ژینگەی هەڵەبجە گونجاوە بۆ ژیان؟
پاش ٣٣ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا خاکی هەڵەبجە بۆ ژیان گونجاوە؟ بۆچی ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵی نەبەکام لە هەڵەبجەدا زۆرە؟ بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، ڕۆژ بەڕۆژ لەزیاد بووندایە؟ خاک و ئاوی هەڵەبجە پاکن بۆ خواردنەوە؟ بەرپرسی بەشی ژینگەی هەڵەبجە وەڵام دەداتەوە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ژینگەی هەڵەبجە لە دوای کیمیابارانکردنییەوە لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، گۆڕانکاری بەسەردا هات، هەتا چەندین ساڵ دواتریش ژینگەی هەڵەبجە هەڵگری پاشماوەی کیمیایی بوو لەسەر خاکەکەی، هەندێکجاریش پاشماوەی بۆمبەکان لە ژێر خاکدا دەدۆزرانەوە، بۆ پاراستی خاکی هەڵەبجە دەپرسین، ئایا ژینگەی هەڵەبجە بۆ ژیان گونجاوە؟، هاوڵاتیان ئەوەندە هۆشیارن کە کرنگی بە سەوزایی بدەن؟.
سارا سەلام بەرپرسی بەشی ژینگەی ڕێکخراوی نوێ لە هەڵەبجە، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ژنهای دایەوە و وتی: وەک دەزانین سروشتی هەڵەبجە لە پێش کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە سروشتێکی پاک و بێگەردی هەبووە، ناوچەیەکی دڵڕفێن بووە، ئەگەر لەسەر بەرزاییەوە سەیری هەڵەبجەمان بکردایە پڕ لە سەوزایی و دار و درەخت بوو، لە پارکێکی گەورە دەچوو، بەڵام لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە خاک و ئاو و هەوای هەڵەبجە بەرەو لەناوچوون چوو.
سارا ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر خاکی هەڵەبجە نەکراوە، و دەڵێت: پرسیاری تا چەندە خاکی هەڵەبجە گونجاوە بۆ کشتوکاڵ کردن، هەروەها تا چەند بەروبومی هەڵەبجە بە کەڵکی خواردن دێت تا ئێستا بێ وەڵامە، چونکە هیچ توێژینەوەیەکی لەسەر نەکراوە و بابەتەکە بە سیاسی کراوە، هیچ کەسێکیش ئامادە نییە توێژینەوەی لەسەر بکات، بیانوشیان ئەوەیە کە دەڵێن لە ناو کوردستان پسپۆڕمان نییە پێویستە لە دەرەوە پسپۆڕ بهێنین ئەمەش وەڵامێکی کزە و تەنها بەهانەیە.
لە ڕووی تەندروستییەوە ڕێژەی شێرپەنجە و منداڵی نەبەکام زۆر بووە
لە ڕووی تەندروستیی و ئەو داتایانەی لەدوای کیمیابارانی هەڵەبجە خراوەتە ڕوو، ئاماژە بەوەدەکەن ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵی نەبەکام و توشبوون بە شێرپەنجە لە زیادبووندایە، ئەمەش مەترسییەکە و ئاماژەیە بۆ نەشیاوی خاکی هەڵەبجە بۆ ژیان، کە تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.
ئاوی هەڵەبجە لە وڵاتی یابان تاقیکراوەتەوە
سارای ژینگەپارێز ئاماژەی بەوەدا: خۆشبەختانە ئاوی سیروان نێردراوە بۆ وڵاتی یابان و تاقیکراوەتەوە، ئەنجامەکەشی ئەرێنی بووە کە ئاوی سیروان (ئاوی هەڵەبجە دابین دەکات) گونجاوە بۆ خواردنەوە، ئامۆژگاریمان بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە کە خاکی هەڵەبجە و ژینگەکەی بپارێزن و سەزایی زیاد بکەن، ئەگەرچی ژینگەی هەڵەبجە خۆی سەوزایی زیاترە بەڵام پێویستمان بە زیاتر هەیە، چونکە هەر درەختێک ئۆکسجینی پێویست بۆ زیاتر لە پێنج کەس دابین دەکات.
کۆرۆنا هاوڵاتیانی هۆشیارتر کردەوە
سارا باسی لەوەشکرد هەڵەبجە لە پێش کیمیاباران وەک پارکێکی سروشتی بوو، چونکە ڕوبەرێکی کەمی خانوو، ڕووبەرێکی زۆری سەوزایی هەبوو، لە ئێستاشدا ئەم شێوازە پێچەوانە بووەتەوە، پێشنیاریشی کرد: بەڵام ئەوەی گرنگە ڕووبەری سەوزای زیاد کردنە، چونکە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نیشانی داین ئەوەی بینای هەبوو وەک سجن وابوون، بەڵام ئەوەی حەوشەی پڕ گوڵ و گوڵزاری هەبوو تا ڕادەیەک دەروونیان ئاسودە بوو، بۆیە گرنگە ڕێژەی سەوزای زیاتر بکەین.
بەهۆی گەرمبوونی زەوی لەم ساڵانەی دوایدا، کەم بارانی و هاتنی وشکەساڵی و نەبوونی سەوزایی، هاوڵاتیان ترسیان لێ نیشتووە لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو و وشکبوونی ئاو و ژینگەدا.
ت.پ