ژنانی کۆڵبەر؛ هەڵگرانی باری زەحمەتی ژیان و خێزان
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕەنگە تاکە وڵات بن کە چەمکی کۆڵبەری بە کار و پیشە بناسن، سەرەڕای ئەوەی کە کارێکی مەترسیدارە و هەموویان چاوەڕێی مەرگ دەکەن، ژنانیش لەم کارەدا بەشدارن.
بێریڤان شاهۆ
سلێمانی- بە دەیان ساڵە ڕژێمی ئێران بۆ تەسلیم کردنی ئیرادەی خەڵک و دەستەمۆکردنیان لە پاڵ ئەو زنجیرە سیاسەتانەی کە بەشێوازێکی زنجیرە بەسەر خەڵکدا دەیسەپێنێت، گرانی، هەژاری و برسیکردنی خەڵکیش وەک سیاسەتێکی دەستەمۆکرد بەڕێوە دەبات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە خاوەن خاکێکی بە پیت و دەوڵەمەندن، بەڵام ئەم دەوڵەمەندییە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، هەر بۆیە خەڵک ناچار دەکەن دەست بکەن بە کۆڵبەری.
ئەگەرچی کۆڵبەری بە ڕێگایەکی نایاسایی و پڕ لە مەترسی دەناسرێت، بەڵام خەڵک ناچارە بۆ بەدەستهێنانی پاروە نانێک بۆ سەر سفرەکانیان یان ڕووبکەنە شارە دوور دەستەکانی ئێران یان ئەوەی ڕێگای کۆڵبەری بگرنەبەر.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕەنگە تاکە وڵات بن کە چەمکی کۆڵبەری بە کار و پیشە بناسن، سەرەڕای ئەوەی کارێکی مەترسیدارە و هەموویان چاوەڕێی مەرگ دەکەن.
جیاکاری سیستماتیک لە لایەن ڕژێمی ئێران و باری قورسی ئابووری وای کردووە، ئێستا ژن و پیاو کاری کۆڵبەری بکەن، ژنانی کۆڵبەریش بۆ ئەوەی سەربەرزانە و بە توانای خۆیان بژین ئەم پیشەیان هەڵبژاردووە نەک لەبەر حەز و خولیایی خۆیان، تەنانەت بیر لە تەندروستیی و سەلامەتی خۆشیان ناکەنەوە و لە وەرزی سەرما و گەرمادا لە کارکردن بەردەوامن و بە دەیان ڕێگای پڕ مەترسیی دەگرنەبەر تا لە خراپی باروگوزەرانی ژیان ڕزگاریان ببێت.
سەرەڕای سەختییەکانی ڕێگا بۆ ژنانی کۆڵبەر کەچی ژنان دەبێت بە جلوبەرگی پیاوان کۆڵبەریی بکەن. هەروەها چەندین مەترسی دیکە لە ڕێگای کۆڵبەریدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە وەک، دانانی بۆسە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، نەبوونی متامەنە لە لایەن خاوەن بارەکانەوە بە ژنان، حەقدەستێکی کەم، مینی چێنراوی شەڕی ئێران و عێراق کە هەندێکیشیان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کەمئەندام دەبن.
هەروەها ژنانی کۆڵبەر لەو ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی چەندین حاڵەتی دەستدرێژی دەبنەوە کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ کۆڵبەری ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی باوەڕپێکراو لەسەر ژمارەی کۆڵبەران لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە پێی هەندێ ئاماری نافەرمی باس لەوە دەکرێت بە گشتی ژمارەی کۆڵبەران لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک، بانە، مەریوان، سەقز، سنە، سەردەشت، کامیاران، شنۆ، نەوسوود و پاوە، پارێزگای کرماشان و موکریان لە نێوان ٨٠ بۆ ١٧٠ هەزار کۆڵبەر هەبن.
هەر بە پێی ئامارە نافەرنییەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا ژمارەی ژنانی کۆڵبەر لە ٧ گوندی سەر بە پارێزگاکانی سنە و کرماشان، ١١٠ ژنی کۆڵبەر بوون.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا واتە ٢٠٢٤، بە کۆی گشتی ٤٩ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون لەنێویاندا ٣ منداڵی کۆڵبەر هەن، لە کۆی ئەو ٤٩ کەسە، ١٠ کەس کوژراون و ٣٩ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی کەناڵی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، لە ئەنجامی هۆکارەکانی وەک تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمی ئێران، هەرەسی بەفر و سەرما، تەقینەوەی مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و چەند حاڵەتێکی تر، ٢٧٠ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون. کە لە کۆی ٢٧٠کۆڵبەر، ٢٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
بە هۆی داگیرکردنی خاکی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ئەم گەلە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و هاتنە ئاراوەی دۆخی نەخوازراوەوە، ژنانی کورد بەردەوام بوونەتە قوربانی و لە ئێستادا ئەگەر دەبینین ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان کردووەتە ڕێگای کۆڵبەری، جاری یەکەم نییە، بەڵکو بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ژنان لە باشووری کوردستانیش بە هۆی سەختی باری ژیان و گوزەران بە ناچاری کۆڵبەرییان دەکرد.