چاولێکەری هۆکارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان

زۆرکات نەمانی چارەسەر لە نێوان کێشەکانی ژن و مێردا بە جیابوونەوە کۆتای دێت، تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و دراما بیانییەکان یەکێکن لە هۆکارەکان، پارێزەرێکیش دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئیستا پێویستە پەروەردەی تاک بە بنەما بگرین.

 

شنیار بایز

سلێمانی  - جیابوونەوە یاخود تەڵاق بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی ژن و مێرد، لە ئیسلامدا تەڵاق ناکەوێت، تەنها بەو یاسایانە نەبێت کە بۆی دیاریکراوە، سەبارەت بەم پرسە لە مادەی ٣٤ ی یاسای باری کەسێتی هاتووە دەڵێت "تەڵاق هەڵگرتنی قەیدی هاوسەرێتییە، لەکاتێکدا پیاو یاخود ژن تەڵاق بخات، ئەگەر تەوکیل کرابوو یان تەوفیز کرابوو لە لایەن دادوەرەوە"، جیابوونەوە بووە بە دیاردەیەکی دیار لە ناو کۆمەڵگای ئێستادا و دەبێتە هۆی شێواندنی باری کۆمەڵایەتی و تەندروستی دوو خێزان، لە کاتێکدا نەمانی هیچ ئومێدێک نەبێت بۆ چارەسەری کێشەی خێزانی، جیابوونەوە باشترین چارەسەرە بەڵام نەک وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆش بچوکترین هۆکار ببێتە مایەی لێکترازانی خێزانەکان.

هۆکاری جیاواز هەن بۆ جیابونەوەی خێزانەکان بەڵام بە پێی توێژینەوەیەک لە زانکۆی Utah لە ئەمەریکا ئەنجام دراوە، پێنج هۆکاری سەرەکی هەن بۆ ئاسانکرنی جیابونەوە، ئەوانیش تێڕوانینی هەڵە لەسەر هاوسەرگیری، هەردوو ڕەگەز پێش چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیریەوە دنیایەکی خەیاڵی بۆخۆیان دروست دەکەن بەڵام دواتر بۆیان دەردەکەوێت ژیانی ڕاستی بەو جۆرە نییە کە بیریان لێدەکردەوە، ڕۆتینی کارەکان، دابەشکردنی کار و فەرمان لە نێوان خێزاندا و ئەنجامدانی کاری ناوماڵ بە بێزاری هۆکارێکی دیکەیە کە سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە، چاولێکەری هۆکارێکی دیکە بۆ پەرەسەندنی ڕێژەکە، لەگەڵ ئەوانەشدا سەرقاڵبوون بە کاری ڕۆژانەوە و لێک دووربوونی هاوسەرەکان لەیەکتر دەبێتە هۆی ساردبونەوەی پەیوەندیە سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکان و جیابوونەوەیان.

ساڵ بە ساڵ ڕێژەی جیابوونەوەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات، دەشبێت کۆمەڵێک هۆکار هەبن بۆ زیادبوونی ئەم پرۆسەیە، یەکێک لە هۆکارەکان فلیم و دراما بیانییەکانن، تایبەترینیان دراما تورکیەکان کە بوەتە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگای کوردیەوە، و خیانەت ولێک تێنەگەشتن و کۆمەڵێک هۆکاری دیکەیان لێکەوتووەتەوە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتیان وەک ناوەندێکی شاردنەوەی ڕاستییەکان

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر هۆکارن بۆ جیابونەوەی ژن و مێرد و تێکدانی خۆشبەختی خێزانی، بەکارهێنانی ناتەندروستی لە لایەن گەنج و زوو تێکەڵبوونی ژن و پیاو وای کردووە زۆر گرنگی بە بابەتە بنەڕەتییەکانی ژیان نەدرێت، چاودێریکردنی ژیانی خەڵک لە تۆڕەکانەوە و دەرنەکەوتنی کێشەکان و ژیانی ڕاستی تاک تیایاندا، هۆکارە بۆ دروستبوونی ناکۆکی و زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە، لە ئێستادا خیانەتکردنی پیاوان و چاوخستنەسەر ژنان لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی دڵپیسی و کێشەی خێزانی.

لەگەڵ ئەوەی تەکنەلۆژیا سوودی ژیانیی هەیە، بەڵام بەهۆی خراپ بەکارهێنانیەوە پەیوەندی نادروست و نایاسایی لە پەرەسەندندایە، جگە لەم لایەنەش تەکنەلۆژیا هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بینینی ڕوبەڕوو، خەڵک زیاتر بە دیار شاشەکانیانەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن.

