وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ؛ قەیرانی ئابووری بۆ ژنان
وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و خراپ بەڕێوەبردن نەک هەر مەترسی لەسەر ئیکۆسیستەم دروست کردووە، بەڵکو ئاڵەنگاری بۆ بژێوی ژنانی ناوچەکە دروست کردووە.

ڤیان میهرپەروەر
ورمێ - دەریاچەی ورمێ کە سەردەمانێک یەکێک لە گەورەترین دەریاچە خوێیەکانی جیهان بوو، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کەم ئاوی، و خراپ بەڕێوەبردنی حکومەت تووشی وشکەساڵییەکی سەخت بووە و مەترسیی گۆڕانی بۆ بیابانی لەسەرە. لە ئێران، ٥ی ئادار وەک ڕۆژێک بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بارودۆخی گۆڵی ورمێ و هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی، هەڵبژێردرا، هەوڵێک کە ساڵانێکە بە شێوەیەکی پرەنسیپی ئەنجام نەدراوە و بووەتە هۆی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە ژینگەییەکانی ئێران و ناوچەکە، ئەم قەیرانە بەشێوەیەکی گشتی هەموو ڕەهەندەکان دەگرێتەوە، بە ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هتد، و بەو پێیەی هیچ پێکهاتەیەکی پشتیوانی گونجاو بۆ ژنان بە تایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا نییە، ژنان ئەوانەن کە زۆرترین زیان بەم کێشەیە دەناڵێنن، بەو پێیەی کێشە ئابوورییەکان سەرچاوەی چەندین کێشەن، ئەم ڕاپۆرتە باس لە کێشە ئابوورییەکان و ئاستەنگەکانی دەرئەنجامی ئەم قەیرانە دەکات کە کاریگەرییان لەسەر ژنان هەبووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی واقیعەکانی ئێستا، وشکبوونەوەی دەریاچەکە کاریگەری لەسەر ئابووری هەزاران ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکەدا دەبێت.
لەدەستدانی هەلی کار بۆ ژنان
نزیکەی ٥ بۆ ٦ میلیۆن کەس لە حەوزی دەریاچەی ورمێ دەژین و زیاتر لە ٦٠٪یان لە گوندەکاندا دەژین، بەشێکی زۆر لەو گوندنشینانە بە تایبەتی ژنان بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن، ژنانی گوندنشین بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداری لەم ناوچانەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سووڕی بەرهەمهێنانی ئابووریدا لەگەڵ وشکبوونەوەی دەریاچەکە و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، زۆرێک لەو ژنانە سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە.
یەکێک لەو ژنانە مەعسومە. ب. لە گوندی قەرەگۆڵ لە نزیک گۆڵی ورمێ دەژی، ساڵانێکی زۆر لە کەرتی ئاژەڵداریدا کاری کردووە، بەڵام دوای ئەوەی ناچار بووە کۆچ بکات بۆ شاری ورمێ، ئیتر نەیتوانی درێژە بە کارەکەی بدات و بۆ هەمیشە سەرچاوەی داهاتەکەی لەدەست دەدات.
هەروەها کشتوکاڵ و باخداری یەکێکی دیکەیە لە کەرتەکانی زیانلێکەوتووە، شەیداز، دانیشتووی گوندی مەرحەمە ئاباد وتی: گەردەلوول و بای هەڵگری خوێ گەیشتووەتە زەوییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی بیرەکانیش بووەتە خوێ، ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر سەرچاوەی داهاتمان لەدەست دەدەین.
ئەم قەیرانە ئابوورییە نەک هەر ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی ژنان داناوە، بەڵکو ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر لایەنەکانی کاری ژنان داناوە، شەهرە.خ، دانیشتووی شاری ورمێ و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی میوەی وشککراوە، گرانبوونی نرخ و نزمیی کوالیتی هەندێک میوە بە کاریگەریی کارەکانی دەزانێت و وتی: زۆربەی میوەکان بۆ دەرەوەی پارێزگا و وڵات هەناردە دەکرێن.
لە زیادبوونی وابەستەیی داراییەوە بۆ توندوتیژی و نەخۆشی
لەدەستدانی هەلی کار و زیادبوونی وابەستەیی دارایی ژنان دەتوانێت نایەکسانی و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی گەورەتر بکات، کێشە ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێو ئەو کەسانەدا کە بەهۆی کێشەی ژینگەیی ناوچەی ئاوی دەریاچەکەوە ناچاربوون کۆچ بکەن یان سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە، توندتر دەبنەوە، بۆ نموونە وشکبوونەوەی دەریاچەکە چەندین کێشەی تەندروستی بۆ ژنان دروستکردووە لە بوارەکانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، کێشەی پێست و چاو، زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، کێشەکانی گورچیلە و هەرسکردن، زیادبوونی شێرپەنجە، ئەمه له کاتێکدایه که زۆرێکیان باس له لەوەدەکەن که کەمتر گرنگی به چارەسەرکردنی خۆیان دەدەن و ناتوانن ئەولەویەتی به خۆیان بهێنن جگە لەوەش تێچووی زۆره و چارەسەر کردنی هەندێک نەخۆشی له توانای خێزانەکەی زیاتره.
ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاودا
لە ساڵانی ڕابردوودا ژنانی گوندنشین لە ناوچە جیاجیاکان هەوڵیان داوە بەرەنگاری قەیرانی وشکبوونەوەی دەریاچەکە ببنەوە، لە گوندی قەرەقۆزلو ژنان وازیان لە چاندنی ئەو بەروبوومانە هێناوە کە ئاوی زۆریان پێویستە وەکو هەروەز و بەشدارییان لە چاندنی بەروبوومەکانی وەک تەماتەدا نەکردووە، ماوەیەکە بە دامەزراندنی وەرشەی چنین هەوڵی بەدەستهێنانی داهاتیان داوە و هانی پیاوانی ناو خێزانەکەیان داوە کارێک بکەن کە ئاوی کەمتری پێویستە، وەک دارتاشی، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەی بونیادنانی توانا بۆ ژنانی گوندنشین لە گوندەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ یەکێکە لەو بەرنامانەی کە هەوڵدەدات لە ڕێگەی پەروەردەکردنی ژنان و بەهێزکردنیانەوە یارمەتی بەدیهێنانی داهات و پاراستنی دەریاچەکە بدات، بەڵام لەپاڵ پلاندانان بۆ نۆژەنکردنەوەی گۆڵی ورمێ، هێشتا پێویستی بە پلاندانانی وردتر و ڕێوشوێنی پشتیوانیی فراوانتر هەیە بۆ پاراستنی گوزەران و سەربەخۆیی ژنان لەو ناوچانە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.