بڕیاری ١٣٢٥ لە هەرێمی کوردستان...٣

هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق بەشداری لە جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥دا کردووە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی تەواو پلانەکان جێبەجێنەکراون، ئەندامی ڕێکخراوێکیش دەڵیت وەک پێویست کار لەسەر بڕیارەکە نەکراوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ساڵی ٢٠١٤ عێراق پابەند بوونی خۆی بە بڕیاری ١٣٢٥ لەسەر ئاستی جیهاندا ڕاگەیاند، ئەم پابەند بوونە هەرێمی کوردستانیشی گرتەووە، هەرچەندە لەو کاتەدا پلانێکی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ پەسەند کرا، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرت، بەشێوەیەکی  پێویست جێبەجێنەکرا.

 

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو پلانە کە خۆی لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، یاساییەک دژی توندوتیژی خێزانی و دامەزراندنی خانەی داڵدەدان دەبینییەوە، لە هەرێمی کوردستاندا هەبوون، بەڵام بەشێک لە خاڵەکانیش جێبەجێنەکراون و وەک خۆی ماونەتەوە.

 

پلانێکی نوێی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ یەکێکە لە ئەرکە لەپێشینەکانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە پەیڕەو و ئامانجەکانی خۆیدا نووسیویەتی و وەک ئەرکێک دەبێت کاری لەسەر بکات.

 

لە ئێستادا لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکی نوێی جیاوازە لە عێراق تا کار لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ بکات، کە لەگەڵ ئەو پلانەی بڕیارە حکومەتی عێراقی دایدەنێت جیاوازە بەڵام بۆ هەمان ئامانج کار دەکەن.

ئەو پلانەی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دانراوە، سەرەتا ڕەشنووسەکەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان نوسراوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت بەجیا وە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی لە دوو ۆرکشۆپی جیاوازدا گفتوگۆی لەسەر کراوە.

 

گفتوگۆ لەبارەی پلانەکەوە دەکرێت

دواتر بە کۆی هەموویی پلانێک ئامادەکراوە، بڕی پێویستیش لە بودجەکەی بۆ خەمڵێندراوە تا لەلایەن حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستانیشەوە بۆی دابین بکرێت، ئێستاش لەلایەن لیژنەیەکەوە بە سەرۆکایەتی د.خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەڕێوەدەبرێت، خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران، تا ئەوانیش پەسەندی بکەن، ئەو خاڵانەی کە جێبەجێنەکراوە کاری لەسەر بکرێت.

ئەگەرچی بڕیارەکە لە ئاستی باڵادا تا ڕادەیەک هەوڵی ناساندن و کارکردن لەسەری دراوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی ئەو بڕیارەوە نییە.

 

ڕێکخراوی ئەزموون یەکێکە لەو ڕێکخراوەنەی لە پڕۆژەیەکی شەش مانگیدا بەناوی "پڕۆژەی ١٣٢٥ی پلانی نیشتیمانی" هەوڵیدا هاوڵاتیان لەم بڕیارە هۆشیار بکاتەوە، ڕێکخراوی ئەزموون بە پاڵپشتی ڕێکخراوی ئاسوودە پێنج ۆرکشۆپی بۆ ناساندی بڕیاری ١٣٢٥ ئەنجامداوە، لە هەر ۆرکشۆپێکیشدا ٢٥ بۆ ٣٠ کەس ئامادەبوون.

"هاوڵاتیان ئاگاداری بڕیاری ١٣٢٥ نین"

ڕاژان جەمیل، ڕێکخەری پڕۆژەکە لە شاری سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زۆرینەی بەشداربووانی ۆرکشۆپەکە لەسەرەتادا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی بڕیارەکەوە نییە، کە بەشداربوان قوتابی، ڕۆژنامەنووس و کەسانی حکومی بوون، هاوکات چەندین پۆستەر و نامیلکەیان لەبارەی بڕیارەکەوە بڵاوکردووەتەوە.

 

هەروەها پێی وایە کە دەبێت زیاتر کار لەسەر ناساندن و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بکرێت، تا ئێستاش لە ئاستی پێویستدا کاری لەسەر نەکراوە و پشتگوێخراوە، دەشڵێت "ئەم بڕیارە ئیهمال کراوە، پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت".

ڕاژان ئاماژەی بەوەشدا، "پێویستە هەموو ژنان پێگەی خۆیان بزانن و ئاگاداربن بەرامبەر مافەکانیان و زیاتر بخوێننەوە و بگەڕێن، ئاشنابن بەو بڕیارانە و داوای مافی خۆیان بکەن".

 

لە کۆتایشدا ڕاژان ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە ڕێکخراوەکان کاری خۆیان کردووە، بەڵام پێویستە ئیتر لایەنی بەرامبەر کە حکومەتە کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکات، چونکە تەنها بوونی ژن لە شوێنێک یان دامەزراوەیەکدا گرنگ نییە، بەڵکو دەبێت بۆچوونەکانی بەهەند وەربگیرێت، بۆ ئەوەش پێویستە بە جدی کار لەسەر ئەو بڕيارە بکرێت.

 

ت.پ