بەکارهێنان و بەدواداچوونی ماڵپەڕە وروژێنەرەکان کە ساڵانە بە ڕێژەیەکی زۆر سەردانیکەری هەیە یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کاریگەری نەرێنی لەسەر خێزان دروست دەکات، سەپاندنی ئەو شێوازی پێکەوەبوونە لە لایەن ژن و مێردەوە و قبوڵ نەکردنیان، هەستکردن بە لاوازی جنسی یەکتر لەچاو ئەوەی لە فلیمەکاندا دەیبینن هۆکارن بۆ دروستبوونی کێشە و پەنابردنی پیاوان بۆ خیانەت و هێنانی ژنی دووەم.

یەکێکی تر لە هۆکارە بەرچاوەکان بە تایبەت لە باشووری کوردستان، خراپی باری دارای خێزانەکانە بووەتە کێشەی سەرەکی، هەژاری و خراپی ئاستی ژیان باڵی بەسەر چینێکی کۆمەڵگادا کێشاوە، توانای پێنەدانی کرێی خانوو لە لایەن کرێچیەکانەوە و دابین نەکردنی ژیانێکی بێ کەموکورتی لە لایەن خێزانەکانەوە بۆ منداڵەکانیان هۆکاری دروستبوونی کێشەن لە نێوان ژن و مێرددا و ئەنجامەکەی بە جیابوونەوە کۆتای دێت.

لێکەوتەی خراپی هاوسەرگیری پێشوەختە لەسەر ژنان جێدەمێنیت

هاوسەرگیری پێشوەختە و بە زۆر بەشوودانی ژنانی گەنج لە پێناو بڕێک پارە و شیربایی، نەگەشتن بە تەمەنی هاوسەرگیری، هۆکارن بۆ دروستبوونی کێشە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، سەرباری بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زۆر لەسەر ئەم بابەتە لە لایەن مامۆستای خوێندنگە و توێژەر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەڵام ڕێژەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لە هەڵکشاندایە، هەرچەندە زەرەرمەندانی جیابوونەوە دوو لایەنەیە و تەنها بۆ رەگەزێک نییە، بەڵام بە هۆی کۆمەڵگای کوردی پیاوسالارییەوە، پیاوان دەرفەتێکی واڵاتریان لەبەردەمدایە، پسپۆڕانی خێزانیش پێیانوایە شکستە هاوسەرگیرییەکان زیاتر جێکەوت لەسەر ژن دروست دەکات و لە کۆمەڵگاشدا چاوی زیاتریان لەسەرە، ئەمەش وادەکات ماڵە باوانیان چاودێری زیاتریان بکەن و مامەڵەیەکی جیاوازتریان لەگەڵدا بکەن.

 

سلێمانی زۆرترین کەیسی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە

بە پێی ئامارەكانی ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە، زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە كە ٣ هەزار و ٤٨٨ حاڵەت بووە، لە گەرمیان كەمترین حاڵەت تۆمار كراوە كە ٦٨٩ حاڵەتە، هەرچی پارێزگای هەولێرە، لە پلەی دووەم دایە بە ٣ هەزار و ١١٥ حاڵەت، پارێزگای دهۆكیش لە پلەی سێیەمدا دێت كە هەزار و ١٢٩ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە.

سەبارەت بەم دیاردەیە پارێزەر چرۆ شوانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕوونی دەکاتەوە کە پێشتریش جیابوونەوە هەبووە بەڵام ڕێژەکەی هێندە زۆر نەبووە بە بەراورد بە ئێستا، دەربارەی هۆکارەکانیش دەڵێت: " هۆکارەکانی جیابوونەوە لە پێشتردا شتانێکی ئاسایی بوون یان نەگونجانی خێزان بووە یان بەهۆی نەزۆکی و کۆمەڵێک کێشەی خێزانیەوە بووە، بەڵام لە ئێستادا هۆکارەکان زۆر گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و گەنجەکان خۆیان بڕیار دەدەن بێ گوێدانە ناسینی کەسی بەرامبەر، ئامادەش نین گوێڕایەڵی خێزانەکانیان بن، هەروەها چاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دراما دۆبلاژکراوە تورکیەکان دەکەن".

لە وەڵامی چارەسەری چییە بۆ کەمکردنەوەی جیابوونەوە، وتی: "چارەسەری سەرەکی بریتییە لە بەرەو پێشچوونی پەروەردەی تاک، کردنەوەی خولی تایبەت بەو گەنجانەی دەیانەوێت ژیانی هاوسەرێتی پێکبهێنن، هەروەها دەسەڵات فلتەر بخاتە سەر دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕێگە بە پەخشکردنی هەموو جۆرە بەرنامە و درامایەک نەدات".

 

ت.پ