چیرۆکێک لە هاواری فەرمانی٧٤: لە قژە بە خەنەکەت هێلانه‌م دروستکردووە...٤

هێلانەکانی باڵندەکە لەسەر لوتکەی دارەکان سەرنجڕاکێشن، باڵندەکان لە مووی ژنان هێلانەیان دروست دەکرد، ئەم قژە هی ئەو دایکانە بوو کە لە ڕۆژی فەرمانەکەدا لە بازاڕی کۆن کوژرابوون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و کۆرپەکانیان كوژراوه‌ و به‌ ده‌رخواریان دراون.

قژی لەپێناو ئازادیدا درێژ کردەوە

شەنگال - ڕەنگە بێریتان لەسەرەتاوە لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ژیانی بێدەنگ بووبێت. نەیدەزانی چۆن خۆی دەرباز بکات، ئایا دەتوانێت سەربکەوێت یان نا. جەستە بچووکەکەی کە تووشی برسێتی و تینوێتییەکی توند بوو، ناچاری دەکرد بەهێز بمێنێتەوە. کاتێک خێزانەکەی دەبینی، بەهۆی ئەوەی بەجێی هێشتووە، نەیدەتوانی هەست بە خۆشی ڕزگاربوون بکات.

 

"کاتێک دەچوومە خوارەوەی لۆفەکان، ترسم بۆ دروست دەبوو، بەڵام دواتر خەڵکم لە لۆفەکان دەبینی، ئارامی دەکردمەوە، لەمەوە بوێریم دەستکەوت، هەستێکی وەها بوو کە زۆر قورسە بۆ وەسفکردن، هەستم بەخۆشیی تێپەڕاندنی قورسییەکان و پێشوازیکردن لەو کەسانەی لەبەردەممدا دەمبینی، نەمتوانی ئەو خواردن و ئاوەی هێنابووم لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ خەڵکەکە، بەجێم هێشتن و تەنها چەکەکەی باوکم لەلامابووەوە، کە دەچوومە شاخ هەڵگرتنی قورس بوو، کە خەڵکەکەم بینی دڵم ئارام بوو، ترسم نەما، تەنیا توڕەییم مابوو، چوومە لای چلمێران لەگەڵ ئەوانەی لەدوای خۆیان مابوونەوە، پشوویان دەدا، کە گەیشتمە چلمێران، دەستم کرد بە گەڕان بەدوای خێزانەکەمدا، دۆزینەوەیان زەحمەت نەبوو کاتێک خێزانەکەمم دۆزیەوە، ڕامکرد و یەک بە یەک لە باوەشم گرتن، ڕزگارم بوو بەڵام ئەوەی بەجێم هێشت، نەمتوانی ڕزگاریان بکەم".

 

چەند ڕۆژێک سەیری شەنگالیان دەکرد

 

٢٠ خێزان لەگەڵ بێریتان و خێزانەکەی لە چیلمێرا بوون.

 

"چەند منداڵێکمان پێبوو کە سیانیان ساوا بوون، سەرەتا خواردنمان هەبوو، بەڵام دواتر لەبەر ئەوەی هەموو خواردنەکانمان تەواو بوو، زەحمەتیی زۆرمان چەشت، شەو لە چیلمێرا زۆر سارد بوو، بۆ ئەوەی شەوانە لەوێ بمێنینەوە و خۆمان لە سەرما بپارێزین، زەویمان هەڵکەند و دیوارێکی بەردمان بە دەوریدا دروست کرد و بۆ ماوەیەک کاریگەری سەرمامان ڕاگرت، لە ڕۆژدا دەچووینە لای ئەو چیایەی کە دەڕوانێتە ناوەندی شاری شنگال، لەوێ لەسەر بەردەکان دادەنیشتین و چەند کاتژمێرێک سەیری شەنگالمان دەکرد.

