١١ی تەمووز؛ لە جاسەنە چەکەکان سووتێندران و مێژوو نووسرایەوە

گەلی کورد هەمیشە خەباتی بۆ ئاشتی کردووە، بەڵام لە کاتی هێرشەکاندا ناچار بووە بۆ پاراستنی خاکەکەی چەک هەڵبگرێت، دواجار لەسەر دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، وەک هێمایەک بۆ ئاشتی، چەکەکانی سووتاند.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ ئەشکەوتی جاسەنە لە درێژایی مێژوودا زیاتر لە شوێنێکی جوگرافی بووە؛ جارێک دەنگی بانگی حەقی لێوە بەرز بووەوە و جارێکی تر بووە شانۆی ڕووداوێکی گرنگی هاوچەرخ هەندێک شوێن تەنها خاک نین، بەڵکوو هەڵگری مێژووی نەتەوەیەکن. ئەشکەوتی جاسەنە یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە ماوەی سەدەیەکدا دوو ڕووداوی گرنگی مێژووی کوردستانی تۆمار کردووە، لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، شێخ مەحمودی حەفید لەو شوێنە یەکێک لە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی، بانگی حەقی بڵاوکردەوە؛ ڕۆژنامەیەک کە بووە دەنگی داواکاری و هۆشیاری نەتەوەیی. نزیکەی سەدەیەک دواتر، لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥دا، ئەشکەوتی جاسەنە جارێکی تر بووە ناوەندی سەرنج. لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی و دوای بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەراسیمێک بۆ سووتاندنی چەکی گرووپێک لە گەریلایانی پەکەکە لەوێ ئەنجام درا، لەو ڕۆژەدا، ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان و چاودێران ئامادە بوون. دواتر، ٣٠ گەریلا (١٥ ژن و ١٥ پیاو) بە ڕیزێکی ڕێکخراو چوونە ناو شوێنی مەراسیمەکە. پاش خوێندنەوەی پەیامێک، چەکەکان لە ناو کورەیەکدا سووتێندران و گەریلاکان شوێنەکەیان بەجێهێشت. پاشان وێنەی ژنانی گەریلا بە خێرایی لە میدیای جیهانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە و بوونە بابەتی گفتوگۆی فراوان.


         


        

تەوار عادل، ڕۆژنامەنووس و چاودێر لە مەراسیمی چەک سووتاندن لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥دا، ئاماژەی بەوەکرد کە پڕۆسەی سووتاندنی چەک لە لایەن گەریلا ئازادەکانی کوردستانەوە بۆ سەلماندنی نیازپاکی گەلی کورد بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی، کە تەواوی گەلی کورد و دوژمنانی کوردی لە ئەشکەوتی جاسەنە پێکەوە گرێدا وتی: ئێمە بووینە شاهیدی پرسێکی مێژوویی گەلی کورد. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە توانیمان لە پڕۆسەی سووتاندنی چەک لە لایەن گەریلایانی ئازادەوە بەشدار بین. پرسی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە توانی تەواوی لایەنە سیاسی و پارتەکان و دوژمنانی گەلی کورد پێکەوە لە شوێنێکدا کۆبکاتەوە. لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥دا ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو، لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کە خاکی کوردی داگیر دەکرد، لە ڕێگەی میدیاوە دیمەنی گەریلایانی دەگواستەوە. لەگەڵ تەواوی ڕۆژنامەنووساندا پێکەوە مایکی تەواوی لایەن و کەناڵە تورکییەکان و میتەکانی تورکیا تێکەڵ بە مایکی ئێمە بووبوون، کە ئەم دیمەنە دەچووە هەر میدیایەکی جیهانییەوە، لە ناو ڕۆژنامەنووساندا پەیامی پێکەوەیی دەبینرا. تەواوی ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان بۆ ڕووماڵکردن و گواستنەوەی زانیارییەکان ئامادەییان هەبوو، لە ناویاندا ڕاگەیاندنی جیهانی و دەوڵەتی تورکیاشی تێدابوو، بەڵام لە کاتی ڕوودانی هەر بارودۆخێکی تەندروستیدا میدیاکاران پێکەوە هاوکارییان بۆ یەکدی دەردەبڕی کە ئەمە پێکەوەیی میدیاکارانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەردەخست، پاشان ئەو گرووپەی بوونە شاهیدی مەراسیمەکە بەرەو ئەشکەوتی جاسەنە بەڕێکەوتین. لە ناو مەراسیمەکەدا گەلی ئازادیخواز، چالاکوانانی سیاسی و دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان کە خۆیان چەقی پڕۆسەی ئاشتین ئامادە بوون. پاشان لە ناویاندا چاودێرانی سیاسی، میت و دەزگای هەواڵگریش بوونی هەبوو. تەواوی هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان چاوەڕێی ڕوودانی مەراسیمەکەیان دەکرد، کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات. پێش دەستپێک تەواوی ئامادەبووان ئاگادار کرانەوە کە لە کاتی دەستپێکی مەراسیمەکەدا هیچ کەس دروشم و بەیاننامەکان نەڵێتەوە، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی گەریلایان و گرووپێک لە هەڤاڵانی ڕێڤەبەری (بەڕێوەبەری)، تەواوی ئازادیخوازان و دایکانی ئاشتی هەستانە سەرپێ و دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپو"یان دەوتەوە. هەرچەندە چاودێران ئاماژەیان بۆ بێدەنگی ئامادەبووان دەکرد، بەڵام گەل بە چاوی پڕ فرمێسک و تێکەڵ لە خۆشی بۆ پرسەکە چەپڵە و هەلهەلەیان لێدەدا.

