بێریڤان خالید: کۆنگرەی ستار دەرفەتی پێشکەوتن بە ژنان دەدات

بێریڤان خالید، ئەندامی کۆوردیناسیونی کۆنگرەی ستار، دەڵێت: کۆنگرەی ستار زۆر پرۆژە و دەرفەتی بۆ ژنان پێشخستووە تاوەکو ژنان بتوانن خۆیان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ ببن، هێزی خۆیان پێش بخەن و لە بڕیارداندا خاوەنی ڕۆڵێکی چالاک بن.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ- هەموو ساڵێک لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چالاکی و کەمپەینی جیاواز ڕێکدەخرێن بۆ ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر توندوتیژی دژی ژنان و گرنگیی تێکۆشان لە دژی، ئەم ڕۆژە تەنها ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو ژنانە نییە کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژین، لە هەمان کاتدا ئامڕازی بەرخۆدان، ئازادی و داواکاریی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانیشە.

 

مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠، کاتێک سێ خوشکی میرابال، پاتریا، مینێرڤا و ماریا تێرێزا، لە کۆماری دۆمینیکان بەهۆی چالاکیی سیاسی و دژایەتیکردنی ڕژێمی دیکتاتۆر ڕافائیل تروخیلۆ کوژران، ئەوان بە ناوی ”لاس ماریپۆساس” واتە ”پەپوولەکان” دەناسران و لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠دا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمەوە کوژران، کوشتنی ئەوان بووە ئاماژەی تێکۆشان دژی ستەم و توندوتیژی.

 

لە ساڵی ١٩٨١دا، بزووتنەوەکانی ژنان ٢٥ی تشرینی دووەمیان وەک ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژی لەسەر ژنان دەستنیشان کرد. دواتر، لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٩دا نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ٥٤/١٣٤ ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژی لەسەر ژنان ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەوە، ٢٥ی تشرینی دووەم بووە دەرفەتێکی نێودەوڵەتی بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان، ئاشکراکردنی ڕاستیی توندوتیژی و بانگەوازکردن لە هەموو کۆمەڵگە بۆ تێکۆشان دژی توندوتیژی.

 

توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە

 

توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە دیارترین کێشەکانی کۆمەڵگەکانی جیهان. ئەم کێشەیە بە جوگرافیا، کولتوور و ئابووری سنووردار نابێت، هەروەها بە شێوازی جیاواز لە ژیانی ڕۆژانەی ژناندا خۆی نیشان دەدات، توندوتیژی تەنها بە لێدان و بریندارکردن سنووردار نییە، هەڕەشە، بێڕێزی، کۆنترۆڵکردنی ژیانی کەسی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، ڕێگریکردن لە مافی خوێندن، دەستدرێژیی سێکسی و بێبەشکردنی ژنان لە مافە ئابوورییەکانیش، لە ناو جۆرەکانی توندوتیژیدان.

 

لە هەمان کاتدا، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا توندوتیژی چووەتە ناو بوارە دیجیتاڵییەکانیشەوە. هەراسانکردن، هەڕەشە، چاودێریکردنی بێ مۆڵەت، بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسی بەبێ ڕەزامەندیی ژنان، لە شێوازە نوێیەکانی توندوتیژین، ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە توندوتیژی کێشەیەکی کەسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشە کە بە نایەکسانیی ڕەگەزی، هزری پیاوسالاری و پەیوەندییەکانی هێزەوە گرێدراوە.

 

ڕاستیی توندوتیژی بە زمانی ژمارەکانە

 

لەم ساڵانەی دواییدا هۆشیاریی نێودەوڵەتی لەسەر توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە، بەڵام ژمارە نێودەوڵەتییەکان نیشانی دەدەن کە ئەم کێشەیە هێشتا بەربڵاوە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی لە هەر سێ منداڵێکی کچی تەمەن ١٥ ساڵ و بەرەو سەرەوە، یەکێکیان لە ژیانیدا ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی یان سێکسیی هاوژینەکەی یان توندوتیژیی سێکسیی لەلایەن کەسانی دیکەوە بووەتەوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ٥٠ هەزار ژن لەلایەن هاوژین و خێزانەکانیانەوە کوژراون، ئەم ژمارەیە نیشانی دەدات کە بە تێکڕا ڕۆژانە ١٣٧ ژن کوژراون، بەڵام ژمارە فەرمییەکان هەموو ڕووداوەکان ناگرنەوە، چونکە زۆربەی ژنان بەهۆی ترس، فشاری خێزانی، شەرم یان نەبوونی پشتگیری ناتوانن ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییەی ببنەوە، تۆماری بکەن. لەبەر ئەمە، پێویستە میکانیزمی بەهێزی تۆمارکردن و بەدواداچوونی ڕووداوەکان هەبێت، هەروەها بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، دەرفەتی پارێزراو بۆ داواکردنی هاوکاری دابین بکرێت.

