داگیرکردنی سروشتی سەگەکان و بێلانە بوونی زیاتر لە ٣ هەزاریان

ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی سەگی بێ لانە لەناو سەنتەری شارەکاندا زیاد دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانیش زیادبوونی یەکەی نیشتەجێبوون و نەبوونی جێگەی دوورە دانیشتوانە بۆ ئاژەڵان، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەری ئەم پرسەیان پشتگوێ خستووە و دروستکردنی شەڵتەر و نەزۆک کردنیان وەلا ناوە، کە وەک چارەسەرییەک دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زۆربوونی سەگە بێلانەکان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بە هۆی زیادبوونی ژمارەی سەگی بێلانە لە گەرەک و کۆڵان و سەنتەری شارەکاندا، هاوڵاتیانی ڕووبەڕووی بێزاری کردووەتەوە و بووەتە مەترسی بۆ ژیانی هاوڵاتی و منداڵان.

پێشتر بەپێی یاسای کۆنترۆڵکردنی سەگ، بڕگەی دوو لە ماددەی ٣ لە ژمارە ١٢ی ساڵی ١٩٧٠ی عێراقی، سەگە بێلانەکان دەکوژران، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە کوشتنی سەگ ڕاگیراوە و لە بەرامبەردا ڕێگەچارەی نەزۆک کردنیان بۆ دانراوە.

 

نەبوونی شوێن بۆ سەگی بێلانە هۆکاری بڵاوبوونەوەیانە بەناو شاردا

دکتۆر ئاواز سەردار، لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەری لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، تایبەت بە زیادبوونی ڕێژەی سەگ لەناو سەنتەری شاردا بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند: "هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی سەگەکان لەناو سەنتەرەکانی شاردا دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی شوێن بۆ ئەو سەگانە، پێشتر سەگەکان بە حەپێکی ژهراوی کە دەخرایە سورێنچکیانەوە، یاخود بەهەر ڕێگەیەکی دیکە دەکوژران، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٩ بڕیاری لەنابردنی سەگ ڕاگیرا و لەبەرامبەردا دروستکردنی شەڵتەر وەک ڕێگەچارە دانرا".

 

ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوەدا ساڵانە دووجار ئەو سەگانە زاوزێ دەکەن و لەهەر جارێکیشیاندا ٦ بۆ ٨ بەچکەیان دەبێت، بۆیە ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێن بەردەوام ڕێژەیان زیاد دەکات.

 

"باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەگ لەناو شاردا، دروستکردنی شەڵتەرە"

ئەو لێپرسراوە ئاماژەی بەوەشدا: ئەرکی حکومەت و شارەوانییە شەڵتەر بۆ ئەو سەگانە دروست بکات و کۆیان بکاتەوە تا لەناو کۆڵان و شەقامەکاندا نەمێننەوە و زیانیان پێبگات و ببنە مەترسی بۆسەر هاوڵاتیان، ئەگەر شەڵتەر دابین بکرێت دوای مانەوەی سەگەکان تێیدا ڤاکسینیان لێدەدرێت و نەزۆک دەکرێن، ئەگەر پێشتر سەگێکی دڕندە بوبێتن، لەدوای وەرگرتنی ڤاکسین وانامێننەوە و دەتوانرێت بخرێنەوە ناو سروشت و شەقامەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد وەک بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی چەندین پڕۆژە و پڕۆپۆزڵیان پێشکەش بە قایمقامیەت و شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکان هێندە خاون بە جۆرێک جێبەجێکردنی لە بەرنامەیاندا نەبێت، دەشڵێت "کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکانە ژمارەی سەگەکان گەیشتونەتە ئەوەندە".

 

ملیۆنێک و ١٧٦ هاوڵاتی بەهۆی پەلاماردانی سەگ، بریندار بوون

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی شاری شاری سلێمانی، لە ماوەی ساڵێک و پێنج مانگدا، هەزار و ١٧٦ هاوڵاتی بەهۆی پەلاماردانی سەگ براونەتە نەخۆشخانەی شار.

بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی شار بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ، ٧١٧ حاڵەتی بریندار بوون بە هۆی سەگەوە هەبووە، هەروەها بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، ٤٥٩ حاڵەتی پەلاماردان و برینداربوون هەبووە.

