چارەسەرکردنی کێشەی ژن یەکێکە لەسەرەکیترین هۆکارەکانی ژیانی ئازاد

بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر لە ناو تەنگەژە و کێشەکاندا ژیاوە، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە درێژایی پێنج هەزار ساڵ ژنان ناچار کراون لە ژێر فشار و چەوساندنەوەی شارستانیەتی ناوەندیدا بژین.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- کێشەی ژن، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەیە، بە گوزەرکردن بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی دەسەڵاتدارییەکی پیاوانە دەبینین، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "ژن ئەو مرۆڤەیە کە لە دژوارترین دۆخدا دەژی، ژن بوون واتای بوونە بەو مرۆڤەی کە لە خراپترین دۆخدا توانای ژیانی هەیە، ئەو چەوسانەوە و سەرکوتکردن و فشارە توندەی لەسەر کۆمەڵگە بەڕێوە دەبرێت چەندین جار توندتر لەسەر جەستە و ڕەنجی ژن پەیڕەو دەکرێت.

 

لەمەوە دەردەکەوێت، یەکەمین سیستمی چینایەتی بەر لە دەسەڵات لەسەر گەنجان و ژنان بونیاد نراوەو لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا دەبینین کە ئەم ئەقڵیەتە چۆن بە ڕێگای جیاواز، لەوانە؛ توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان، ڕۆڵ، ڕەنج و ئیرادەی ژنانی پشتگوێ خستووە، سیستمی دەسەڵاتداری لە ڕێگای دەوڵەتەوە کۆمەڵگە بەڕیوە دەبات و بە گۆڕینی هەر خێزانێک بە دەوڵەتێکی بچووک، جارێکی دیکە توندوتیژی جیاواز لە بەرامبەر ژن ئەنجام دەدات،  لە خێزانێکی بەم شێوەیەدا، ژن تەنها بە چاوی ئامێرێکی وەچەخستنەوە و گەورەکردنی منداڵ سەیر دەکرێت و ڕۆڵ و پێگەیەکی دیکەی نییە، هەر بۆیە ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: تا وەکو لە ناو کۆمەڵگە ژیانێکی ڕاست لەگەڵ ژن بەدی نەیەت، ئەوا ژیانێکی واتادار جێگای باس نابێت، لە میانەی درککردن بەو ڕاستییەی کە مانادارترین و جوانترین ڕۆڵی ژیان لەگەڵ ئەو ژنە بەدیدێت، کە بە تەواوەتی سەرفرازی و کەرامەتی خۆی بە دەست هێناوە، پێویستە پەرە بە وتە و کردەوەکانمان بدەین.

 

کاتێک باس لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان دەکرێت، یەکێک لەو شتانەی کە بەردەوام بە بیردا دێت دیموکراسی و یەکسانیە، بەڵام ئەم چەمکانە بۆ ژنان بە تەواوەتی تێپەڕ نەبووە و یەکێک لەو بابەتانە کە سۆسیۆلۆژیای وڵاتە ڕۆژئاواییەکان پەردەپۆشی کردووە دووبارە خێزان و ژنە؛ بابەتێک کە ژن تیایدا بە هۆی بوونی بیرێکی پیاوسالارانە، لە بواری جەستەیی، ناسنامە، ئیرادە و بوونی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.

 

سیستمی سەرمایەداری کە ناوەندەکەی ڕۆژئاوایە وەک کاڵایەک مامەڵە لەگەڵ ژن دەکات و ئەمە خۆی یەکێکە لە توندوتیژییە سەرەکییەکانە کە لە بەرامبەر ژن دەکرێت. عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، بە تیشک خستنە سەر ئەوەیکە کۆیلایەتی ژن لە سەردەمی سەرمایەداریدا کۆیلایەتی بازارە و هێندە قووڵە کە گشت خانە و پێکهاتەکانی جەستەی دەکرێن بە کاڵا، لە چارەسەرەی ئەم کێشانە دەڵێت: "چارەسەرکردنی کێشەی ژن، یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ژیانی ئازاد، کە لە بواری تیۆریی و کردارییەوە پێویستیان بە هەوڵ و کۆششێکی گەورە هەیە'.