 

کاریگەرییەکانی توندوتیژی کە لەسەر ژن و کۆمەڵگە دروست دەبن

 

کاریگەریی توندوتیژی تەنها لە کاتی پێکهاتنیدا نیشان نادرێت، بەڵکو دەرئەنجامەکانی دەکرێت ماوەیەکی درێژ بخایەنن و کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ژنان هەبێت، لە ڕووی دەروونییەوە، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە دەکرێت تووشی ترس، دوودڵی، خەمۆکی، بێخەویی و لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون ببن، لە ڕووی جەستەییەوەش، توندوتیژی دەکرێت ببێتە هۆی برینداربوون و کێشەی تەندروستی.

 

هەروەها توندوتیژی دەکرێت دەرفەتەکانی ژنان لە بواری پەروەردە، کار و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتیدا سنووردار بکات، هەندێک ژن بەهۆی فشار و کۆنترۆڵەوە ناتوانن ژیانی کەسیی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بەڕێوە ببەن، منداڵانیش لە دەرئەنجامەکانی توندوتیژی بێبەش نابن، کاتێک منداڵان لە ژینگەی توندوتیژیدا گەورە دەبن، دەکرێت تووشی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی ببن و ئاسایش و متمانەیان بە پەیوەندییە مرۆییەکان زیانی بەربکەوێت، لەبەر ئەمە تێکۆشان دژی توندوتیژی تەنها پاراستنی ژنان نییە، بەڵکو پاراستنی منداڵان و تەندروستیی هەموو کۆمەڵگەکەشە.

 

هۆکارە بنەڕەتییەکانی بەردەوامبوونی توندوتیژی

 

بۆ چارەسەرکردن و بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان، پێویستە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بناسرێن، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان، هزری پیاوسالاری و تێگەیشتنە نەریتخوازەکانە کە ژنان بە کەسێکی خاوەن مافی سەربەخۆ دانانێن، نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری، جیاکاریی ڕەگەزی، نەبوونی یاساکانی پاراستن و بێکاریگەریی جێبەجێکردنیان، دەکرێت مەرجەکانی بەردەوامبوونی توندوتیژی بەهێز بکەن، لە هەندێک کۆمەڵگەدا، توندوتیژی وەک کێشەیەکی ناوخێزانی سەیر دەکرێت و کەسانی دەوروبەر خۆیان لە تێوەگلان بە دوور دەگرن، ئەم بێدەنگییە دەکرێت توندوتیژی نۆرماڵ بکات و ئەو کەسانەی کە ئەنجامی دەدەن، بێبەرپرسیار بهێڵێتەوە.

 

لە لایەکی ترەوە، ترس لە سەرکۆنەکردن، جیاکاری و نەبوونی پشتگیری، دەکرێت ژنان لە ڕاگەیاندنی ڕووداوەکان دوور بخاتەوە، گۆڕینی هزری کۆمەڵگە و بونیادنانی میکانیزمی پارێزراو بۆ پاراستن و کۆتاییهاتن بەم کێشەیە گرنگن.

