بەشداری ژن لە سیاسەتی عێراقدا ...٢

شاژنە عالیە، شاژنێکی ژیر و زیرەک بووە، بەڵام سیستمی دیکتاتۆری لە عێراقدا دەنگی ژنانی تەواو لاواز کرد، ژنان پاش ڕووخانی دیکتاتۆریەت چەندین پۆستی حکومییان بەدەستهێنا.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- عێراق لە ساڵی ١٩٢١ لەلایەن بەریتانیەکانەوە دامەزراوە، بنەماڵەی هاشمییەکان فەرمانڕەوایەتی پاشایەتییان کردووە، ماوەی فەرمانڕەوایەتی بنەماڵەی هاشمییەکان کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری مەککەی سعودییە بوون ٣٦ ساڵبووە، تێیدا سێ پاشا هەبوون.

 

یەکێک لە دیارترین شاژنەکانی عێراق، شاژن عالیە بووە، لە ساڵی ١٩١١ لە مەککە لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٢٥ هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە غازی کوڕی پاشا فەیسەڵی یەکەم کردووە، عالیە لە ساڵی ١٩٣٥ یەکەم منداڵی بوو، کە شازادە فەیسەڵی یەکەم بووە.

 

پاشا غازی، متمانەیەکی زۆری بە شاژنە عالیە هەبووە، عالیە ژنێکی ژیر و زیرەک بووە، بیرتیژ و وریا بووە، لەبەر ئەوە پاشا غازی لە بڕیارەکانیدا ڕاوێژی لەگەڵ کردووە، کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی هەبووە، پاشا غازی لە ساڵی ١٩٣٩ بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

 

شاژنە عالیە لەسەر پرس و ڕووداوەکان ڕاوێژی پێدەکرێت

لەکاتی مردنی پاشا غازی شازادە فەیسەڵ تەمەنی چوار ساڵبووە، بۆیە تا گەیشتن بە تەمەنی یاسای ١٨ ساڵ، شازادە عەبدولئیلاه حوکمی عێراق دەکات، بەڵام بەردەوام گفتوگۆی ڕۆژانەی لەگەڵ شاژنە عالیە دەکات، لەبارەی ڕووداوەکانەوە پرسی پێدەکات، بۆچوون و ئامۆژگارییەکانی وەردەگرێت.

 

عالیە، پاش مردنی غازی، بەشێکی زۆری کاتەکانی بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەی بۆ پاشای داهاتووی عێراق تەرخاندەکات، کەسێکی لێبووردە و دەمبەخەندە بووە، لە ساڵی ١٩٥٠ بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایکردووە.

 

لە ساڵی ١٩٥٨ پاش کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم و ڕوخاندنی سەردەمی پاشایەتی لە عێراقدا، عەبدولکەریم قاسم دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق، دواتریش لە ١٩٦٣عەبدولسەلام عارف کودەتا دەکات بەسەر عەبدولکەریم قاسم، دواتریش ئەحمەد حەسەن بەکر ساڵی ١٩٦٨ دەبێتە سەرۆک کۆمار، دواتریش لە ١٩٧٩ سەدام حسێن دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق، تا ٢٠٠٣ بەردەوام دەبێت.

 

لە ماوەی ململانێ سیاسییەکانی ئەو ٢٢ ساڵەدا ژنان ڕۆڵیان تەواو لاواز دەکرێت لە سیاسەتدا، بەڵام کۆی گشتی پاش ڕووخانی سەردەمی پاشایەتی تا ٢٠٠٥ تەنها دوو ژن بوونەتە وەزیر، ئەوانیش:

 

نەزیهە دلێمی

نەزیهە دلێمی، چالاکوانێکی بواری ژنان بووە لە عێراقدا، ساڵی ١٩٢٣ لە بەغدا لەدایکبووە، کۆلێژی پزیشکی خوێندووە و یەکەم ژنە لە عێراق و سەرجەم وڵاتانی عەرەبیدا بووەتە وەزیر، کە وەزیری شارەوانییەکان بووە لە حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسمدا.

 

نەزیهە دلێمی، ئەندامی حزبی شیوعی عێراقی بووە، ڕۆڵی سەرەکی لە دەرکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقدا هەبووە، هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی ناوچەی سەدری ئێستا، لە ١٩٥٩ تا ١٩٦٠ وەزیری شارەوانییەکان بووە، لە ٢٠٠٧ کۆچی دوایکردووە.