 

''ئەوەی پێویستە شۆڕشی ژنە''

ڕەگەزگەرایی؛ لقێکی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە کە بنەمای توندوتیژییەکانی دژی ژنان لە خۆدەگرێت و بە شێوازە جیاوازەکان ڕۆژانە لە ژیانی ژناندا خۆی دەردەخات، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: ئەوەی پێویستە 'شۆڕشی ژنە، کە گشت بوارەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە، بەر لە هەر شتێک شەڕێکی بەردەوام بەرامبەر بە ئایدۆلۆژیای ڕەگەزگەرایی پێویستە.

 

گرنگی تێکۆشان لە مێژووی هەموو نەتەوە، وڵات و توێژەکاندا دیارەو ئەم تێکۆشانەش ڕەنگێکی جیاواز بە ژیانی ژنان دەدات، کە هەر لە زەمانی خواوەندەکاندا تا ڕۆژی ئەمڕۆماندا دەبینین ژنان چۆن لە بەرامبەر زەخت و توندوتیژییەکانی ئەقڵییەتی پیاوی دەسەڵاتدار تێکۆشان دەکەن، ڕێبەری گەلی کورد سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا دەڵێت: پێویستە وەک قووڵترین پەیوەندی دۆستایەتی، هەڤاڵێتی و کۆمەڵگەبوون ببیندرێت کە جوانی، دڵسۆزی و ڕەسەنایەتی لێدەکەوێتەوە و هاوبەشێتی یەکسان و ئازاد بەبنەما دەگرێت.

 

بارودۆخی ئیستای ژنان، بە تایبەت لە باشووری کوردستان، کە توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕەگی خۆی داکوتیوە و ساڵانە بە سەدان ژن دەکوژرێن، دەسووتێنرێن و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە بە تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ ئەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت ڕیشەکانی خۆی قووڵتر دەکاتەوە و توندوتیژی، کوشتن، دەستدرێژی، هەراسانکردنی ژنان زیاتر دەکات، هەروەک چۆن عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "ئەگەر شۆڕشێکی ڕیشەیی ئەنجام نەدرێت، واتا گۆڕانکاری لە ئەقڵیەت و ژیانی پیاودا ڕوونەدات، ڕزگاری ژیان هەر جێگای باس دەبێت". بۆیە دەتوانرێت شیکارکردنی کێشەی کۆمەڵگە لە ڕێگای ژنەوە لە میانەی هەمان دیاردەشەوە هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی پەیرەو و میتۆدێکی ڕاستە، تەنها کاتێک شۆرشی ژن-دایکی ڕێگە چارەکان- بەسەر دایکی کێشەکاندا بسەپێنرێت ئەوکاتە لە میانەی هەنگاوی ڕاستەوە دەتوانین بە حەقیقەت بگەین.

 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان،  ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر ژندا سەپێندراون، بە ناپاکی و خیانەت لە ژیان ناو دەبات و دەڵێت: پێویستە بەشێوەیەکی بنەڕەتی ژن و پیاو وەک موڵک و خاوەنی یەکتری دەستبەرداری یەکتر بن، لە جیاتی چەمکی شەرەفی نەریتی باو، پێویستە سەرنجڕاکێشی کەسایەتی ڕەسەن و جوانییەکەی پەسەند بکرێت، کۆمەڵگەی دیموکراتیک؛ کۆمەڵگەیەکە پێویستی بە زهنی ژن و ئیرادە ئازادەکەی هەیە، بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا نوێگەری دیموکراتیکی چاخی شۆڕش و شارستانێتی ژنە، هەلومەرجی ئەمڕۆمان، شۆڕشی ژنی سەدەی بیست و یەکەم، وەک مەرجێک بەسەرماندا دەسەپێنێت.