بە لاواز بینینی ژنان و شکاندنی پیاوان بە ناوهێنانیان بە "ژن"

تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان بە کەم سەیرکردنیەتی، بۆ ئەمەش چەندین وشەی نەشیاو و لە واتادا لاواز بەکاردەهێنن، وەک زەعیفە، یاخود بێ دەسەڵات، کەم ئەقڵ و کۆمەڵێکی دیکە، ئامانج لێیان لەناوبردنی هێز و توانای ژنانە، بۆ پیاوێكیش بیانەوێت بیشکێنن بە "ژن" بەناوی دەکەن، دکتۆر ژیا هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە دەگەڕێنێتەوە بۆ نادروستی پەروەردەی خێزانی و جیاوازیکردنی کچ و کوڕ لە خێزاندا.

تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان بە کەم سەیرکردنیەتی، بۆ ئەمەش چەندین وشەی نەشیاو و لە واتادا لاواز بەکاردەهێنن، وەک زەعیفە، یاخود بێ دەسەڵات، کەم ئەقڵ و کۆمەڵێکی دیکە، ئامانج لێیان لەناوبردنی هێز و توانای ژنانە، بۆ پیاوێكیش بیانەوێت بیشکێنن بە "ژن" بەناوی دەکەن، دکتۆر ژیا هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە دەگەڕێنێتەوە بۆ نادروستی پەروەردەی خێزانی و جیاوازیکردنی کچ و کوڕ لە خێزاندا.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕۆژانە گوێبیستی وشەی نەشیاو و لە واتادا لاواز دەبینەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ ژنان، لە کۆمەڵگەدا ژنان هەمیشە بە زەعیف و بێ دەسەڵات و لاواز پێناسە دەکرێن، ئەمەش کاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمێکی نادروستی پەروەردە کردنە.

 

لە سەرەتای ئاوابوونی کۆمەڵگەوە دایک-ژن دامەزرێنەر و بەدیهێنەری ژیان، کۆمەڵگە، کشتوکاڵ و پەروەردەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و باڵادەستبوونی پیاوسالاری، ئەو پێگە بنچینەییە لە ژنان سەندرایەوە و لە شوێنیدا ژنێکی لاواز و بێدەسەڵات بنیادنرا، بۆ ئەمەش ئەقڵیەت و سیستم پاڵنەر بوون.

لەگەڵ ئەوەی ژنان بەردەوام بە لاواز پێناسەدەکرێت، بەڵام چەندین ژنی بەتوانا هەیە جێپەنجەیان دیارە مێژوودا و لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا، پەروەردە و فێرکردندا بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەدان بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئاشتییانە.

شکاندنی شکۆی ژن و بەکارهێنانی دەستەواژانەی لاواز بۆ ژنان، جگە لە تێکشکاندنی ژنان و ڕێگریکردن لە هێز و بەهرەکانیان هیچی دیکە نییە، بۆیە دەبێت بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵی کەم کردنەوە و لەناوبردنیان بدرێت.

 

لە کۆمەڵگەدا جگە لەوەی ژنان بە لاواز سەیر دەکرێن، بۆ شکاندنی پیاوێکیش بە ژن ناویان دەهێنرێت، لە نمونەی ئەوەشدا بە پیاوان دەوترێت: بۆچی دەترسیت، دەگریت خۆتۆ ژن نیت، سەر ژنانی، وەک ژن مەبە، لە ژن کەمتر بم ئەگەر... ،وەک ژن وایە و چەندانی دیکە.

"کاتێک بیانەوێت پیاوێک لاواز بکەن بە ژن ناوی دەبەن"

شەهێن کەریم، دانیشتووی شاری سلێمانییە، باس لەوە دەکات پیاوان لە بچوکترین دەمەقاڵیدا قسە بە خوشک و دایکی یەکتر دەڵێن داواش دەکات سوکایەتی پێکردن بە ژن ڕابگیرێت و ژنان وەک پیاو بەهای کۆمەڵگەیان پێبدرێت، دەشڵێت: "پیاوان ئەگەر بگرین پێیان دەڵێن ژن، واتە بە شێوەیەکی بێدەسەڵات پێناسەیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژن هەیە پەرلەمانتارە، سەرۆک کۆمارە و پێشمەرگەیە و پلەی باڵای هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگا و کلتوری ئێمەدا هەمیشە ژن وەک کەسێکی بێدەسەڵات سەیردەکرێت هۆکارەکەشی پەروەردەیە کە لە منداڵییەوە گوێچکەمان بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ ئەو جۆرە وشانەدا".