بەمەش بۆمان دەردەکەوێت، نیوەی ساڵی ٢٠٢١ بە بەرامبەر بە ساڵی ٢٠٢٠ برینداربوون بەهۆی پەلاماردانەوە زیاترە.

 

"دوو بۆ سێ هەزار سەگی بێلانە لەناو شاری سلێمانیدا هەن"

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پاکۆ تەنها لە سنوری شاری سلێمانیدا دوو بۆ سێ هەزار سەگی بێ لانە هەن، لەم ژمارەیەش تەنها ١٠٠ سەگ لە ماوەی شەش مانگدا، نەزۆک کراون کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە لەچاو ژمارەیاندا، ئەو سەگانەشی کە نەزۆک دەکرێن بە نیشانەیەکی زەرد لەلای گوێچکەیانەوە دیاریدەکرێن.

 

لاڤین عەبدول وەهاب، پزیشکی ڤێتێرنەری و لێپرسراوی ڕێکخراوی پاکۆ بە ژنهای ڕاگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی سەگ پڕۆژەی TNR ە، (گرتن، نەزۆک کردن، گەڕاندنەوە) کە لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە بۆیان ئەنجام دەدرێت و کوتانیان پێدەدرێت دژی نەخۆشیە گوازراوەکانی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ، پاشان حەپی کرمیان پێدەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو هەرکاتێک چارەسەرکردنی ئەم پرسە دوا بخرێت، ئەوا چارەسەرکردنەکە قورستر دەبێت، کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

 

"پێویستە کۆمەڵگا چیدیکە هەوڵی ئازاردانی سەگەکان نەدەن"

لاڤین، ئاماژەی بەوە دا بە پێی وتەی غاندی "ئاستی ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگایەک بە پێی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئاژەڵدا دیاری دەکرێت".

لە ئێستادا هاوڵاتیان ئاستی ڕۆشنبیریان زیاتر بووە بەرامبەر بە ئاژەڵان، لە بەرامبەریشدا تا ئێستاش هاوڵاتی هەیە ئازاری ئەو سەگانە دەدات، گاڵتەیان پێدەکات و بەشێکی جەستەیان دەشکێنێت یاخود منداڵەکان بەرد دەگرنە سەگەکان، دواجار ئەم مامەڵەکردنانە سەگ زیاتر هار دەکات.

 

داواش لە بەخێوکەرانی ئاژەڵان دەکات زیاتر گرنگی بە بەخێوکردنی ئاژەڵی کوردی بدەن، چونکە کەمتر نەخۆشیان پێوەیە، زیاتر لەگەڵ کەشوهەوای خۆماندا دەگونجێن.

 

داگیرکردنی سروشتی ئاژەڵان، پاشان کوشتنیان

زۆرینەی ئەو سروشتەی کە پێشتر سەگیان تێدابووە کراون بە شوێنی نیشتەجێ بوون، لەپێناو دەستکەوتنی سەرمایە بۆ بەشێک لە سەرمایەداران و خاوەن دەسەڵاتەکان لە کاتێکیشدا دێنە ناو سەنتەری شارەکانەوە دەکوژرێن، لە هەندێک لە شارەکانیشدا بڕیاری نەکوشتنی سەگەکان پێشێلکراوە.

 

لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١ لە شاری کەرکوک و گوندەکانی دەوروبەری لەلایەن پارێزگای کەرکوکەوە سەگە بێلانەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دەکوژرێن و دەشوترێت بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیانەوە بووە، کوشتنیشیان بە تاپڕ و بە بەرچاوی هاوڵاتیان و منداڵانەوەیە، کە ڕەوشتێکی نائینسانی و ناشارستانییە و بووەتە هۆی ناڕەزایی دەربڕینی ئاژەڵدۆستان.

 

لەم بارەیەوە دکتۆر لاڤین ئەوە ڕوون دەکاتەوە کوشتنی ئەو ئاژەڵانە مافی کەس نییە، بەڵکو کارێکی نائینسانی و ناشارستانییە، چونکە سروشت مافی هەموو ڕۆح لەبەرێکە.

 

ت.پ