 

کەمپەینی ١٦ ڕۆژی چالاکییەکان

 

دوای ٢٥ی تشرینی دووەم، کەمپەینی ١٦ ڕۆژی چالاکییەکان دژی توندوتیژی لەسەر ژنان دەست پێ دەکات و تا ١٠ی کانوونی یەکەم، واتە ڕۆژی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێت، ئەم کەمپەینە لە ساڵی ١٩٩١دا لەلایەن چالاکوانانی مافی ژنانەوە دەستپێکرا و بە تێپەڕبوونی كات بوو بە بزووتنەوەیەکی نێودەوڵەتی، لە ئەم کەمپەینەدا ڕێکخراو و دەزگا جیاوازەکان بە ڕێکخستنی کۆنگرە، کۆبوونەوە، سیمینار، چالاکیی پەروەردەیی و کەمپەینی هۆشیاری، کار دەکەن بۆ ئەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگە لەسەر توندوتیژی بەرز بکەنەوە، گرێدانی ٢٥ی تشرینی دووەم بە ١٠ی کانوونی یەکەمەوە گرنگە، چونکە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، بەشێکی بنەڕەتییە لە پاراستنی مافی مرۆڤ.

 

ئامانجی کەمپەینەکە تەنها ئاشکراکردنی توندوتیژی نییە، بەڵکو بێگومان هاندانی دامەزراوە فەرمییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییە بۆ ئەوەی بۆ ڕێگری لێکردنی، هەنگاوی کرداری بنێن.

 

ڕۆڵی یاسا، دەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان

 

یاسا و دەزگا فەرمییەکان لە پاراستنی مافی ژنان و تێکۆشان دژی توندوتیژیدا خاوەن ڕۆڵێکی بنەڕەتیین، بوونی یاساکانی کە توندوتیژی بە تاوان دەژمێرن و میکانیزمەکانی پاراستن دابین دەکەن، دەکرێت مەرجەکانی ئاسایش بۆ ژنان پێش بخەن، پەیماننامەی ئیستەنبوڵ کە لە ساڵی ٢٠١١دا لەلایەن ئەنجومەنی ئەوروپاوە کرایەوە، یەکێکە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە گرنگەکانی ئەم بوارەیە، ئەم پەیماننامەیە پێویستییەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی، پاراستنی زیانبەرکەوتوو و بەدواداچوونی کەسە تاوانبارەکان دیاری دەکات، بەڵام بوونی یاسا بە تنها بەس نییە، پێویستە یاسا بە شێوازێکی کاریگەر جێبەجێ کرێت و ژنان بتوانن بێ ترس بگەنە دەزگا دادوەرییەکان و میکانیزمەکانی پاراستن، لەم پرۆسەیەدا، ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. ئەوان بە کارەکانیان هۆشیاریی کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە، مافی ژنان دەپارێزن و پشتگیری دەدنە ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 

هاوکاریی لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان، دەزگا فەرمییەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەکرێت بنەمایەکی بەهێز بۆ تێکۆشانێکی بەردەوام دادەمەزرێنێت.

 

پەروەردە و ڕاگەیاندن، ئامرازەکانی گۆڕینی کۆمەڵگەن

 

پەروەردە یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر یەکسانی، ڕێزگرتن لە مافی یەکتر و رەتکردنەوەی توندوتیژی، دەکرێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژیدا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. خێزان، قوتابخانە و زانکۆکان پێویستە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیاریەتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەهای یەکسانی لە ناو نەوە نوێیەکاندا پێش بخەن.

 

ڕاگەیاندنیش لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگەدا خاوەن ڕۆڵێکی گرنگە، ڕۆژنامەنووسان دەکرێت بە ڕاپۆرت، لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنەکان ڕاستیی توندوتیژی ئاشکرا بکەن، دەنگی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە بگەیەننە کۆمەڵگە و سەرنج بخەنە سەر بەرپرسیاریەتیی دەزگا پەیوەندیدارەکان، بەڵام لە ڕاگەیاندنی ڕووداوەکانی توندوتیژیدا پێویستە تایبەتمەندی و ئاساییشی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی زیانبەرکەوتوون بپارێزرێن، بڵاوکردنەوەی ناسنامە یان زانیارییە کەسییەکان بەبێ مۆڵەت، دەکرێت جارێکی تر زیانیان پێ بگەیەنێت، ڕۆژنامەنووسێکی بەرپرسیار دەبێت ماف، ڕووخساری و ئاساییشی ژنان لە ناوەندی کارەکانی خۆیدا بگرێت.

