به‌شێك له تێكۆشانی مێژوویی ژنان له كارگه‌كانه‌وه هه‌تا كه‌رتی خزمه‌تگوزاری ... ١
گوشار، توندوتیژی، نه‌ژادپه‌رستی، ملیتاریزه‌كردن و بنده‌ستی زایه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كدا له دژی ژنان به‌رده‌وامن، وه‌كو پرۆسەیه‌كی هه‌زاران ساڵه بووەته شێوازی ژیانی ژنان و هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆمان ئه‌م شێوازه ده‌پارێزرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە.
زایه‌ند په‌رستی له بواری كاركردندا و دابه‌شكردنی كاردا دەستباڵایە،. ژنانیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێ بمیننه‌وه و به‌رده‌وامی به ژیان بده‌ن له کار و له كه‌شوهه‌وایه‌كی یه‌كساندا تێكۆشان ده‌كه‌ن. كاتێك دێتە سەر باسی كار دەوترێت ئه‌مه کاری پیاوانه و ئه‌وه‌ی دیكه كاری ژنانه. ژنان سه‌رباری ئه‌وه‌ی كاری زیاتر ده‌كه‌ن به‌ڵام هه‌ق ده‌ستیان له پیاوان كەمتره، كاركردن و كرێكاری ژنان له كارگه‌كانی ڕستن وچنینەوە ده‌ستیپێكرد و له ئێستادا كاركردنی ژنان له كه‌رتی خزمه‌تگوزاریدا به‌رده‌وامه. له ڕیزە دۆسیەیەکدا تیشك ده‌خەینه سه‌ر قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی دۆخی ژنان و گوڕانكارییه‌كان له بواری كلتوری و سیاسی‌دا، له‌م بەشی یەکەمەدا باس له چالاكییه‌كانی ژنانی رێکخستنكراو و به‌رخۆدانی ژنانی كارگه‌كان ده‌كه‌ین، بۆ یەمەش پێویستە ناوی "ئۆلیمپ دیگوگهس" له‌بیرنه‌كه‌ین.
زه‌ینه‌ب ئاكگول
ئەنقەرە- ئێمه ناتوانین پیاو ته‌نیا وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی زایه‌ندی كۆمه‌ڵگا پێناسه بكه‌ین به‌ڵكو دەبێت به شێوازێكی به‌رفراوانتر باسی لێوەبکەین، و وه‌كو دروستكه‌ری ڕه‌وشی سوبژهكتیڤ و سیسته‌ماتیك پێناسەیان بكه‌ین. به هۆكاری شڵه‌ژاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و پیاوه كه پێی وایه هه‌ژموونی خۆی له ده‌ست ده‌دات، له ڕێگای به‌كارهێنانی توندوتیژی له دژی ژنان هه‌ست به قازانج و گه‌وره‌یی خۆی ده‌كات، ئه‌مه دۆخێکی نوێ نییه به‌ڵكو پیاوان له هه‌موو قۆناغه‌كانی مێژوویی هیچ كات له به‌كارهێنانی توندوتیژی دەستیان هەڵنەگرتووە.