 

پاشان باسی سووتانی چەک و پەیامی ئەو سووتاندنە کرا، ئەوە بۆ هەریەکێک لە ئامادەبووان سەرسوڕمانی بەدوای خۆیدا هێنا. پاشان پۆل پۆل گەریلایان بە پێشەنگایەتی ژنێک کە بەسێ هۆزات بوو چەکەکانیان سووتاند. پاش سووتاندنی چەک، گەریلاکان گەڕانەوە بۆ هەناوی چیاکان. تەواوی مەراسیمەکە چەندین پەیامی لەخۆ دەگرت، لە ناویاندا ئەو دایکانە هەبوون کە ڕۆڵەکانیان لە پێناو ئەو تێکۆشانەدا شەهید ببوو، لە باکووری کوردستانەوە سەردانی مەراسیمەکەیان کردبوو؛ بەبێ هەبوونی ترس لە گیانی خۆیان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان بەشداری مەراسیمەکەیان کرد. لە دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە سەردانم دەکردن و پێم دەوتن مەگرین، بەڵام دەیانوت ئەوە گریانی خۆشییە. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، دایکێک بوو کە گوایە لە سیاسەت باش تێناگات، بەڵام بۆ ئاشتی و پێکەوەیی گەلان بە دڵخۆشییەوە فرمێسکی دەڕشت.

 

ئاماژەی بەوەشدا، لە ناو مەراسیمەکەدا بۆ چاودێرانی تورکیا و میتی تورک، بینینی بەسێ هۆزات و گرووپێک لە هەڤاڵانی ڕێڤەبەری شۆکێکی گەورە بوو. وتیشی: «هەبوونی ئەو گرووپە بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات چاوەڕواننەکراو بوو. دەوڵەتی تورکیا و زۆرێک لە چاودێران باسی ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەکرد، دەنگۆی ڕادەستکردن هەبوو کە گوایە بە چاودێری ئەمریکا کۆدی چەکەکان وەردەگیرێت و پاشان چەک ڕادەست دەکەن، بەڵام گەریلایانی ئازادی چەکەکانیان سووتاند و پەیامی هاتنە ناو مەیدان و سووتاندنی چەک و کردنەوەی ئاگر، کە لای گەلی کورد مانای نوێبوونەوە و هێز دەدات، پاشان گەڕانەوەیان بۆ چیاکان تەواوی ئامادەبووان و جیهانی شۆک کرد. بە سووتاندنی چەک ڕووناکییەکیان دروست کرد، ئەمانە هەمووی پەیامی لەپشت بوو. گەلی کورد لە مێژووی کۆندا بۆ پاراستنی خۆی، لایەنە کوردییەکان خۆیان داوەتە پاڵ دەوڵەتانی زلهێز و داگیرکەر تا خۆیان بپارێزن، بەڵام گەریلایانی ئازادی چەکەکانیان سووتاند و خۆیان نەدایە پاڵ کەس، بەڵکوو پەیامیان دا کە ئێمە خۆمان تێکۆشان دەکەین. پاشان دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی لە پاش مەراسیمەکە هاتنە سەرخەت و داوایان کرد پڕۆسەی ئاشتی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە جێبەجێ بکرێت، پاشان داوای پڕۆسەی مافی هیوا بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن. هەروەها ئێمە گەلی ئێزیدیمان هەیە، کە چەندین هەزار کەسیان کۆمەڵکوژ کران، بەڵام ئێستە بە هەبوونی پرسی ئاشتی دەڵێن کۆمەڵکوژییەکان ڕادەگیرێن و گەلان پێکەوە ژیان دەکەن، ئەمە بۆ خۆی دەنگدانەوە و کاریگەری گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