 

تێکۆشانی دژی توندوتیژی، بەرپرسیاریەتیی هەموو کۆمەڵگەیە

 

٢٥ی تشرینی دووەم تەنها ڕۆژێکی یادکردنەوە نییە، بەڵکو بانگەشەی بەردەوامکردنی تێکۆشانە ژیانە، توندوتیژیی دژی ژنان بە چالاکیی کاتی و لێدوانی ئاماژەیی کۆتایی نایەت، بۆ چارەسەرکردنی پێویستی بە گۆڕینی هزری کۆمەڵگە، یاسای کاریگەر، میکانیزمەکانی پاراستن و بەشداربوونی چالاکی ژنان هەیە، بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی، تەنها کاتێک دەبێت کە ژنان خاوەن مافی یەکسان بن، لە هەموو بواری ژیاندا بەشداری بکەن و بێ ترس بڕیارەکانی خۆیان بدەن.

 

لەبەر ئەوە، تێکۆشانی دژی توندوتیژی پێویستە لە ڕۆژێک و کەمپەینێک تێپەڕێت و ببێتە بەرپرسیاریەتییەکی ڕۆژانەی خێزان، پەروەردە، ڕاگەیاندن، دەزگا فەرمییەکان و هەموو کۆمەڵگە، ئەو کۆمەڵگەیەی کە ماف و ئازادیی ژنان دەپارێزێت، کۆمەڵگەیەکە کە داهاتوویەکی یەکسان و بێ توندوتیژی بونیاد دەنێت.

 

لە ئەم چوارچێوەیەدا، بێریڤان خالید، ئەندامی کۆوردیناسیونی کۆنگرەی ستار لەسەر دۆخی توندوتیژیی دژی ژنان و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ تێکۆشان لە دژی، وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرەکەمانیدایەوە.

 

 

لەم کاتەدا چ جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان زۆرترە و ئەم دۆخە چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی ژنان و کۆمەڵگە هەیە؟

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئێمە بە ڕێزەوە هەموو ژنانی تێکۆشەر، ئازادیخواز کە لەم ڕێگەیەدا خەباتیان کردووە و ژیانی خۆیان بۆ ئازادیی ژن لە دەست داوە، بە بیر دێنینەوە. لەم قۆناغە هەستیارەی کە سووریا، بەتایبەت ناوچەکانی ڕۆژئاوا تێیدا تێپەڕ دەبێت، گرنگە کە ئێمە ئەم ڕۆژە تەنها وەک یادکردنەوەیەک نەبینین، بەڵکو وەک نوێکردنەوەی پەیمانی تێکۆشان دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک ببینین.

 

وەک ژنانی ڕۆژئاوا، ئێمە خاوەن مێژوویەکی تێکۆشانین، کە ژنان تێیدا بوونەتە پێشەنگ و لە بونیادنانی شۆڕشی ١٤ ساڵەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتییان گێڕاوە، ژنان بە بوونی خۆیان لە مەیدانەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ئابوورییدا زۆر سنووریان تێکشکاندووە و ئیرادە و هێزی خۆیان بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان سەلماندووە، بەڵام سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، ئەمڕۆ ژنانی سووریا هێشتا ڕووبەڕووی چەندین جۆر توندوتیژی دەبنەوە، لە توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و ئابوورییەوە بگرە تا قەدەغەکردن و دوورخستنەوەیان لە بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

 

 

”ئەمساڵ ئەم ڕۆژە لە بارودۆخێکی سەختتردا پێشوازیی لێ دەکرێت”

 

لەم چوارچێوەیەدا، لە کاتێکدا سیستەمە دەسەڵاتدارەکان ڕۆڵی ژنان لە بەنیادنانی کۆمەڵگەدا پشتگوێ دەخەن و دەرفەتەکانیان بۆ بەشداریکردن لە بڕیارداندا سنووردار دەکەن، ئەمە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ژنان و داهاتووی کۆمەڵگە دەبێت، حکومەتی کاتی بەشداریی ژنان وەک بنەمایەکی سەرەکی لە بونیادنانی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنیدا بنەمادا نانێت، ماف و دەستکەوتەکانی ژنان دەکەونە مەترسییەوە.