شەهێن داوا دەکات کۆمەڵگا بە خۆیدا بچێتەوە و چیتر لەسەر ڕێبازی کۆن بەردەوامی بە ژیان نەدەن، لەکۆتایشدا دەڵێت "بەسە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو بۆ ژنان".

سازگار ساڵح، هاوڵاتییەکی دیکەیە و پیشەی پارێزەرە لەسەر ئەم پرسە دەڵێت: "بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەستەواژانە ئەوپەڕی بەکەم سەیرکردنی ژنانە لە کۆمەڵگادا، بەڵام ژنان هەمیشە سەربەرزن و دەستەواژەی لەو شێوەیە کاریان تێناکات، ئەگەرچی ژنان هەمیشە لەژێر ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا ژیاون تا ئەو ئازادییە بەدەست نەهێنن کە مافی ڕەوای خۆیانە.

سازگار لەڕووی ئاساییەوە ئەوەی خستەڕوو لە یاسادا بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە ڕێگەپێنەدراوە و بە "تەشهیر" هەژمار دەکرێت، وتیشی لە خێزاندا هەرکەسێک ئەو دەستەواژانە بەکاربهێنێت ئەوا دەتوانێت کەسی بەرامبەر سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکات.

 

ژنێک بیەوێت سیستمی هەبوو تێپەڕێنێت بە وشەیەک ڕێگەی لێدەگیرێت

ڕۆژنامەوان ئەڤین نەسرین لە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو بۆ ژنان دەڵێت: "بەکارهێنانی دەستەواژەی ناخۆش و کەم بۆ ژنان زۆر کات بۆ پێکەنین بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەمە ڕووە دەرەکییەکەیەتی و لە پشت هەر وشەیەکەوە ئامانجێک هەیە، بەکارهێنانی دەستەواژەی نادروستی وەک (زەعیفە، فەقیر و چەندانی دیکە) دەکرێت ئەو ڕێڕەوە فکرییە بێت کە چەندین ساڵە لە سیستمی پیاوسالاریدا پەیڕەو دەکرێت، ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژنان بێت یاخود بچوککردنەوەی ژن بەرامبەر بە ژن.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە سەبارەت بە هەنگاونانی ژن لەو چوارچێوە داخراوەی کە تیایدایە، دەڵێت" "هەرکاتێک ژنێک هەوڵبدات چیتر ئەو سیستمە قبوڵ نەکات دەستەواژەیەکی دەخەنە پاڵ، بۆ نمونە ژنێک ئەگەر بە دەنگی بەرز پێبکەنێت گونجاو نییە چونکە لای کۆمەڵگە سیفەتی ژنی باش شەرمنییە"، ئاماژەی بەوەشدا بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە لەناوبردنی هێزی ژنانە: "کاتێک بە ژنێک دەوترێت زەعیفە واتە ئەگەر ئەو ژنە خاوەن هێز و توانایەکیش بێت بە بیستنی ئەو وشەیە تواناکانی لەناودەچن، کەواتە ئامانجی بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەستەواژانە ڕاگرتنی ژنان و بە بچوک بینینی خۆیانە.

 

"پێشکەوتنی کۆمەڵگا زیاتر ڕووکەشیە"

ئەڤین پێشکەوتنی کۆمەڵگە بە ڕووکەش دەبینێت چونکە نەتوانراوە لە ڕووی فکرییەوە بێت و وتی: "پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا ڕووکەشین، لەسەر ئاستی فکر بەرەوپێش نەچووین"، باسی لەوەشکردن کۆمەڵگایەک کە ئازادی ژن بە بەڕەڵایەتی تێبگات کەواتە هیچ ئازادییەک بوونی نییە، تەنانەت وشەی ئازادییان بەرامبەر بە ژنان خستوەتە پاڵ وشەی بەڕەڵایەتی، دەشڵێت "ئێمە خاوەنی کۆمەڵگایەکین باوەڕیان بە مانا ڕاستەقینەکەی ئازادی ژن نییە بەڵکو ناشرینیان کردووە، دووبارە دەیانەوێت ژن لە مانا ڕاستەقینەکەی ئازادی تێناگەن"، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەش پەروەردەی منداڵ لە بنەڕەتەوە گرنگە و ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: پێویستە منداڵ فێربکرێت خوشکەکەی قبوڵ بێت کچیش بە وشەی زەعیفە و لاواز پەروەردە نەکرێت، ژنانیش ئەو بیرە قبوڵ نەکەن و رەتی بکەنەوە.