له به‌ڵگه‌كانی مافی ژنان سه‌باره‌ت به توندوتیژی
ئه‌و توندوتیژییانەی له به‌ڵگه‌كانی مافی ژناندا نوسراوه بووە هۆی ئەوەی له ساڵی ١٧٩٣ سزای مردن بەسەر ئۆلیمپ دیگوگهس بسه‌پێندرێت. هه‌روه‌ها له ساڵی ١٨٣٤ ژماره‌یەك له ژنانی گه‌نج به هۆی ته‌پوتۆزی په‌موو له كارگه‌كانی ڕستن و چنینی لیویل گیانیان له‌ده‌ستدا، له نیویۆركیش له ساڵی ١٨٥٧ ژماره‌یه‌ك له ژنانی كاركه‌ر له ئاگركهوتنەوەیەکدا له كارگه‌كه‌یان گیانیان له ده‌ستدا، له ساڵی ١٩٠٠ له ئه‌مریكا ١٤٦ كرێكاری ژن له كارگه‌ی رستن و چنین به هۆی دوکەڵی ئاگركهتنهوەوە خنكان و گیانیان له ده‌ستدا، له ٢٠٠٥دا له كارگه‌ی جلوبه‌رگ دوورینی "ئۆزای" له ناوچه‌ی بورسه‌ی توركیا به هۆی ئه‌وه‌ی كه ژنان به شه‌و كاریان ده‌كرد ده‌رگا له سه‌ریان داخرابوو و له دوای ئاگركه‌وتنه‌وه له كارگه‌كه نه‌یانتوانی ڕزگاریان بێت و به شێوه‌یەكی تراژیدی گیانیان له‌ده‌ستدا، ئه‌و تاوانانه كه له به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌نجام دراون و ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بووە هۆکارێک ژنان تێکۆشان بکەن و چەندین ماف بەدەست بێنن، لەم دۆسیەیەدا باس لە کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنان و تێکۆشانەکانیان دەکەین.
تێكۆشانی ژنان بۆ جاری یه‌كه‌م
گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جیاوازیه‌كیان له ڕه‌وشی ژناندا دروست كرد، تێكۆشانی ژنان بۆ ئازادی له چوونە دەرەوەیان له ماڵ و چوونه بازاڕەوە ده‌ستی پێكرد. ئه‌توانین بڵێن گه‌شه‌كردنی تێكۆشانی ژنان له‌م قۆناغهوە بوو.
یه‌كه‌مین چالاكی رێکخستنی ژنان له ساڵی ١٦٤٢ بوو كه سكاڵایه‌ك له دژی پاپاكانه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌شكرا. ژنان ناڕه‌زایه‌تییان له به‌رامبه‌ر پیاوانی ئاینی پیشاندا و داوایان كرد ژنان به پێی ئاین له هه‌موو شه‌رت و مه‌رجه‌كاندا له‌گه‌ڵ پیاوان یه‌كسان بن.
داواكاری دووه‌م له ساڵی ١٦٤٧ له لایه‌ن كچانی خزمهتكارهوه به‌رز كرایەوە، ئەوکاتەی سکاڵایان بەرزکردەوە کە ئه‌وان له شوێنی كار ڕووبه‌ڕووی زەخت وگوشار ده‌بنه‌وه و ناڕه‌زایه‌تییان له به‌رامبه‌ر زیادكردنی كاتی كاركردنیان پیشاندا.
له هه‌مان ساڵدا به مه‌به‌ستی ده‌رخستنی لێبورده‌یی بۆ ئازادكردنی ژنانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو داواكاریه‌ك نوسرا. له‌م داواكارییه‌دا ژنان گوتیان "ئایا ئێمه بێده‌نگ بین و له‌ماڵه‌وه دانیشین؟" له‌و كاته‌دا شێوازی ئه‌م چالاكییانه بۆ سه‌رنجڕاکێشان بۆ داواكاریه‌كانیان ڕۆڵێكی باشی هەبوو له بەرێکخستبوونی ژنان.
ئۆلیمپ دیگوگهس ئه‌و ناوه‌یه كه نابێت هه‌رگیز له بیربكه‌ین
مافی ژنان و یه‌كسانی له ژیان له یاسای زۆرێك له وڵاتان دابین نه‌كراوه. له کۆمۆنی پاریس كه مێژوویەكی به‌رچاوی هه‌یه و فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر ئاستی جیهان وه‌كو هه‌ره پێشكه‌وتووترین وڵات ده‌بینرێت له ساڵی ١٩٦٠ ئه‌م وڵاته لەسەر یاسای کۆن بەڕێوەدەبرا، ژنان له موڵك و ماڵی هاوژینەکەیان مافیان نه‌بوو، مافی پێ سپاردنی منداڵ ته‌نیا بۆ باوك بوو، كورتاژ قه‌ده‌غه بوو، هەق ده‌ستی ژنانی كرێكار له پیاوان كەمتر بوو، بڕیاردان بۆ دروستكردنی منداڵ به‌ده‌ستی ژنان نه‌بوو، هەروەها مافی كاركردنی ژنان به ڕهزامەندی هاوژینەکانیانەوە گڕێدرابوو.