 

بە ساڵان ئێمە لە چوارچێوەی ٢٥ی تشرینی دووەمدا چالاکی و کەمپەینی جیاواز دژی توندوتیژی بەڕێوە دەبەین و بە دەنگێکی بەرز پەیمانی تێکۆشانی خۆمان نوێ دەکەینەوە، بەڵام ئەمساڵ ئەم ڕۆژە لە بارودۆخێکی سەختتردا پێشوازیی لێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی ژنان هێشتا لە زۆرێک لە دەزگا، مەکانیزمەکانی بڕیاردان و مەیدانە سیاسییەکاندا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە نوێنەرایەتی ناکرێن، هەر لەبەر ئەوە، تێکۆشان دژی توندوتیژی دەبێت تەنها لە چوارچێوەی تێکشکاندنی توندوتیژیی جەستەییدا نەمێنێتەوە، هەروەها پێویستە هەموو بەربەستەکانی بەردەم بوون، ماف، ئازادی و بەشداریی ژنانیش بکاتە ئامانج.

 

ئەرک و بەرپرسیارێتی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و بنەماڵە لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان چین؟

 

بۆ ڕێگری کردن لە توندوتیژی دژ بە ژنان، پێویستە لە سەرەتادا ڕۆڵ، مێژوو و هێزی ژن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا بناسرێت و نرخی بۆ دادەنرێت، ئەمە تەنها بە قسە پێک نایێت، دەبێت لە کرداریشدا مافەکانی ژنان بپارێزرێن و دەرفەتەکانیان بۆ بەشداریکردن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مسۆگەر بکرێن، لەم بابەتەدا، دەزگا کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، ناوەندەکانی پەروەردە و خێزان خاوەنی بەرپرسیارێتییەکی گرنگن بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان بونیاد بنێن.

 

جگە لەوەش ئەرکی سەرەکی حکومەت پاراستنی مافەکانی ژنانە لە ڕێگەی یاساوە و سەپاندنی سزای یاسایی توند بەسەر ئەو کەسانەی کە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن، پێویستە ژنان بتوانن حاڵەتەکانی توندوتیژی بەبێ ترس و بەربەست ڕاپۆرت بکەن و هەست بە پارێزراوی یاسایی و کۆمەڵایەتی بکەن. بەو پێیەی شکاندنی سووڕی توندوتیژی بەتەنها بە سزادانی تاوانباران بەدەست نایەت، هەروەها پێویستە پەروەردە و هەستیارکردنی کۆمەڵگە و گۆڕینی ئەو عەقڵیەتەی کە ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدات.

 

کۆنگرەی ستار بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان دژی توندوتیژی و پێشخستنی هۆشیاریی کۆمەڵگە، لە چوارچێوەی ٢٥ی تشرینی دووەمدا چ هەنگاوێکی کردارەکی پێشنیار دەکات؟

 

کۆنگرەی ستار پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاواش خاوەنی میراس و مێژوویەکی تێکۆشان بوو لە پێناو ماف و ئازادیی ژناندا، لە سەرەتای بونیادنانی خۆیەوە، یەکێک لە ئامانج و میسیۆنەکانی پاراستنی مافەکانی ژنان، بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا و پێشخستنی هێزیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بووە، ئەم تێکۆشانە تەنها لە ئاستی تیۆردا نەماوە، بەڵکو لە کرداریشدا بە بەنیادنانی دەزگاکانی ژنان، ڕێکخراوبوون و پروژەی چیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆی نیشان داوە.

 

”سەربەخۆییی ئابووری یەکێکە لە بنەماکانی ئازادیی ژن”

 

لەم چوارچێوەیەدا، کۆنگرەی ستار زۆر پرۆژە و دەرفەتی بۆ ژنان پێشخستووە تاوەکو ژنان بتوانن خۆیان لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بکەن، هێزی خۆیان پێش بخەن و لە بڕیارداندا خاوەنی ڕۆڵێکی چالاک بن، لەبەر ئەوەی سەربەخۆییی ئابووری یەکێکە لە بنەماکانی ئازادیی ژن و پاراستنی لە بەرامبەر توندوتیژیدا، هەروەها لە ڕێگەی چالاکی، کۆبوونەوە، کەپەین و پەروەردەکانەوە، هەوڵ دراوه هۆشیاریی کۆمەڵگە لەسەر مافەکانی ژنان بەهێز بکرێت و توندوتیژی وەک کێشەیەکی تاکەکەسی نەبینرێت، بەڵکو وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە بەرپرسیارێتیی هەموو کەسێکە کە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.