ژنان بە پاراستنی ژینگە تونس زیندوو دەکەنەوە
لە بەرنامەی چاندنی یەک ملیۆن نەمامدا، کۆمەڵەی "تونسی پاک" ژنان و منداڵانی گوندنشینی هەڵبژاردووە بۆ چاندنی نەمام لە دارستانەکاندا، چونکە سەرەڕای سەختی کارەکە، خاوەنی ڕۆحێکی پڕ لە سۆز و ماندووبوونن.
نەزیهە بوسعیدی
تونس- دوای وێرانبوونی بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی تونس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە، ئێستا ١١٣ ژنی گوندنشینی ناوچەی حەدادە سەجنان پلانی چاندنی یەک ملیۆن نەمام جێبەجێ دەکەن. ئەم بەرنامەیە لەلایەن کۆمەڵەی "تونسی پاک" و گروپی هاوپشتی سەوزەوە تا کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٥بەڕێوەدەبرێت.
سوار بن مەحمود، کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە وەک خۆبەخشێک لەگەڵ ئەنجومەنی تونسی پاک کاردەکات، ئێستا ڕێکخەری پڕۆژەی ئەم دامەزراوەیەو وتی: بەشداری خۆبەخشانە لە کاری کۆمەڵەکاندا هەستی مەدەنی و نەتەوەیی بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی کەسایەتییەکی بەهێز و بەخشێنەر، بە هاوکاری وەزارەتی دارستان و وەزارەتی کشتوکاڵ، دوو بۆ سێ ساڵ بە دارستان و ناوچە شاخاوییە زیانلێکەوتووەکان بۆ گەشەکردنی سروشتی دەدرێت، ئەگەر گەشەی سروشتی بەس نەبوو، لە پایزەوە تا بەهار چاندنی نەمام ئەنجام دەدرێت.
وتیشی: ئێستا ژنان لە چیای سەجنان بنزەرت، ١٠٠ هەزار درەختی فندق و سنەوبەر و بەڕوو و خەرنوب دەچێنن، ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لە دارستانەکانی تونس کە بە دەستی بەتوانای ژنانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.
ساڵی ڕابردوو لە جیاتی ئەو ٥٠ کەسەی کە چاوەڕوان دەکرا، ١٢٠ ژن خۆبەخشانە بۆ چاندنی نەمام لە دارستانەکانی حەدادە بەشدارییان کرد، ئەوان دەیانزانی کە دارستانەکان سەرچاوەی داهاتن بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، بۆیە بە تامەزرۆییەوە پێشەنگ بوون.
وتیشی: ئێستا ١١٣ کەس بەشداری پلانەکە دەکەن، ژنان بە جۆش و خرۆشەوە بە خاکەنازو بێڵ زەوی هەڵدەکەن و نەمامەکان دەچێنێن، ئاگادارانە ژنانمان بۆ نەمام چاندن هەڵبژارد، چونکە خاوەنی ڕۆحی ماندووبوونن و ماندوونەناسانە کاردەکەن، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییە، کاردەکەن بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانیان.
جۆری دارەکان هەمیشە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی دارستانەکان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەمجارە ژنانی گوندەکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی جۆرەکانی وەکو خەرنوب و بەڕوو کە دەتوانن بەکاریبهێنن، هەروەها بەرپرسیارێتی پاراستنیان لە لەوەڕاندنی ئاژەڵدا گرتە ئەستۆ.
کۆمەڵەی تونسی پاک لە شارەکانی نابول، جاندۆبە، باجە، بنزەرت، زاغفان و سلیانە نەمام دەچێنێت، ئەم بەرنامەیە تا کۆتایی مانگی ئادار بەردەوام دەبێت، خۆبەخشەکان ڕۆژێکی تەواو بە چاندنی نەمام بەسەر دەبەن، تەنانەت لە کاتی بارانیشدا، هەروەها جار جار بۆ پشکنینی گەشەی نەمامەکان و گۆڕینی ئەو دارانەی کە شین نەبوونە دەگەڕێنەوە.
بەشداری خوێندکاران لە پاراستنی ژینگە
وتیشی:کۆمەڵەکە هەموو هەفتەیەک دوای دەستنیشانکردنی شوێنە پیسبووەکانی سەیرانگاکان و شوێنی فڕێدانی نایاسایی هەڵمەتی پاککردنەوە ڕێکدەخات، بە پرۆگرامی " خوێندنگەی ئێکۆ" فێرخوازەکان فێری کێشەکانی ژینگە دەبن و چارەسەر دەبەخشن و بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکانی خوێندنگەکەیان ڕێگە چارە دەخەنە ڕوو، ئەم بەشدارییە هەستی ئەوەیان پێدەبەخشێت کە هاوبەشەن لە گۆڕانکارییەکاندا.
هەروەها ئەم ئەنجومەنە گرنگی بە وانەوتنەوە بە خوێندکارانی قۆناغی پێنجەم دەدات، هەروەها دەتوانن باڵیۆزی ژینگە بن بۆ خوێندکارە گەنجەکان و ئەوان فێری گرنگی پاکوخاوێنی و جیاکردنەوەی پاشماوە و ڕیسایکلکردن و چاندنی نەمام بکەن.