لەگه‌ڵ شۆڕشی فه‌ره‌نسی و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی فه‌ره‌نسیدا، بناغه‌ی مافی مرۆڤ دانرا، و جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ و مافی گه‌ل ڕاگه‌یەندرا. به‌ڵام ئولیمپ دیگوگهس ئاماژەی بەوەدا وشه‌كانی به‌یاننامه‌ی مافی مرۆڤ ته‌نیا په‌یوه‌ندی به پیاوانه‌وه هه‌یه. له ساڵی ١٧٩١ و بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌یاننامه‌ی مافی ژنان و ژنانی هاوڵاتی ڕاگه‌یەندرا، له ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌دا نزیكایه‌تی شۆرشی فه‌ره‌نسی له یه‌كسانی زایه‌ندی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی ژنان ڕه‌خنه كرا. به‌و هۆیه‌وه ئۆلیمپ دیگوگهس یه‌كه‌مین ژن بوو ده‌ستی به تێكۆشان بۆ مافی ژنان كرد و وه‌كو ژنێك کە هه‌رگیز ناوی له مێژووی تێكۆشانی مافی ژنان له بیر ناكرێت ناسرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی لەسەر بەیاننامەی مافی ژنان گوتبووی دەبێت شۆڕشی فه‌ره‌نسی ببێته شۆرشی ژنان، سزای له سێداره‌دان بەسەریدا سه‌پێندرا و له ساڵی ١٧٩٣ لەسێدارە كرا.
کاتێک مرۆڤ مێژووی جیهان ده‌خوێنێته‌وه، دیار ده‌بێت كه بیرۆكه‌ی ژنان و داواكاریه‌كانیان به به‌رده‌وامی پشتگوێ خراون و داخوازییه‌كانیان له‌به‌رچاو نه‌گیردراوه. به‌ڵام به سه‌رهه‌ڵدانی هزری فێمینیستی، ژنان جارێكی دیكه له دژی هۆشمه‌ندی كۆمه‌ڵگا و هه‌ڵه سیستماتیكیەكانهوه به شێوه‌یكی توند وه‌ستانه‌وه.
ئۆلیمپ دیگوگهس به درێژایی ژیانی له دژی له‌سێداره‌دان وهستایەوە و داوای دامه‌زراندنی دادگای باڵای گه‌لی کردووە،. بۆ به‌دیهێنانی مافی رزگار بوون له كوێلایه‌تی، دانپێدانان به منداڵانی بێ باوك، مافی خوێندنی منداڵان، هه‌روه‌ها بۆ كۆتایی هێنان به هه‌ژاری، ناعه‌داڵه‌تی، زوڵم و زۆرداری تێكۆشانی كرد.
تێكۆشانی كچانی كارگه‌ی لیویل له مێژوودا تۆمار كراوه
له ساڵی ١٨٣٤ له كارگه‌ی لیویل بۆ به‌رهه‌مهێنانی لۆكه له ولایه‌تی ماشوستسی ئه‌مریكا، ژنانی كرێكار كه به Mill Girls ده‌ناسران له دژی كەمكردنه‌وه‌ی مووچه‌كانیان ده‌ستیان كرد به تێكۆشان. ئه‌م تێكۆشانه له دوای چه‌ند ساڵێك بوو به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ شه‌پۆلی چالاکی به‌رفراوانتر. شه‌رت ومه‌رجی كاركردنی كچان له‌م كارگه‌یه‌دا كه ته‌مەنیان له نێوان ١٢ هه‌تا ٣٠ ساڵ بوو زۆر سەخت بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به درێژایی رۆژ كارییان دەکرد چاویان به تیشکی هه‌تاو نەده‌كه‌وت وه‌كو ئه‌وانه‌ی له كاره‌كانی ( AVM) كاریان كردووه كه نه رووناكی ڕۆژیان ده‌بینی و نه هه‌ستیان به بای سروشت دەکرد.