هەندێک جار دەنگی چەک، هەندێک جاریش دەنگی هاوارمان دەبیست، لە چیلمێرس ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەبوون، لە هەمان کاتدا مەڕمان پێ بوو، تینوێتیمان بە شیری مەڕەکان تێر دەکرد، ئەگەرچی کەمیش بوو، بە گۆشتەکانیان خۆمان لە برسێتی دەپاراست، بەڵام خواردنی گۆشت هەمیشە زۆر قورس بوو بۆ هەمووان. کێشەی خوێ و شەکر هەمووانی بێدەسەڵات کرد، ژنێکی دووگیان لەگەڵ ئێمەدا بوو لە چیلمێرا دووانەکەی لەدایکبوو، نەمان دەتوانی هیچ بۆ ئەو دوو ساوایە بکەین، بە عەلاگە دەوروبەریانمان داپۆشی، پاراستن و گەرمکردنەوەیان زۆر قورس بوو، نازانم چییان بەسەرهات، ئێمە لە شاخەکان سەلامەت بووین بەڵام ترسمان هەبوو کە چەتەکان بێنە سەر لوتکەی شاخەکان، هەندێک جار دەیان وت 'چەتەکان دێن'، ئێمە شوێنی خۆمان بەجێدەهێشت و ڕامان دەکرد. بەدوای شوێنێکدا دەگەڕاین بۆ خۆحەشاردان، ماوەیەک لە شوێنی شاراوەدا خۆمان بە بێدەنگیی و ترسەوە حەشاردەدا، سەیری دەوروبەرمان دەکرد و کاتێک دڵنیادەبووین کە چەتەکان نایەن، دەگەڕاینەوە بۆ شوێنی خۆمان.

 

 

لە ئاسمانەوە یارمەتی خۆراکیان وەرگرتووە

 

بێریتان باس لەوە دەکات کە چی بەسەر هاتووە کاتێک یارمەتی هات و بە قسەکانی ئەو ساتانە لە مێشکماندا زیندوو دەکاتەوە.

 

"ڕۆژێکی تر، بە هەمان شێوە وتیان 'چەتەکان دێن'، ئێمەش ڕامان کرد، لە دوورەوە دەنگێک دەهات نەک لە زەوی بەڵکو لە ئاسمانەوە و دوای ماوەیەک کۆپتەری هاوکارییەکان دەرکەوتن، خواردن و ئاویان لە ئاسمانەوە دەخستە خوارەوە. هەموومان لە شوێنی حەشارگەکانمان هاتینە دەرەوە و دەستمان کرد بە ڕاکردن بەرەو هێلیکۆپتەرەکان، ئێمە دڵخۆش بووین چونکە خواردن و ئاویان بۆ هێناین، لە لایەکەوە هیوامان دەخواست کە بمانبەن، بێ ئەوەی بێنە خوارەوە ئاو و خواردنیان فڕێدایە خوارەوە، زۆربەی ئەو ئاوەی فڕێیان دەدا دەتەقین، بەڵام بەوەش ڕازی بووین، ئەو پاکەتانەی فڕێیان دەدا گەورە و قورس بوون، ئەو پاکەتانەی کە فڕێدرابوون بەپێی ژمارەی خەڵک فڕێدرابوون. پاکەتێک کە لەو ساتەدا فڕێدرابوو بەر ژنێک کەوت و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، نازانم چۆن وەسفی ئەو هەستە بکەم، لە لایەک ئاومان بۆ هات، لە لایەکی تریشەوە ژنێک کە چەند ڕۆژێک بوو خۆی لە چەتەکان ڕزگار کردبوو و بە سەختییەکی زۆردا تێپەڕیبوو، گیانی لەدەستدا لەبەرچاومان.

 

باس لە کۆچکردنیان دەکات بۆ نزیک مەزارگەی شەرەفەدین و دەڵێت "لەماوەی ئەو ٧ ڕۆژەی لە شاخ مابووینەوە، کێشەمان هەبوو بەڵام سەلامەت بووین، لە کۆتایی حەوت ڕۆژدا هەمووان کۆبوونەوە و بڕیارماندا لە چیاکانەوە بچینە خوارەوە بەرەو باشوور، بچینە لای حیجەلی قوبسی، ئەم شوێنە لە نزیک قوبەی شێرەفەدین بوو، دەکەوێتە بناری چیاکە، بە کۆمەڵ چووینە خوارەوە بۆ قوبەی حیجەلی. لە هەر گروپێکدا زیاتر لە بیست خێزان هەبوون، بۆ ئێمە زەحمەت نەبوو کە بچینە خوارەوەی شاخەکە، لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتینە لوتکەی حەجەلی دۆم، کاتێک سەیری خوارەوەمان دەکرد، دەبینین کە خەڵکێکی زۆر لەوێن، دیارە داعش نەگەیشتبوونە حیجەلی.

