٧٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە دامەزرا و کەمتر لە ساڵێک بەردەوام بوو، شاری مهاباد پایتەختی کۆماری کوردستان بووە

ناوەندی هەواڵ

 

لە پاڵ ئەو ململانێیانەی لە نێوان ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا هەبوو، هەروەها هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهان، ساڵی ١٩٤١ ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رویدا و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان لە حکومەتی ناوەندی ئێران سەندەوە، دواتریش پارتێکی سیاسی بۆ بەڕێوەچوونی ناوچەکە بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان-ژێ کاف دامەزرا، قازی محەمەدیش کە سەرۆکی بنەماڵەی قازییەکان بوو پەیوەندی بەو پارتەوە کرد، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا ڕووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.

 

کۆماری کوردستان دەستکەوتی بزانی ڕزگاریخواز بوو

 کۆماری کوردستان لەسەر دەستی قازی محەمەد لە ٢٢ ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ لە مەیدانی چوارچرا شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، قازی محەمەدیش وەک سەرۆکی کۆمارەکە هەڵبژێردراوە و  زمانی کوردی کردە زمانی ڕەسمی کۆمارەکە و شاری مهابادی کردە پایتەخت، ئەم کۆمارە بە یەکێک لە شانازییە هەرە گەورەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی لە قۆناغی مێژووی هاوچەرخدا دادەنرێت، لە لایەن هەرسێ دەوڵەتی یەکێتی سۆڤتیەت، کۆماری ئازەربایجان و کۆماری میللی ئازەربایجان دانی پێدانرا، کۆماری کوردستان لە ١٤ وەزیر پێکهاتبوو، دامەزراندنی کۆمارێکی لەم شێوەیە چەندین ئامانجی سەرەکی و گرنگی هەبوو، وەک زمانی کوردی بکرێتە زمانی خوێندن و بەڕێوبردن، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان، ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن و یاسایەک ھەبێت کە بە یەک چەشن مامەڵەی کرێکار و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات.

کۆماری کوردستان لە هەلومەرجێکدا دامەزرا کە جەنگی جیهانی دووەم  کۆتای هاتبوو، جەنگی دووەم بە سەرکەوتنی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان کۆتایی هات کە سۆڤیەت بەشێک بوون لەوان واتە کۆمارەکە بە پشتیوانی براوەی جەنگەکە دامەزرا، دامەزراندنی پێویستیەکی مێژووی بوو تا کورد بتوانێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی ئەزموونی خۆی تاقی بکاتەوە.

 

لە دوای ٢٠ ڕۆژ کابینەی حکومەت پێکهات

لەو ماوەیەی کۆمارەکە کە ٣٣٠ ڕۆژ خۆبەڕێوەبەری دەکرد چەندین دەستکەوتی گرنگی لە مێژوودا بۆ کورد تۆمار کرد، دیارترینیان پێکهێنانی کابینەی حکومەت بوو لە ١١ ی شوباتی ١٩٤٦ واتە ٢٠ ڕۆژ لە دوای ڕاگەیاندنی كۆمارى كوردستان، هەروەها لە مێژوودا بۆ یەکەم جار پلەی جەنەڕاڵ درا بە ٤ کەسایەتی، خوێندن كرایە كوردی و خوێندنگەی كوردی لە شارەكانى مەهاباد و بۆكان دامەزران و چەندین مامۆستاى كورد لە چەندین ناوچەی جیاجیای كوردستانەوە پەیوەندییان بە كۆمارەوە كرد داواش لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا ببنە بەڕێوبەری قوتابخانەکان، بەو هۆیشەوە توانرا وانەی فێربوونی زمان و ئەدەبی كوردییان بە منداڵان و خوێندكارانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كۆمار بە گشتی و شاری مەهاباد بە تایبەتی بگوترێتەوە.

 

یەکێتی ژنان لە کۆماردا دامەزرا

كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی مامۆستایان، یایان – یەکێتی ئافرەتان، پیشەوەران، جووتیاران، زانایانی ئایینی و چەندین ڕێكخراوی تر بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەچوونی كاروبارە پیشەییەكان دامەزران، لە کۆماردا مینا قازی وەک ژنێکی سیاسەتمەدار ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا، لە پاڵ هەموو ئەو كارانەشدا كۆمار توانییان چاپخانەیەك بە بڕی 120 هەزار تمەن لە حكوومەتی سۆڤیەت بكڕن و بەهۆیەوە چەندین بڵاوكراوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی كوردی دەربكەن، لەوانە گۆڤاری نیشتمان و گڕوگاڵی منداڵ بوو، سەرباری دەرچوونی ڕۆژنامەی كوردستان وەك زمانحاڵ و ئۆرگانی فەڕمی كۆماری كوردستان.

بەهۆی فشاری هێزە ڕۆژئاواییەکان و لە مانگی حوزەیراندا ئێران دەستی گرت بەسەر ئازەربایجاندا و ناکۆکی لە نێوان کۆماری کوردستان و سۆڤیەتدا دروست بوو، پشتگیرییەکانیش بۆ قازی محەممەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بە تایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد، شێوازی ژیانیان بەرەو خراپی دەچوو، بەرهەم و سەرچاوەی داراییان کەمی کرد، یەکێتی سۆڤیەت یارمەتی دارایی و سەربازی نەدەدا بە کۆمارەکە، خێڵە کوردییەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەممەد نەبینییەوە زۆریان قازییان بەجێ دەھێشت.

کۆتایی کۆمارەکە بە بەڵێنی ناڕاست بوو

لە ٥ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند ڕێگا لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر مهاباد، لە ١٥ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباد-دا گرت، لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردی‌ یان بدۆزیایەتەوە دەیانسوتاند. بەم هۆیانەش لە ١٧ ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٦ کۆتای بە کۆماری کوردستان هات.

لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧، قازی محەممەدیش بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد لە سێدارە درا.

 

ت.پ