ئه‌و كچانه كه له كارگه‌ی په‌موو كاریان دەکرد له ناو ته‌پوتۆزی لۆكه نه‌خۆش دهكەوتن و ده‌مردن، ژنان كه بۆ ماوه‌ی ٧٣ كاتژمێر له یه‌ك هه‌فته كاریان دەکرد شوێنی خه‌وتنیان له چوارده‌وری كارگه‌كه بوو. له‌و شوێنه‌ی دەخهوتن كاتژمێر ده‌ی شه‌و دادەخرا و هاتن وچوون بۆ ئه‌م شوێنه قه‌ده‌غه ده‌كرا. جگە لەوە هه‌ندێك شه‌رت ومه‌رج له ژێر ناوی ئه‌خلاق و ئایین بۆ سه‌ر ژنانی كرێكار فه‌رز دەکرا.
له ڕێنماییه‌كانی كارگه‌ی لیویل نوسرابوو كه ژنان بۆیان نییه بۆ به‌شداریكردن له عیبادهت بچه‌نه ده‌ره‌وه‌ی كارگه‌كه. چوونه‌ده‌ره‌وه له كارگه‌كه وه‌كو كارێكی بێ ئه‌خلاقی ده‌بینرا وئیدی له ده‌رفه‌تی كار بێبه‌ش دەکران.
له دوای ئه‌وه‌ی كه بڕیار درا هه‌قده‌ستی ژنان له سه‌دا ١٥ كەم بكرێته‌وه، ژنان بڕیاری چالاکیاندا، بەڵام به هۆی بێ رێکخستنبوون و بێ ئه‌زموونی، ئه‌م چالاكییه سهرنهكوت و زۆرێك له‌و ژنانه دیسان مه‌جبووری گه‌ڕانه‌وه بۆ كاركردن بوونه‌وه.
داخوازییه‌كان بۆ یه‌كسانی له كار و هه‌ق ده‌ست له وڵات‌دا بڵاوبووه‌وه
جگە لە ئەزموونی ئه‌و چالاكییه، له ساڵی ١٨٣٦ بۆ داواکردنی زیادكردنی موچه‌ی كرێكاران له دژی كارگه‌ی لیویل چالاكی ناره‌زایه‌تی ئه‌نجامدرا، ئیدی كارگه‌ی لیویل بوو به شوێنی ناره‌زایه‌تی ژنانی كرێكار. له ئه‌نجامی داواكاری و سكاڵاكانی ژنان، خاوه‌نكاره‌كان كشانه‌وه و مووچه‌ی كرێكاریان زیاد كرد. له ساڵی ١٩٤٥ له دوای ریزه چالاكی و خۆپێشاندان له ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، یه‌كێتی ژنانی كرێكاری ئه‌مریكا به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی لیویل بۆ رێفۆرمی كاركردن دامه‌زرا The Lowell Female Labor Reform Association, LFLRA)
تێكۆشانی كچانی كارگه‌كان و ژنانی كرێكار له ئه‌مریكا بوو به خاڵێكی وه‌رچه‌رخان و پاڵپشتیەک بوو بۆ سه‌رجه‌م كرێكاران به ژن و پیاوه‌وه، داواكارییه‌كانی ژنانی كرێكار له كارگه‌ی لیویل بۆ یه‌كسانی له كار و هه‌قده‌سته‌وه له هه‌موو وڵاتانی جیهان بڵاوبووه‌وه.
نوسینی داهاتوو: مێژووی ٨ ئادار له كۆمهڵكوژیهكانهوه هه‌تا لێگه‌ڕینی مافخوازی.
ت.پ