 

سوعاد خەلیل

سوعاد خەلیل ساڵی ١٩٢٨ لەدایکبووە، یەکەم ژن بووە کە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بووە، لە سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکردا ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٢ لەو پۆستەدا بووە، دکتۆرای لە پەروەردەدا هەبووە، لە ١٩٩٥ کۆچی دوایکردووە.

 

پاش ئەم دوو ژنە، حکومڕانی سەدام حسێن، کە دیکتاتۆر بووە، بوونی ژنی تەواو لاواز کراوە، ئەرکی ژن تەنها بوون و بەخێوکردنی منداڵ بووە، ژنان تەنانەت نەیانتوانیوە چالاکییەکانیان بە ئاشکرا بکەن، ژن لە سیاسەت و فەرمانڕەوایەتی عێراقدا بە هەموو شێوەیەک نەهێڵراوە.

 

پاش ڕوخانی حکومەتی بەعس و لە ٢٠٠٣ دواتر چەندین ژن لە پلە و پۆستی جیاوازی عێراق دەرکەوتن، لەوانەش:

 

نەسرین بەرواری، لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٤ وەزیری شارەوانی و کاروباری گشتی بووە لە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراقدا، سەوسەن عەلی ئەلشەریفی، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٥ وەزیری کشتوکاڵی عێراق بووە.

 

باسکاڵ ئیشو وەردە، یەکەم ژنە مەسیحی عێراق بووە کە وەزیری کۆچ و کۆچبەر و ئاوارەکان بووە لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٥، موشکات ئەلموئمین لە هەمان ماوەی باسکال وەزیری ژینگە بووە، هاوکات لەیلا عەبدول لەتیف وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە.

 

نەرمین عوسمان یەکێکی دیکە لە ژنە دیارەکان، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٠ وەزیری ژینگە، کاروباری ژنان و مافی مرۆڤ بووە، لە ماوەی جیاوازدا.

 

لە ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦ ئەزهار ئەلشیخلی وەزیری کاروباری ژنان بووە، جوان فوئاد مەعسوم وەزیری پەیوەدنییەکان بووە، باسمە یوسف بەتراس وەزیری زانست و تەکنەلۆژیا بووە، سوهەیلە عبدولجەعفەر وەزیری کۆچ و کۆچبەران و پەنابەران بووە.

 

لە ٢٠٠٦ تا ٢٠١٠ بەیان دزەیی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بووە، ویژدان میخائیل وەزیری مافی مرۆڤ بووە، فاتن عەبدولڕەحمان وەزیری کاروباری ژنان ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٧ بووە، نەوال مەجید ئەلسامرائی، لە ٢٠٠٨ تا ٢٠٠٩ وەزیری کاروباری ژنان بووە

 

خلود عزارە ئال مەعجون، وەزیری کاروباری پارێزگاکان و وەزیری کاروباری ژنان بووە، بوشرا حسێن وەزیری دەوڵەت بووە، ئیبتهال کاسد وەزیری کاروباری ژنان لە ٢٠١١ تا ٢٠١٤ و وەزیری پەروەردە لە ساڵی ٢٠١٣ بووە.

 

بەیان نوری وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ژنان ٢٠١٤ تا ٢٠١٥، عادیلە حەمود لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ و وەزیری ژینگە بووە و وەزیری تەندروستیش بووە لە ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠١٨.

 

ئەن نافع ئەوسی لە ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و خانووبەرە و شارەوانییەکان و کارە گشتییەکان بووە، سوها علی بەگ، وەزیری پەروەردە لە ٢٠١٩ تا ٢٠٢٠ بووە، لەم خولەی ڕابردووی حکومەتیشدا نازەنین محەمەد وسو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و خانووبەرە و شارەوانییەکان و کارە گشتییەکان بووە، ئیڤان فائق وەزیری کۆچ و کۆچبەران بووە، هەیام نیعمەت وەزیری کاروباری ئەنجومەنی نوێنەران بووە.

 

لە ئێستاشدا کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو، ژنان توانییان ڕێژەیەکی زۆری دەنگی گەل بەدەستبهێنن و ٩٧ ژن سیستمی کۆتا تێبپەڕێنن و ببنە ئەندام پەرلەمان و لە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدان تا چەند ژنی دیکە بتوانێت لە پلەکانی وەزیر و جیاوازتردا جێگە بگرێت.

 

سبەی: بەشداری ژنانی عێراق لە حکومەتدا

 

ت.پ