 

بێریتان باس لە ساتی بەدەمەوەچوونیان لەلایەن پەکەکەوە دەکات و دەڵێت: ئەوان بۆ ڕزگارکردنمان هاتبوون، هەمووان باسی گەریلایان دەکرد، بە شێوەیەکی هێندە گەورە باسیان دەکرد کە هیوامان زیندوو بووەوە، باسیان دەکرد کە گەریلا بۆ ڕزگارکردنی خەڵک ڕێڕەوێکیان لە سنونێ بۆ دیگۆر کردووەتەوە، لەناو ئێمەدا دەنگۆی 'گەریلاکانی پەکەکە شەڕمان بۆ دەکەن' کاریگەری لەسەر هەموومان هەبوو، زیاتر لە ڕزگارکردن زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە شەڕ بکەن، لەماوەی تەواوی فەرمانەکەدا کەس هیچی بۆ نەکردین، تەنها گەریلاکانی پەکەکە هاتن و ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبوو. لە دووەم ڕۆژی مانەوەمان لە حەجەلی گەریلا خواردن و ئاویان بۆ هێناین، پێیان وتین 'تێربخۆن و ئاوی پێویست بخۆنەوە، دواتر دەڕۆین'، ئێمە نەماندەزانی بۆ کوێ بچین و کەس لێی نەدەپرسین بۆ کوێ دەڕۆین، هەموومان بە جۆرێک باوەڕمان بەو گەریلایانە هەبوو کە هاتبوون بۆ شەڕ کردن لەپێناو ئێمە، هەمووان ئاویان دەخواردەوە و خواردنیان دەخوارد، پاشان لەگەڵ خێزانەکانمان پێکەوە ڕۆیشتین، لە ڕێڕەوی ئەمنییەوە بەرەو سنووری رۆژئاوای کوردستان ڕۆشتین، چەندین ئۆتۆمبێل هاتبوونە سەر سنوور و پێشوازییان لێکردین، چووینە ئۆتۆمبێلەکان و گواستینیانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ئێستا بێریتان شەڕڤانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشەیە و باسی بەشداربوونی بۆ ڕیزەکانی یەژەشە دەدات و دەڵێت: بڕیارمدا لە ساڵی ٢٠١٨ پەیوەندی بە یەژەشە بکەم، چونکە وتم کاتی ئەوە هاتووە تۆڵەی ئەوە بکەینەوە کە بەرامبەرمان کراوە، کاتی ئەوە هاتبوو تۆڵەی ئەو هەزاران ژنە ئێزدییە بکرێتەوە کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون، وەک ژنێک دوای ئەوەی لە فەرمانەکەدا ئەزموونمان کرد، نەمتوانی وەک ژنێکی ئاسایی لە ماڵەوە بژین، لە ماڵەکەدا زیندانی بکرێم و چاوەڕێی فەرمانێکی دیکە بم، بەڵێنێکم بۆ ئەو کەسانە دا کە ڕۆیشتن، 'من دەبم بە جەنگاوەری ئەم شاخانە و ئیزداتیی'، ئەمڕۆ وەک ژنێکی ئێزدی بە شانازییەوە چەکەکەم هەڵدەگرم، کاتێک ئەم شەقامانە دەبڕم، بە شانازییەوە دەڕۆم. کاتێک سەیری هەر گۆشەیەکی خاکەکەم دەکەم کە بە خوێن و باج ئاو دراوە، بەڵێنم بۆ هەموو شەهیدانی فەرمانەکە نوێ دەکەمەوە، من ئێستا جەنگاوەری ئەم خاکەم.

 

قژی بۆ ئازادی شاردەوە

بێریتان لە یەک هەناسەدا هەموو ئەو شتانەی گێڕایەوە کە ئەزموونی کردبوو. بێریتان لەکاتێکدا بەو ڕێگایانەدا تێدەپەڕێت، تێبینی ئەوە دەکات کە باڵندەکان لە مووی ژنان هێلانەیان دروست دەکرد، ئەمە قژی ئەو دایکانە بوو کە لە ڕۆژی فەرمانەکەدا لە بازاڕی کۆن کوژران و دەستدرێژییان کرایە سەر و کۆرپەکانیان پارچە پارچە کرابوون و به‌ ده‌رخواردیان دراوه، قژی کچەکان کە هێشتا منداڵ بوون، کەوتە ژێر زەوی. بێریتان ئێستا قژی بۆ ئازادیی درێژ کردووەتەوە، ئێستا سروشت شاهیدیی بۆ ئەو ئازارانە دەدات، کە پێیدا تێپەڕین.

 

کۆتاییهات..