"گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان هەیە"
بە گشتی ژنان بەھۆی سروشتی فیزیۆلۆژییەوە تووشی ماندوێتی دەروونی و گۆڕانی باری دەروونی دەبن، بەڵام مەترسییەکە بۆ ئەو ژنانەی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ململانێدا دەژین زیاترە بە بەراورد بەو ژنانەی کە لە وڵاتانی پارێزراو و سەقامگیردا دەژین.
حەنان حارت
مەغریب-زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان لەناو ژناندا بەربڵاون، ئەمەش بەهۆی سروشتی جیاوازی فیزیۆلۆژییەوە، کە لەدوای تێپەڕبوون بە دۆخی ئازاربەخش، دوای دووگیانی و منداڵبوون، یان تەنانەت لە ڕۆژانی سوڕی مانگانەیاندا، یان کاتێک توندوتیژی لەسەریان دەکرێت، دەگۆڕێت، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر تووشی خەمۆکی، گۆڕانی توندی باری دەروونی، دڵەڕاوکێ ببن.
شەیما ئەبلاق، پسپۆڕی دەروونناسی و چالاکی کۆمەڵایەتی دووپاتیکردەوە، سەردانی پزیشکی دەروونی یان دەروونناس لە کۆمەڵگەی مەغریبدا لە پرسە تابۆ کراوەکان نییە، بە تایبەتی بۆ ژنان، ڕوانگەی کۆمەڵگە بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ساڵ لە دوای ساڵ دەبینین کە هۆشیاری لە ناو بنەماڵەکاندا هەیە لەسەر زیادبوونی خواست بۆ سەردانی دەروونناسەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتواندرێت یەک هۆکار دەستنیشان بکرێت بۆ تەندروستی دەروونی مرۆڤەکان، لەگەڵ ئەو هەموو فشارە زیندوو و خێزانییانەی کە تاکەکان بەرکەوتەی دەبن، گرنگی پزیشکی دەروونی زیاد دەکات وەک چارەسەرێک بۆ ئەو قەیران و ئازارانەی کە دروست دەبن و مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، جگە لەوەی گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی هەراسانکردن و توندوتیژی و جیاکاری و ئەو دەستدرێژییەی کە ژنان لە کۆمەڵگەکانماندا بەرکەوتەی دەبن.
"توێژینەوە و ئامارەکان سەلماندوویانە کە ژنان زیاتر تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبن"
سەبارەت بەو جۆرە تێکچوونە دەروونیانەی کە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن وتی: توێژینەوە و ئامارەکان سەلماندوویانە کە ژنان زیاتر تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبن بە بەراورد بە پیاوان، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە باری دەروونی ژنان کاریگەری لەسەر دروست دەبێت، یەکەم لەگەڵ نزیکبوونەوەی سوڕی مانگانە، لەگەڵ بەرزبوونەوە و دابەزینی هۆرمۆنەکان کاریگەری لەسەر حاڵەتەکە دەبێت، لە هەندێک لە دایکاندا ڕەنگە کاریگەری خەمۆکییان لە کاتی دووگیانی و دوای منداڵبوونیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، باوترین نەخۆشییە دەروونییەکان بریتین لە خەمۆکی، دڵەڕاوکێی دەروونی و ترسی نەخۆشی، ئەمە جگە لە شیزۆفرینیا، نەخۆشی دوو جەمسەری و نەخۆشی وەسوەسەیی-ناچاری، خەمۆکی دەتوانێت لە شێوەی یەکێک لەم نەخۆشیانەدا دەربکەوێت: وەک خەمۆکی گەورە، نەخۆشییە دەروونییەکان. نەخۆشی دوو جەمسەری، و خەمۆکی دوای منداڵبوون.
"ژنان بەهۆی توندوتیژی و هەراسانکردنەوە فشاری دەروونیان لەسەرە"
شەیما ئەبلاق پێی وایە حاڵەتەکانی فشاری دەروونی لە ناو ژناندا زیاتر زیاد دەکات کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی و هەراسانکردن و توندوتیژی دیجیتاڵی دەبنەوە، ئەمەش بووەتە دیاردەیەک لە کۆمەڵگەی مەغریبدا و ژنان زیاتر لە پیاوان بەرکەوتەی دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەندروستی دەروونی ژنانیش کاریگەری لەسەرە لەئەنجامی کارکردنی ژنان و هەوڵدان لە کۆمەڵگادا بەبێ ئەوەی مافی ڕەوای خۆیان هەبێط، بۆ ئەوەی وەک مرۆڤێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا بژین، هێشتا ژنان زیاتر لە پیاوان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن ڕۆژانە، کە زۆرجار لە شێوەی کارە ناپێویستەکانی ماڵەوەیە.
سەبارەت بە کاریگەریی ململانێکان، کارەساتە سروشتییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان وتی: لەم ساڵانەی دواییدا ژنان زیاتر ڕووبەڕووی نەخۆشی دەروونی بوونەوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاریگەری لەسەر تەندروستییان هەبووە ، جگە لەو دیاردە سروشتیانەی کە کۆمەڵێک وڵات ئەزموونیان کردووە، وەک ئەو بوومەلەرزەیەی کە مەغریبی گرتەوە، و زریانەکە لە لیبیا و گۆڕانی کەشوهەوا کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە، زۆرجار مرۆڤەکان لەژێر بارودۆخی سەختدا تووشی نەخۆشی فشاری دوای کارەسات دەبن، بەڵام ژنان دوو هێندە زیاتر تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبن، تێکچوونی فشاری دەروونی دوای کارەسات کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر چۆنیەتی هەستکردنیان بە جیهان و خۆیان.
لە کۆتاییدا پسپۆر شەیما ئەبلاق داوای لە ژنان کرد داوای هاوکاری بکەن.