ئاگری دارستانەکانی ڕوسیا بۆ جەمسەری باکور تەشەنە دەستێنێت

لە دارستانەکانی ڕوسیادا ئاگر کەوتووەتەوە و تەشەنە دەستێنێت بەرەو جەمسەری باکوری دارستانەکان و چالاکوانانیش هۆشداری مەترسی حاڵەتەکە دەدەن، ئاگرەکەش ١٢٠٠ ناوچەی گرتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی ئیندیپێندێنت-INDEPENDENT ئاگری دارستانەکانی ڕوسیا بەرەو ناوچەکانی باکور هەڵکشاوە و ئەمەش تەشەنە سەندنێکی مەترسیدارە لەچاو سەرەتای ئاگرکەوتنەکەوە و کاریگەری لەسەر ڕووبەڕێکی فراوانی دارستانەکان هەیە.

 

لەگەڵ ئەوەی چالاکوانان هۆشداریی لە مەترسی حاڵەتەکە دەدەن، بەڵام پێیان وایە کە تا کۆتایی مانگی ئاب ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، هەروەها ئاگرەکە زیاتر لە ١٢٠٠ شار و گوندی گرتووەتەوە.

 

بەپێی وێنە سەتەلایتییەکانی ئاژانسی ناسا بڵاویکردووەتەوە، ڕووبەرێكی خۆڵەمێشی فراوان و بە دووری دوو هەزار میل لە سەرچاوەکەیەوە کە سیبریایە، بەسەر ئاسمانی دارستانەکانی یاکوتا لە ڕۆژهەڵاتی روسیا دەرکەوتووە.

 

ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکانی جیهان زیادی کردووە و زۆرترین ناوچەکانی ڕوسیا، تورکیا، ئیسپانیا، یۆنان و ئەمریکا و چەندین شوێنی دیکەشی گرتووەتەوە و دارستانەکانی باکوری کوردستانیش بەشێکیان ئاگری گرتووە بەهۆی تەشەنە سەندی ئاگر لە دارستانەکانی تورکیادا.

 

ت.پ