بۆ باشترکردنی ڕۆڵی ژنان فیلمی فێمینیستی بەرهەمهێنرا

بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری فیلمی فێمینیستی بەرهەمهێنرا، بۆ ئەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریش لە سینەمادا کاڵ بکرێتەوە، تیۆری فیلمی فێمنیستی داهێنرا.

سۆزیار عەلی

 

سلێمانی- فیلمی فێمنیستی، ئەو فیلمانەی بۆ گۆڕانکاری دروستبوون لە سەردەمی مۆدێرندا و لەگەڵ دروستبوونی دووەم شەپۆلی فێمنیستی لە ساڵانی ١٩٧٠ کانیشدا، شێوازێکی نوێ بۆ شیکردنەوە و تێڕوانین لە فیلمەکان سەریھەڵدا، کە پێیوترا تیۆری فیلمی فێمنیستی.

 

تیۆری فیلمی فێمنیستی کار لەسەر شیکردنەوەی فیلمەکانی پێش خۆیان و فیلمەکانی سەردەم دەکەن، گرنگی بە شێوازی دەرکەوتنی کەسایەتی ژن دەدەن لەناو فیلمەکاندا و ئامانجی ئەم شەپۆلە دووبارە ژیاندنەوەی ژنە لە ناو سینەمادا.

 

شەپۆلی دووەمی فێمنیزم، کاریان لەسەر نەھێشتنی سیستمی پیاوسالاری کردووە، سینەماش ئامرازێکی ھزری بووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆڵی ژن ھەبووە، ئەم تیۆریە پێیوایە فیلم تەنھا ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە نییە، چونکە "کاریگەری سینەما زیاترە"، لەبەرئەوە دەیەوێت گۆرانکاری لەو وێنایەدا بکات کە بۆ ژن لە سینەمادا دروستکراوە و لە ئامرازێکی سێکسیەوە بیگۆڕێت بۆ وێنای ڕاستەقینەی ژن، ئەو بیرە ڕەت دەکاتەوە کە لە سینەمادا، ژن تەنھا بەو شێوازە نیشان دەدرێت کە بەشێکە لە پیاو و وەک بوونێکی سەربەخۆ نییە.

 

لە فیلمەکاندا ئەگەر ڕۆڵێکی سەرەکی ژنێک بووبێت، بێگومان وەک دایک نیشاندراوە، یاخود نیشاندانی ژن وەک نەزانێت و پیاوێک دەبێت ببێتە فێرکار و فریادڕەسی.

 

نواندن کارێکی زەحمەت بووە، بەڵام دەسەڵات سەپاندن تەنھا لەسەر نواندن نەبووە و لە تەکنیکیشدا ژن زۆر کەم بوونیان ھەبووە، ئەم ھۆکارانە وایانکرد، ژنە فیلم دروستکارەکان، دەست بکەن بەوەی فیلمی ژنان بەرھەم بھێنن، بە فۆڕمێکی جیاواز لە سینەمای گشتی و فۆڕمێکی نوێیان دروستکرد.

 

سینەما بەشێکە لە بازرگانی و ھەر ئەمەش وادەکات، ڕێژەی ئەو فیلمانەی پێیان دەوترێت فیلمی فێمنیستی زۆر بن، بەڵام تەنھا بوونی ژنێک لە ڕۆڵی سەرەکیدا فیلمێک ناکاتە فیلمێکی فێمنیستی، کەواتە چی فیلمێک دەکاتە فیلمێکی فێمنیستی؟ فیلمی فێمنیستی دەبێت، لە بارەی ئەزموون و چیرۆکی ژنان بێت و بتوانێت نایەکسانی ڕەگەزی نیشانی بینەر بدات.