سوتاندنی چەک پەیامێکی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بوو

تەوار عادل وتی: لە دوای مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانەوە، کشانەوەی گەریلایانی ئازاد لە سنوورەکانی میدیاوە پەیامێکی دیکەی پڕۆسەی ئاشتی بوو، گەڕانەوەیان بۆ خۆبەدوورگرتن بوو لە پڕوپاگەندەکان. کشانەوەی گەریلا لە سنوورەکانی میدیا پەیامی دووەم یان زیادەی پڕۆسەی ئاشتی بوو. ئەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت گەلی کورد و گەریلاکان تا سەر ئاشتی و پێکەوەییان دەوێت. بە دوای ئەوەشدا تاکوو ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی گەلی کورد دێنە سەر شاشەکان، باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن، باس لە پشتیوانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و ئامادەی هەر بڕیارێکن لە بەرژەوەندی گەلی ناوچەکەدا بێت. هەروەها هەبوونی چەقبوونی پڕۆسەکە دەنگدانەوەی هەیە. پڕۆسەکە تەنها پڕۆسەیەکی یەک بۆ دوو ڕۆژ نییە کە سەربگرێت و پاشان بڵێن ئەمە دەستکەوتەکەیە، پڕۆسەی ئاشتی پڕۆسەیەکی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردە. ئێمە هەر ڕۆژ چاوەڕێی دەرکردنی یاساکانین لە پەرلەمانی تورکیادا، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی مافی هیوایین، هەروەها چاوەڕێی ئازادبوونی زیندانیانین لە باکووری کوردستاندا. هەروەها گەل چاوەڕوانی هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەیە کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە. هەبوونی ئەو زەحمەتییەی گەریلایانی ئازاد دەریدەخەن، دەسەلمێنێت کە پرسی ئاشتی و پێگەیشتنی زەحمەتە، چونکە لە پێناو مافی گەلێکدا بە زەحمەت خەبات و تێکۆشان دەستی پێکرد. لە ئێستادا گەل چاوەڕوانی پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوەییە. لە ساڵانی هەشتاکاندا شەڕی چەکداری دروست بوو، سەرەڕای شەهیدکەوتنی زۆرێک لە ئازادیخوازان لە باکووری کوردستان و ونبوونی فایلەکانیان، پاش سەردەمێکی زۆرو شەهیدکەوتنی زۆرێک لە ڕۆڵەی کورد، تورک دەڵێت ئەم خاکە کورد و تورک لەسەری ژیاون، ئەوە دەستکەوتی ئێمەیە. بەڵێ، سەردەمێک دەبێت پڕۆسەی ئاشتی دەبینین، هەرچەندە هەبوون و بەدەستکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی زەحمەت بێت و بەدیلی قورسی بوێت، بەڵام ئەوەی ڕاستییە، ئەو چەکەی ڕۆژانێک لە تاریکی و ساردی چیاکاندا، لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا لە ناو چیاکاندا، ژنی کورد و گەنج و خاکی کوردیان پاراست، ڕۆژێک سووتێندرا. ڕەنگە ئێستە پێمان مەحاڵ بێت ئاشتی لەگەڵ تورکیادا ببینین، بەڵام ئومێد لە داهاتوودا هەیە

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وەک ڕۆژنامەنووسێکی چاودێر لە مەراسیمەکەدا، هەستی خۆی باسکردو وتی: هەردەم وامان زانیوە سیاسەت ئیشی گەورەکانە، بەڵام ئێمەی ڕۆژنامەنووس زۆر بە گەنجی شاهیدی ڕووداوە مێژووییەکان دەبین. لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩دا، کاتێک گەل دژی زوڵم و نادادییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان، هەردەم بیرم لەوە دەکردەوە ئەم نەوە نوێیە خۆشبەخت نییە، چونکە زانیاری لە بارەی سیاسەت و ڕووداوە مێژووییەکانەوە نییە؛ نەوەی پێش ئێمە هەردەم باسی ڕووداوە مێژووییەکانیان دەکرد، بەڵام ئیدی ئێمە هیچ ڕووداوێکمان نییە کە باسی لێوە بکەین، بەڵام بینیمان چەرخی کورد بە دەورێکی دیکەدا دەسوڕێت ئەویش هەبوونی پرسی ئاشتی و پێکەوەیی گەلان بوو. ئێمە بووینە شاهیدی ڕووداوێکی مێژوویی کە سەد ساڵی ڕابردوو باس دەکرێتەوە. ئەمڕۆ باس لە سەرکەوتنەکانی گەلی کورد دەکەین، هەروەها بۆ من و سەرجەم ئامادەبووان هەستێکی خۆش بوو، یەکەمجارمان بوو گرووپێک لە گەریلایان لە نزیکەوە بە چەکەکانیانەوە ببینین، ڕۆژانێک بووە هەریەکەیان بەشداری چەندین شەڕیان دژ بە دوژمن کردووە و چەکەکانیان لە شانیاندا پاراستووە. زۆرجار گومان ئەو بابەتەم بۆ دروست دەبێت کە ئایا دەبێت من لە ناو ئەو مەراسیمەدا بووبێتم؟ ئەمە هەستێکی تایبەت بوو بۆ ئێمەی ڕۆژنامەنووس. ئەو ڕووداوە بۆ گەلی کورد سەرکەوتنێکی گەورە و مێژوویی بوو، پێویستە ئەو ڕۆژانە بۆ نەوەی دوای خۆمان دووبارە بکەینەوە تا بزانن گەلی کورد چ ڕۆژێکی مێژوویی هەبووە.

 

ژنانی گەریلا بە سووتاندنی چەکەکان هەنگاوێکی گرنگیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی نا


         


        

شوخان میرزا، ڕۆژنامەوان لە میدیای ئازاد وتی: بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا بڕیاری گرێدانی کۆنگرەی پەکەکەی تێدابوو، لە دوای ئەوەش ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ نیازپاکی لە لایەن تەڤگەری ئازادی و ڕێبەر ئاپۆوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە نران. لە ١١ی تەممووزدا بانگەوازی کرا بۆ ڕاگەیاندنەکان کە هەنگاوێکی مێژوویی لە لایەن تەڤگەری ئازادی کوردستانەوە دەنرێت. شوێن و کاتەکەی دیار نەبوو، ئێمە وەک ڕاگەیاندنی ئازاد پێیان ڕاگەیاندین چەند ڕۆژنامەنووسێک ئامادەکاری خۆمان بکەین، لەوێ بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕووماڵی ئەو هەنگاوە گرنگە بکەین. لە پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەسەر هەرێمەکانی میدیا و لەسەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد بەڕێوەی دەبرد، دواتر ئەو بانگەوازییە هەندێک گفتوگۆی هێنایە ئاراوە و هەندێک پەیوەندی دیپلۆماسی بەهێز بوون لەو نێوەندەدا. لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و ناوخۆی تورکیادا هەنگاوێکی گرنگ بوو. بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی وڵاتان لەوێ ئامادە بوون، تەنها بانگەوازی کرابوو ڕاگەیاندنەکان لەوێ ئامادە بن، هەنگاوێکی مێژوویی گەورە بوو، زانیاری و وردەکاری بە ڕاگەیاندنەکان نەدرابوو. تامەزرۆییەک هەبوو لە دوای ساڵی ٢٠١٣ کە پڕۆسەی ئاشتی شکستی هێنابوو، ئەمە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان بوو کە تەڤگەری ئازادی کوردستان وەک نیازپاکی چ هەنگاوێک دەنێت. یەکەم هەنگاوی پڕۆسەکە لە شاری سلێمانییەوە بوو، ئامادەکاری بۆ ئەوە کرا کە تەڤگەری ئازادی بەیاننامەیەک ڕابگەیەنێت بۆ سووتاندنی چەکەکان بەڵام شوێنەکە گۆڕدرا کە جێگەی سەرنج بوو، بەڵام پەیوەندی بە باری ئەمنی ناوچەکەوە هەبوو. دواتر لە ئەشکەوتی جاسەنە مەراسیمەکە بەڕێوەدەچێت، بڕیارە هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی ڕێڤەبەری کە بەسێ هۆزاتە، پێشەنگایەتی ٣٠ گەریلا بکات؛ گەریلاکان ١٥ ژن و ١٥ پیاو بوون. لەوێدا لە ئەشکەوتی جاسەنە هەنگاوەکان بەڕێوەچوون، کاتێکی دیرۆکی و ساتەوەختێکی مێژوویی و گرنگ بوو لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا، بەڵام ڕاستییەک هەبوو کە دوودڵی و نیگەرانی هەبوو چۆن گەریلا چەکی خۆی دەسووتێنێت، بەڵام تەڤگەری ئازادی زوو ئەوەی بەیان کرد کە ئەم چەک سووتاندنە وەک نیازپاکیەکە و دەست لە تێکۆشانی خەباتی خۆیان بە شێوەی جیاواز لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و لە ڕێگەی تێکۆشانی جڤاکی (کۆمەڵایەتی) و تێکۆشانی فکرییەوە بەردەوام دەکەن. ئەمە ساتەوەختێکی گرنگ بوو لەوێدا، ئێمەش وەک ڕۆژنامەنووسان چاومان لەوە بوو چی دەوترێت لەوێدا و هەنگاوەکان چۆن بەڕێوە دەچن.

 

ئەشکەوتی جاسەنە بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ گەریلاکان

شۆخان میرزا وتی: هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە لە ڕووی جوگرافی و مێژووییەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە کە پێشتر لە ناو تێکۆشانی ئازادی لە باشووری کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی هەبووە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لەوێدا دەرچووە کە گرنگییەکی مێژوویی دەدات بە شوێنەکە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان ساڵانێکە تێکۆشانی ئازادی لە ناو ئەشکەوتەکاندا بەڕێوەدەبەن، لەوێدا هاتنەخوارەوەی گەریلاکان ئاماژە بوو بۆ ئەوەی ئەمە نیەتی گەریلایە و نیەتی خەباتی تەڤگەری ئازادی کوردستانە کە خەباتی خۆی لە چیاکانەوە بێنێتە ناو شارەکانەوە، خەباتێکی دیپلۆماسی و سیاسی لەوێدا بەڕێوەببات. دیمەنەکە پۆلێک گەریلا بوون کە لە ئەشکەوتەکە دەهاتنە خوارەوە بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات، ئەمەش خۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەم ژنێک پێشەنگایەتی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ دەکات، هەم ئەو پەیامە دەدات بە جیهان کە گەلی کوردستان دەیەوێت ئەو توندوتیژی و شەڕەی ساڵانێکە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکدا هەیە کۆتایی پێبێت، گەریلا لە ناو شاردا و لەسەر مێزی گفتوگۆ خەباتی خۆی بەڕێوە ببات. گەریلاکان ئەوەندە بە شێوازێکی دیسپلین و ڕێکخستنکراو لە ئەشکەوتەکە هاتنە داوێنی چیاکە، ئەو ورە و هێزەی گەریلای پیشان دەدا. بەڵێ، گەریلا هەم لە چیاکانی کوردستاندا دەتوانێت خەباتێکی بەهێز بەڕێوە ببات، هەمیش ئەو تێکۆشانە ببێتە هۆی ئەوەی لە ناو شاریشدا خەباتی دیپلۆماسی، جڤاکی و سیاسی بەڕێوەببات. ئەمە پەیامی تەڤگەری ئازادی کوردستانە و ئەو داخوازییەش بوو کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆی لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا دەیەوێت؛ زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ گەلی کورد بۆ چارەسەری پرسی کورد بسازێنێت و کۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت. ساڵانێکە ئەو توندوتیژییە هەیە و نەیتوانیوە چارەسەرێکی ڕیشەیی دروست بکات. لەوێدا ئەو پەیامەی گەریلاکان بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات ئەو پەیامەی دەدا کە هەم ژن لەم گۆڕانکارییەدا پێشەنگایەتی بکات هەم ئەو هێز و ئیرادەیە هەیە، کە گەلی کوردستان خەباتی خۆی لە چەکدارییەوە ستراتیژییەکەی بگۆڕێت بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی لە ناو تورکیادا بۆ چارەسەری پرسی کورد.

 

سووتاندنی چەکەکان هەنگاوێکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و دیموکراسی

شوخان میرزا، ڕۆژنامەنووس ئەوەشی ڕوونکرده‌وه‌: کۆمەڵگەی کوردستان ئامانجی ئاشتی و دیموکراسییە و ئامانجی بەدەستهێنانی مافەکانیەتی لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەمە پەیامێکی گرنگ و گەردوونییە بەو نیازپاکیەی گەریلا بە سووتاندنی چەکەکەی نیشانی هەموو جیهانی دا، ئێمە ساڵانێکی زۆرە لە خەبات و تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردستان و بزووتنەوەکانی تر لە بەشەکانی تری کوردستاندا، ئامانجی سەرەکیمان بەدەستهێنانی مافەکانمان و دانپیانانی ئەو مافە سیاسی و یاساییانەی کوردە لە ناو دەوڵەتەکاندا؛ ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانی بەسەردا دابەش بووە. کورد دەیەوێت وەک کیانێکی سیاسی سەربەخۆیی هەبێت بە تایبەتیش لە ڕووی ئەو مافانەی دەستووری و فەرهەنگین لە ناو یاسای دەوڵەتەکاندا بچەسپێنرێن و گەلی کوردستان قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆی هەبێت.

 

گەریلاکان بە درێژایی مێژوو بانگەشەی چارەسەری ئاشتییانەیان کردووە

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا لە لایەن چینەکانی کۆمەڵگەوە، دیمەنەکانی چیا، ئەشکەوت، گەریلا و ژنێکی شۆڕشگێڕ لە ناو ئەم پڕۆسەیەدا خۆی دەبینێت و سووتاندنی چەکەکان، ئەمانە وا خۆیان نیشان دەدا کە کۆمەڵگەیان دابەش کرد بەسەر چەند بەشێکی جیاوازدا، هەندێک کەس لە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو تەڤگەرە وایان دەزانی ئەمە کۆتایی هاتووە. کەسانێک هەبوون ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچەیەیان پێدرابوو وەک ئاسایش، خەمێکی قووڵ لە ناو چاویاندا دەبینرا کە چۆن خەباتی چەکداری و بەرگریکردنی ڕەوا کۆتایی دێت؛ ئەمە پرسیار بوو لە لای ئەوان و لای ڕۆژنامەنووسانیش ئەو پرسە دروست بوو چۆن تەڤگەری ئازادی چەکەکانی دەسووتێنێت کە هۆکاری مانەوە و دانپیانانیەتی و هۆکاری دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیەیە لە تورکیاد، ئەو خەباتەی تەڤگەری ئازادی بە درێژایی ٥٠ ساڵ خەباتی گەلی کورد دەیکات، ئەو بەرگرییە بەهێز و ئیرادە پۆڵایینە وایکردبوو دۆخێکی وا بێتە پێش کە پەیوەندی بەو گۆڕانکارییانەوە هەبوو کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن. پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات لە جیهاندا دەنگی دایەوە، تەڤگەری ئازادی کوردستان لەسەر ستراتیژییەک کار ناکات کە تەنها چەکداری بێت، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی سیاسی، فکری و کۆمەڵایەتییە بە ڕەهەندی جیاواز جیاواز لە بارەی تێکۆشانی ئازادی کوردستانەوە تێدەکۆشێت، بەڵام هەموو کەس ئەمە نازانێت، بە تایبەت لە باشووری کوردستاندا کەسانێک لایەنی سۆزداری بەسەریاندا زاڵ بوو کە چۆن گەریلا چەکی خۆی دەسووتێنێت و ئایا ئامانجی دەوڵەتی تورک پێکاوە لەوەی کە وا لە گەریلا بکات چەکەکەی خۆی دابنێت یان بسووتێنێت؟ ڕاگەیاندنی سەر بە دەسەڵات لە باشووری کوردستاندا کە ڕاگەیاندنی نابەرپرسیارن لە بارەی پرسی کوردەوە، ئەمانە زۆر بە خراپی کاریان لەسەر پڕۆسەکە کرد، تەڤگەری ئازادی کوردستانیش دەزانێت دەوڵەتی تورک لەسەر سڕینەوەی گەلی کورد و گەلانی ناو تورکیادا ئەم دەوڵەتە سەرپێ کەوتووە، لە ئێستادا تەڤگەری ئازادی و ڕێبەر ئاپۆ دەیانەوێت ئەوە بگۆڕن؛ کۆمارێکی دیموکراتیک دروست بێت و هەموو گەلانی تورکیا بیانەوێت مافی خۆیان هەبێت و لە نێوانیشیاندا گەلی کوردستان ئەو مافە سیاسی و یاساییانەی خۆی هەیەتی لە ناو تورکیادا جێگە بگرێت و قەوارەیەکی سیاسی لەوێدا بۆ کورد دروست بێت.