ئەو فەرمانەی کە بەسەر ژنانی ئێزدیدا هات و ڕابوونی دواتر...٢

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، فەرمانی ٧٤ بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات، ریهام حەجۆ، ئه‌ندامی هه‌ماهه‌نگیی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ژنانی ئێزدی، باسی ئەو ڕووداوانە دەکات کە ڕووبەڕووی ژنانی ئێزدی بووەوە.

 چیای شەنگال، یەکەمین ئەنجومەنی ژنان

ستی ڕۆز

 

شەنگال- ڕیهام حەجۆ بە وتنی: "ئەنجومەنی یەکەم وروژاندنێکی زۆری بۆ ئێمە دروستکرد" باس لە ڕێپێوانی ژنانی ئێزدی لە ئەنجومەنی یەکەمەوە بۆ بزووتنەوەی ژنان دەکات و دەڵێت:

 

"ژنان هەم لە بواری بەرگریکردن لە خۆدا خۆیان باشتر کرد و هەم لە ساڵی ٢٠١٥دا هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستن دەستپێکرد، یەکەم ئەنجومەن دامەزرا. کاتێک ئەنجومەنی ژنان دامەزرا، شەنگال لەلایەن داعشەوە گەمارۆدرابوو، تەنیا کۆریدۆری مرۆیی کرابووەوە. بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە چەندین جار کۆریدۆرەکە داخرابوو. ئەنجومەنێکی ژنان کە لە ١٥ کەس پێکهاتبوو لە سەردەشتی شەنگال، واتە لە شاخەکان دامەزرا بە پێشەنگایەتی دایکان، بەڵام ژنان لە دۆخێکی خراپدا بوون، فەرمان لەسەریان زیادیکردبوو، هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن داعشەوە دیل گیرابوون، بەشێکی زۆریان هاوژین و منداڵ و دایک و باوک و گوند و ماڵیان لەدەستدابوو.

 

سەرەتای کاری ئەنجومەنەکە سه‌ردانکردنی خێزانه‌كان و گوێگرتن له‌ ئه‌زموونی ژنان بوو. ئەندامانی ئەنجومەن بەمەبەستی باشکردنی تەندروستی دەروونی لەگەڵ خەڵک قسەیان دەکرد و کۆبوونەوەیان دەکرد و سیمیناریان دەدا و پزیشکیان لە دەرەوە هێنا. لەو سەردەمەدا هیچ ڕیکخراوێکی عێراقی و باشووری کوردستان و وڵاتانی دیکە بەهۆی داعشەوە لە ناوچەکەدا نەبوون، ئەندامانی ئەنجومەنی ژنان هەموو مەترسییەکیان گرتە ئەستۆ بۆ پشتیوانیکردن لە ژنان و ئەوەی لە توانایاندا بوو کردیان.

 

لەو سەردەمەدا هێزی بەرگری هەپەگە، یەژاستار، یەبەشە و یەژەشە، ئەنجومەنی ژنان و هەروەها ئەنجومەنی خۆسەری بوونیان هەبوون، هەندێک گروپی بچوکی ڕێکخراوی دیکەشی ئێزدیش هەبوو، دواتر ئەنجومەنەکانی ژنان لە گوندەکانی خانەسور و بۆرکێ دامەزران، دامەزراندنی ئەنجومەنەکان ئاسان نەبوو، چونکە کۆمەڵگە و بە تایبەت پیاوان نەیاندەویست لە ئیدارە و ئەنجومەنەکاندا ژنان جێگەی خۆیان بگرن، بۆیە هەنگاوی تەڤگەری ژنان لە شەنگالدا بۆ پێشکەوتن دژوار بوو، سیستمی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی خۆسەر لەسەر هاوسەرۆکایەتی بنیادنرابوو، پیاوان نەیاندەویست ئەرکی یەکسانیان لەگەڵ ژناندا هەبێت، بەرامبەر ئەمە، ئەنجومەنی ژنان خەباتێکی گەورەی بەڕێوەبرد. ئێمە بەو خەباتە پێشکەوتنمان بەدەستهێنا و ئەمڕۆ تەڤگەری ژنان پێشەنگایەتی سیستمی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال دەکات، ئەمەش لە سایەی ئەنجومەنی یەکەم و دەستکەوتەکانمانەوە بوو.

 

ڕاگەیاندنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی داعش، ناوچە ئازادەکان زیاتر و زیاتر دەبوون، پارچە پارچە شنگالمان لە دەستی داعش رزگار کرد. ئەم دۆخە بواری کارکردنی بۆ ژنان فراوانتر کرد. لەگەڵ فێربوونی شێوازەکانی خۆڕێکخستنی ژنان و بەڕیوەبردنی ئەرکەکانیان، زیادکردنی خەباتیان پێویست بوو، هیزی ئەنجومەن بەشی ئەو بەڕێوەبردنەی نەدەکرد، بۆیە کۆنگرەیان بەست و ئەنجومەنی ژنان گۆڕدرا بۆ تەڤگەری ژنان، لە بواری دیبلۆماسی، پەروەردە، ڕۆشنبیری، هونەر، ئابووری و پاراستن و چەندین بواری دیکە دەستی بە تێکۆشان کرد و ناوەڕۆی تەڤگەرەکە لەسەر ئەو بنەمایانە داڕێژرا و لە ساڵی ٢٠١٦دا تاژێ ڕاگەیەندرا، لە هەموو گوندەکاندا ئەنجومەنی تایبەتیان ئاواکرد و لە هاوینی ٢٠١٩دا دووەمین کۆنگرەیان بەست و بە ڕزگارکردنەوەی شەنگال لە دەستی داعش و زیادبوونی خەبات و پیداویستی ژنان، بە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی هەموو ژنان، هەنگاو بەرەو بڕیار و تێکۆشانی بەرفراوانتر نرا.

 

*دوای فەرمانەکە یەکەم خولی پەروەردە بۆ بەکارهێنانی چەک کرایەوە.

*هەموو ساڵێک بە سەرپەرشتی ئەنجومەنەکان خولی پەروەردەی کراوە ئەنجام دەدرا.

*لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەکادیمیای شەهید بنەفش ئەگال کرایەوە و لە پەروەردەکاندا تیشکی خستەسەر گەشەپێدانی هزری ژنان.

*ئەکادیمیاکە لە سەرەتای کردنەوەیەوە تا ئێستا ٦٤ خولی پەروەردەی ئەنجامداوە.

 

ژنانی ئێزدی لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە تێکۆشانیان بەرفراوان کرد

ڕیهام حەجۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنانی ئێزدی زۆر شتیان ڕووبەڕوو بووەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بیهێننە زمان، تەڤگەری ژنان لەپێناو ئاگادارکردنەوەی ناوچەکە و جیهان لەوەی بەسەر ژنانی ئێزدیدا هاتووە، گرنگی بە چالاکی دیبلۆماسیدا، لە ڕێگەی کۆمیتەی دیبلۆماسییەوە، توانیویەتی بگاتە هەموو پارچەکانی جیهان، ڕاپۆرتی ئەزموونی ژنانی ئێزدی دەدات و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. بە تایبەتی لەم کۆمیتەیەدا دەمانەوێت خەباتمان لەگەڵ ژنانی عێراق و جیهان یەکبخەین.

 

ئازادی ئابووری ژنانی ئێزدی

لە بارەی ئابورییەوە ڕیهام دەڵێت: ژنان لە کۆمەڵگەدا زۆرترین چەوسانەوەیان لە بواری ئابووریدایە، چاویان لەسەر دەستی باوک و برا و هاوژین و هەموو خزم و کەسە نێرەکانیانە، بەڵام دوای ئەو فەرمانە خەباتی ژنان لە بواری ئابووریدا هاوتای پیاوان کرایەوە، ئەگەر پیاو بتوانێت پێداویستی ماڵەکە دابین بکات، ژنەکەش دەتوانێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هەمان تێگەشتنی هەبێت تێکۆشان کرا، ئەمڕۆ ئێمە پشتگیری لە چەندین پرۆژە دەکەین لە بواری ئابووریدا و وەک تەڤگەری ژنان چەندین پڕۆژەی ئابووریمان هەیە.