حەوتەمین فێستیڤاڵی گوڵ و نەمام بە بەشداریکردنی ژنان بەڕێوەچوو

بۆ جاری حەوتەم فێستیڤاڵی ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە جۆرەکانی گوڵ و نەمام، بە سەرپەرشتی نەمامگە نا حکموییەکانی شار و بە بەشداریکردنی چەندین ژن بە کاری دەست ڕەنگینی بە ڕێوەچوو.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، حەوتەمین فێستیڤاڵی "گوڵ و نەمام"، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، بە بەشداریکردنی حەوت نەمامگای شاری سلێمانی و بەشداریکردنی چەندن کارێکی دەست ڕەنگینی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەچوو، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن ژنانی شاری سلێمانیەوە پێشوازی لێ کرا، تیایدا چەندین شێوازی گوڵی نوێ و شێوازی ناشتنی نەمامیان تیادا نمایشکرد، چەندین ژن بە کاری نەمام و کاری دەستی بەشداریان لە فێستیڤاڵەکە کرد، هەروەها باسیان لە گرنگی نەمام ناشتن و هەبوونی سەوزایی لە ناوەندی شاردا کرد.

 

" ئامانجمان ناساندنی نەمامەکان و سەوزکردنی ناوەندی شارە"

دەروون نەسرەدین، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان هۆبەی پارکی ئازادی، ئاماژەی بەوەکرد، هەموو ساڵێک فێستیڤاڵێکی لەم جۆرە بۆ باخچەکانی شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی دیکە چەندین نەمامگا بەشداریان تێدا کردووە، دەڵێت: بۆ ئەمساڵ چەندین نەمامگا بەشداربوون، هەروەها هەولیان دەدا لە فێستیڤاڵەکە سەرنجی فرۆشیاران بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، هەروەها جیاوازتر ژنانی دەستڕەنگین بە دروستکردنی کاری دەست و خواردن ئامادەکردن بەشداربوون، جگە لەوەش ژنان چەندین شێوازی ناشتنی نەمامیان تێدا نمایشکرد.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، گرنگە لە ناوەندی شارەکان و دەرەوەی شاریشدا سەوزایی زیاد بکرێت چونکە سەوزایی ئاسودەیی مرۆڤ زیاد دەکات، وتیشی: ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵانە ناساندنی جۆری گوڵەکانە بە هاوڵاتیان و سەوزکردنی شارەکانە.

 

" سەوزکردنی شارەکان دەرونی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە "

 

هێرۆ حسێن، خوێنداری زانکۆ بەشی باخداری، وەک بەشداربووی فێستیڤالەکە باس لە گرنگی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: بەشداریمان بە چەندین جۆری نەمام و گوڵ کردووە  وەک گوڵی زینە، هەروەها ادەتوانین بەرهەمەکانمان بخەینە ڕوو.

 

هەروەها دەربارەی گرنگی هەبوونی سەوزایی باسی لەوەکرد کە سەوزایی گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ مرۆڤەکان و بۆ ژینگە، پێویستە هەموو هاولاتییەک گرنگی بدەن بە نەمام ناشتن و بەردەوامبن لە سەوزکردنی شارەکە، وتیشی: ژینگەیەکی سەوز دەرونی مرۆڤەکان ئارام دەکاتەوە.

 

لە کۆتاییدا، ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەیان بەوەکرد، ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت.