یەکڕیزیی ژنان: بە هەڵوێست دەربرین لە دژی هەموو داگیركارییەكان دەوەستینەوە
کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاریی ڕایانگەیاند داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان سەرچاوەی تووندوتیژیی و کۆمەڵکوژییەکانە و دەوڵەتی تورکیا لەدوای ساڵی ١٩٩٢ەوە داگیرکاری بەڕێوە دەبات.
کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاریی ڕایانگەیاند داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان سەرچاوەی تووندوتیژیی و کۆمەڵکوژییەکانە و دەوڵەتی تورکیا لەدوای ساڵی ١٩٩٢ەوە داگیرکاری بەڕێوە دەبات.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەمپەینی "یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری" لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان دەربارەی کاریگەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ژنان و کۆمەڵگە بەست.
کەژاڵ عەبدولقادر وتەبێژی کەمپەینی "یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری" بەیاننامەی کەمپەینەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا بە شێوازێکی هۆڤانە و بێ ناسینی هیچ سنوورێک هێرشێکی هەوایی کردە سەر کەمپی شەهید (رۆستەم جودی) لە مەخموور، هەروەها لە چوارچێوەی داگیرکاری سەربازیدا بە بەکارهێنانی زۆرترین چەکی قورس و تەنانەت بەکارهێنانی چەکی کیمیایی (رێگەپێنەدراو) لە هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا هێرشێکی بەردەوام دەکاتە سەر ئەو سنوورانە و بەو هۆیەوە چەندین جەنگاوەری رێگای ئازادی و لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستاندا شەهید بوون.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: داگیركاری ئابووری بەشێوازێكی زۆر قووڵ بەرێوە دەچێت بەهەموو پێوەرێك، لە ئێستادا بەهۆكاری رێکكەوتنی ٥٠ ساڵەی توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ٤٠٠٠ كۆمپانیای توركیا لەناو شارەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن. هەروەها لە رووی داگیرکاری ژینگەییەوە هەروەک چۆن ساڵی رابردوو دار زەیتوونەکانی عەرفرین'ی بڕییەوە و تاڵانی کردن، ئێستاش هەڵساوە بەبڕینەوەی چەندین هەزار داری خاکی باشووری کوردستان و براون بۆ تورکیا و بازرگانییان پێوەکراوە، هەروەها گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و ئەڵوەن لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بووە بەهۆی وشکەساڵی و کەم بەرهەمی و تێکچوونی سرووشتیی. لەلایەکی ترەوە رێک نەکەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ناشەفافی و رادەست نەکردنی داهات بووەتە هۆی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و له ئێستاشدا به بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەنزین و خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ناوماڵ ئەوەندەی تر بارودۆخی هاوڵاتییانی قورستر کردووە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووری و نەبوونی هەژاری و بێ كاری بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، هەر بۆیە لەدژی نەبوونی مووچە دەبێـت لەدژی داگیركاری تێبكۆشین. دیسان تەواوی قەیرانەكان زۆرترین قەیرانی كۆمەڵایەتی دروست كردووە.
بۆیە ئێمە وەك کەمپینەکەمان پێمان وایە سەرچاوەیەكی سەرەكی توندوتیژی و كۆمەڵكوژییەکان داگیركارییەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیایە لەسەر هەرێمی كوردستان و ئێراق. هەر بۆیە گرنگە ئێمەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نادیموكراتی و تەواوی قەیرانەكان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان و هەموو داگیركارییەكان ببینەوە. بە یەکریزی و یەک دەنگی ژنان هەموو هێزمان بخەینە یەک و بەچالاكی دیموكراتی و بەهەڵوێست دەربرین لەدژی هەموو داگیركارییەكان ئاستی تێكۆشانی ژنان بڵند بكەین.
ت.پ