بڕیاری ١٣٢٥ چییە؟ ...١

بڕیاری ١٣٢٥ لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ناوی "ژن، ئاشتی، ئاسایش" دەرکرا، کە یەکەم بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشە لەبارەی ژنان دەرکرابێت، بەڵام کەمترین وڵات کارییان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە کردووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بڕیاری ١٣٢٥ لە ڕۆژی ٣١ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ناوی "ژن، ئاشتی، ئاسایش" دەرکرا، کە یەکەم بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشە لەبارەی ژنان دەرکرابێت، ئەمەش پاش دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنیەکانی جەنگەکان لەسەر دۆخی ژنان.

 

بڕیاری ١٣٢٥ پاش کۆنفڕانسی جیهانی تایبەت بە ژنان بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری پەکین ئەنجامدرا، تێیدا ژنانی زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بوون، لە هەرێمی کوردستانیش پەخشان زەنگەنە بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بوو، کە تایبەت بوو بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ژنان و بەربڵاوی توندوتیژییە سێکسیەکان بۆ سەر ژنان لەسەر ئاستی جیهان، بۆسنا و وڵاتانی ئەفریقا.

 

پێویست بوو ڕێوشوێنی تایبەت بە کێشەی ژن بگیرێتە بەر

لەم بڕیارنامەیەدا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی و وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، کە ڕێوشوێنی تایبەت بە کێشەکانی ژنان بگرنەبەر، کە پەیوەستن بە بەشداری ژنان لە پڕۆسەکانی بڕیارداندا، جیاکاری ڕەگەزی نەهێڵدرێت، هەروەها ژنان مافی بەشدارییان لە بواری سەربازییدا هەبێت.

 

بە یەکێک لە بڕیارە گرنگەکان بۆ ژنان ئەژمار دەکرێت، چونکە ئامانج لێی بەستنەوەی ئەزموونی ژنانە بە ململانێ چەکدارییەکانی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، پاراستنی ژنان لە توندوتیژی جەستەیی و جیاکاری، ڕێگریکردن لە لێبوردنی گشتی دژی ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دراون.

 

لە دەرچوونی ئەم بڕیارەدا ڕێکخراوە ناحکومییەکانی داکۆکیکار لە بواری ژنان ڕۆڵێکی تەواو کاریگەرییان هەبووە، فشارییان لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە تا بڕیارەکە دەربکات، دۆخی سەختی ژنان بخاتە بەرچاوی جیهان.

 

جێبەجێکردنی بڕیارەکە

بۆ جیبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن سکرتاریەتی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕیاری ١٨٨٩ دەرکرا، کە پێکهاتووە لە چوار بنەمای سەرەکی بۆ پاراستنی ژنان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەوانیش: ڕێگریکردن، پاراستن، بەشداریکردن، دەستپێکردنەوە.

 

ڕێگریکردن: جەخت لە ڕێگریکردن لەلایەن هێزەکانی ئاشتی پارێزەوە  بۆ نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی و جێندەری دەکاتەوە، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی چەوسانەوەی سێکسی و دەستدرێژی.

 

پاراستن: ئەم بنەمایە خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی مافەکانی ژنان و باشکردنی ژیانیان لە ڕووی تەندروستی جەستەی و دەروونی، یاسایی، ئاسایشی ئابووری و سەرجەم سێکتەرەکان.

 

بەشداریکردن: مەبەست لێی بەشداریکردن و زیادکردنی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیارداندا لە پڕۆسەی ئاشتی و دامەزراوەکاندا، هەروەها زیادکردنی ژمارەی ڕێکخراوەکانی داکۆیکار لە مافی ژنان، زیادکردنی ژنانە لە پۆستە باڵاکانی ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆی پڕۆسەی ئاشتی لە ئاستی جیهاندا.

 

دەستپێکردنەوە: بریتییە لە دووبارە هاوکاریکردنی ژنان و دابەشکردنی یارمەتی بە یەکسانی بەسەر هەموو ژناندا تا دووبارە دەست بە ژیان بکەنەوە و یارمەتی بدرێن دوور لە جیاکاری ڕەگەزی ژیانێکی نوێیان هەبێت.

وڵاتانی بەشدار لە بڕیارنامەکەدا

لەسەر ئاستی جیهان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ بەشێک لە وڵاتان و هەرێمەکان بڕیارەکەیان جێبەجێکردووە، بەتایبەت لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی ناتۆ ئەندامی ژن لە پۆستی باڵا و خاوەن بڕیاردا هەیە.

 

ئەو وڵاتانەی بەڵێنی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ داوە، لە ئەفریقا ژمارەییان ٢٦ وڵاتە، لە ئەمریکا ٩ وڵات، لە ئاستی وڵاتانی زەریایی هێمن و ئاسیا ١٣ وڵات، لە ئەوروپا ٣٥ وڵات، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقازیش ٩ وڵات بەشدارن، کە عێراق یەکەم وڵاتە بەشداری ئەو بڕیارنامەییەی کردووە.

 

ئەگەرچی کۆی گشتی زیاتر لە ٩٢ وڵات پابەندی خۆیان بە بڕیارنامەکەوە دەربڕیووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ساڵی ٢٠١٥ تەنها ٪٣٢ وڵاتان کاریان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەکردووە.

 

سبەی: بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکە لەسەر "حکومەتی عێراق کاری جدی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ ناکات".

 

ت.پ