 

ئەڤین داوا لە ژنان دەکات و دەڵێت "با چیتر ڕێگە نەدەین ئەو جۆرە دەستەواژانە بەرامبەرمان بەکاربهێنرێت، چونکە توندوتیژی تەنها بریتی نییە لە ئازارگەیاندن بە جەستە، بەڵکو هەر وشەیەک کە بە ژن دەوترێت توندوتیژییەکە بۆ خۆی، ڕێگریەکە لە سەرکەوتن و گەشەکردنەکانی بە تایبەت لە ئاستی فکرییدا".

"هەندێک دەستەواژە وەک گاڵتە بەرامبەر ژنان بەکار دەهێنرێت"

ژیا عەباس، پسپۆڕی بواری جێندەری باس لە هۆکاری بەکارهێنانی وشەی نەشیاو دەکات بۆ ژنان و دەڵێت: "تیۆری جۆرج هێربارت مید باس لەوە دەکات، کە چاو و کەسانی دەوروبەرمان هەمیشە وەک ئاوێنەیەک وایە کە خۆمانی تێدا دەبینین و بڕیار لەسەر خۆمان دەدەین، لە کۆمەڵگەدا ژنان هەمیشە ئەو ئامرازە نەرێنیانەیان بەرامبەر بەکاردەهێنرێت، بەمەش تێڕوانینێک لە مێشکیدا دروستدەبێت کە بەڵێ ژن بێ دەسەڵات و زەعیفەیە".

ژیا عەباس ئاماژەی بەوەدا ئەو وشانە زۆرکات وەک گاڵتەیەک بەرامبەر بە ژنان بەکاردێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو قسانە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە یاخود ژنەکە لە ناخەوە بڕووخێت و هەمیشە هەست بە بێ دەسەڵاتی و لاوازی بکات.

 

"پەروەردەی خێزان کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات"

پەروەردەی نادروستی خێزان کاریگەری هەیە لەسەر منداڵ و پاشانیش کۆمەڵگا، لە خێزاندا کاتێک منداڵێکی کوڕ کارێکی باشدەکات پێی دەوترێت پاڵەوان و ئازا بەڵام بۆ منداڵی کچ پێی دەوترێ نازدار، شیرین کە ئەمەش هەستی بەهێزی لە کچەکەدا ون دەکات.

دکتۆرە ژیا دەڵێت: دەبێت خێزانەکان زۆر لە وشە هەیە بەکارینەهێنن تا خێزان و منداڵی لەسەر پەروەردە نەبێت، بەتایبەت وشەی ناشرین و نەشیاو بەرامبەر بە کچەکان بە بەرچاوی براکانیانەوە، چونکە دواجار ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کۆی گشتی ژیانی ئەو دوو منداڵە، دەبێت جیاوازی نەکرێت لە پەروەردەی منداڵی کوڕ و کچ بەیەکسانی هەستی بەهێزی مێشک و سۆز وەک ڕەگێک لە ناخیاندا بچێنن.

 

پەروەدەی ئێستای خێزان جیاوازە لە پەروەردەی کۆن؟

دکتۆر ژیا لە وەڵامدا وتی "هەرچەند پەروەردەی ئێستا جیاوازیەکی یەکجار زۆری نییە چونکە ئەم ئەقڵیەتە بە چەندین نەوەدا تێپەڕیوە و ئاسان نییە لەناوبچێت، هەر بۆیە ئەگەر پەروەردەی ئێستا بە شێوەیەکی سەردەمیانەش بێت هەر کاریگەری ئەقڵیەتی کۆنی پێوە دیارە، کەواتە پێویستە دایک و باوکێکی سەردەمیانە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لەو ئەقڵیەتە کۆنە دوور بخەنەوە و لێی دەرباز بن.

 

جگە لە پەروەردەی خێزانی، پێویستمان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری هەیە

دکتۆر ژیا پشپۆڕی بواری جێندەری لەکۆتایدا ئاماژەی بەودا، بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە نەک تەنها دژ بە ژنێکە بەڵکو دژ بە مرۆڤێکە و نابێت پێشێلی مافی ئەو مرۆڤە بکرێت، بۆیە پێویستە بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوە و ڕێگریکردنی ئەم وشانە بدرێت جا بە چەندین ڕێگای جیاواز بێت وەک ڕاگەیاندنەکان یاخود وەک وانە بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندنەوە.

 

ت.پ