆت و بەند بکات، هات لە باشووری کوردستان کە لەژێر دەستی دەسەڵاتی کوردیدایە، تیرۆری کرد.

 

مارگرێت بە شێوەیەکی گوماناوی تیرۆر کرا

مارگرێت جۆرج ژنێکی ئاشووریی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٤٢ گوندی دورێی سنوری نێوان باکوور و باشووری کوردستان سەر بە پاریزگای دهۆک لەدایکبووە، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە کاتێکدا کە کوردە موسوڵمانەکان پێشمەرگەبوونیان بۆ ژنان بە قەدەغە دەزانی چووە ناو ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەربۆیە بە یەکەم ژنی پێشمەرگەی کورد ناوی دەبەن، بە ھۆی ئازایی و بوێرییەوە زۆر زوو بەناوبانگ بوو، وێنەکانی مارگرێت بۆ ھاندانی کوردەکان، بە گشتی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو کرایەوە.

 

مارگرێت جۆرج لە دوای ٨ ساڵ خەبات، لە شەوی ٢٦ی کانونی دووەمی ١٩٦٩ لە گوندی قەڵا قومری لە بۆسەیەکدا بە شێوەیەکی گوماناوی تیرۆر کرا، بەڵام دەوترێت بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری کردن لەگەڵ فەرماندەیەکی باڵا گومان دەکرێت پەدەکە خۆی تیرۆری کردبێت، لە پاش شەهیدبوونی مارگرێت لە میدیا کوردیەکاندا ناوی نەبرایەوە، و گشت خانەوادەکەشی ناچاری کۆچکردن بوون و ئێستا لە ئەمەریکا ژیان بەسەردەبەن.

 

لەیلا قاسم ترسی لە دڵی رژێمی بەعس دروستکرد و لەسێدارە درا

لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە، لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداوەرگیراوە، ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکرد، ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەناو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە، لەناو کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان.

 

لە کاتێکدا کە دەوترا ژن ناتوانێت لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بە پێچەوانەوە خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کە بۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو، بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.

 

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک بە یەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد، بۆیە ئەوەندەی نەبرد ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکرا، لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە وتبووی: "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم"، لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەیلا قاسم لەسێدارەدرا.

 

پورە گوڵەی بوێر بەهۆی خۆفرۆشانەوە لەسێدارە درا

گوڵە کەریم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٩ لە سنوری ناوچەی ڕەبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا لەگەڵ باوکی و خوشکەکەیدا ئاوارە دەبن و لە باشووری کوردستان لە شارۆچکەی قەڵادزێ نیشتەجێ بوون، دوای ئەوەی دێنە قەڵادزێ، لە تەمەنێکی منداڵیدا باوکی دەیدات بە ژن بۆ خۆی، کە بەبێ ویست و ئاگاداری پورە گوڵە دراوەتە پیاوێک و بووەتە قوربانی لەپێناو ویستێکی پیاوانەدا کە وەک نەریتێکی ئاسای بووە لەو کاتەدا، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هاوسەری پورە گوڵە داناوە.

 

وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ لە شۆڕشەکانی ئەیلول و نوێدا بەشداری کردووە و زۆتر لە کاری ڕێکخستنەوەی ناوشار و گواستنەوەی پەیامەکانی پێشمەرگە لە شاخەوە بۆ خانەکانی ناو شارڕۆڵی بینیوە.

 

لە ٢ی ئایاری ١٩٨٩ لەلایەن سیخوڕێکی خاک فرۆشەوە ناوی دەدرێتە ئەمنەکان و لە قەڵادزێ دەستگیری دەکەن و بەهۆی زۆری چالاکیەکانیەوە دەیگوازنەوە بۆ بەشی ژنانی ئەمنەسورەکەی سلێمانی، پورە گوڵە بە شێوازێکی تر و لە ناو گۆشەی زیندانەکانی ئەمنەسورەکەوە دەستدەکات بە خەباتی کۆڵنەدەرانەی خۆی کە هەموو هێز و دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس نەیاندەتوانی ڕایبگرن لەو تێکۆشانە، دوای چەند مانگ ئازار و ئەشکەنجەدان ئەو هەر خۆڕاگر بوو هیچی نەدرکاند، بۆیە لە شەوی ٢٥ لەسەر٢٦ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ سزای لەسێدارەدانی لەسەر جێبەجێ کرا.

 

تیرۆر کردنی مارگرێت جۆرج، لەیلا قاسم، پورە گوڵە و ناگیهان ئاکارسەل، بەدەستی سیستمێکی پیاوساڵارانەی ترساو لە بوێری و ئازایەتی ژنانە، سیستمێک کە تەنها پیاوان و کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ و ژن سەرکوتکەری پێ قبوڵە.