سەمەندەری کوردستانی، سیمبولی جوانی چیاکانی زاگرۆس

سەمەندەری کوردستانی یان بووکی کانیاوەکان، زیندەوەرێکی ئەمفیبیۆسی بنەماڵەی سەماندەریانە، نیشتیمانی ڕەسەنی ئەم زیندەوەرە کوردستانە لە ئێستادا مەترسی لە ناوچوونی هەیە. سارا ارومیه

سەمەندەری کوردستانی یان بووکی کانیاوەکان، زیندەوەرێکی ئەمفیبیۆسی بنەماڵەی سەماندەریانە، نیشتیمانی ڕەسەنی ئەم زیندەوەرە کوردستانە لە ئێستادا مەترسی لە ناوچوونی هەیە.

سارا ارومیه

 

سەمەندەری کوردستانی یەکێکە لەو جۆرە زیندەوەرە دەگمەنانەی کە مەترسی لە ناوچوونی هەیە، لە ئێستادا پاراستنی ئەم زیندەوەرە لە لیستی سووری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ''IUCN'' دایە، ئەم زیندەوەرە لە بەرزی ١٣٠٠ بۆ ١٤٠٠ مەتر لە چیاکانی کوردستان لە شوێنی شیداردا دەژی، نیشتیمانی ڕەسەنی ئەم زیندەوەرە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، شوێنی ژیانیان لە دارستانەکانی زاگرۆس، ڕووبارە هەمیشەییەکان و ئەو ناوچە شاخاوییانەی داپۆشراوە بە گیای توتڕک و گوێز و بەڕوو دەژی، لە ژێر بەردی ڕەق یان لەسەر دیواری بەردین لەناو ئاو و شوێنی شێداردا ژیان بەسەر دەبەن.

 

شێوەی سەمەندەری کوردستانی

سەمەندەری کوردستانی سەر بە بنەماڵەی ئەمفیبی کلکدارە، ڕەنگی پێستی پشتی ئەم سەمەندەرە ڕەش و قاوەییە و بە خاڵی زەرد و مەیلەو سەوز داپۆشراوە ، بەشی ژێرەوەی ئەم خشۆکە ڕەنگی سوورە و پێیەکانی لە نزیک قەدی سەرەوەی یەکتر دادەنێت، ئەم خشۆکە سەری پان و خڕ و چەماوەیە و چاوێکی دیاری هەیە.

 

شوێنی ژیانی سەمەندەری کوردستانی

ئەم جۆرە زیندەوەرە سەرەتا لەلایەن ئاژانسی پاراستنی ژینگەی بۆکان لە ساڵی ١٩٩٩ ناسێندراوە،  جۆرێکی دەگمەنە و تایبەتە بە جوگرافیای کوردستان، نموونەی ئەم زیندەوەرە لە کوێستانەکانی باکور و چیاکانی باشووری کوردستان هەیە.

کرمۆکەی ئەم زیندەوەرە لە ئاودا گەشە دەکات و دوای پێگەیشتن و گەورەبوونی، دەچێتە ناو وشکانی و ژینگەی شێدار، ژیانی لە کوێستانەکان زۆر باشە بەهۆی بوونی ئاوی پاک و ڕوون، خۆراکی گونجاو و پلەی گەرمای پێویست، لەسەر خواردنی قەوزە و مێروو و کرمۆکەی زیندەوەرانی دیکە دەژی.

دوای تەواوبوونی زستان و توانەوەی سەهۆڵ و زوقم، سەمەندەر و جۆرەکانی لە بەهاردا لە شوێنەکانی خۆیان دێنە دەرەوە بۆ جووتبوون و بەرەو جۆگەکان دەجوڵێن.

 

بۆچی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە؟

چەندین هۆکار هەن بۆ زیاتر لەناوچوونی ئەم جۆرە زیندەوەرە بریتین لە وشکەساڵی و خراپبوونی ژینگەکەیان وەک دوورخستنەوەوەی ئاوی کانیاوەکان بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و هەروەها پیسبوونی ئاو لە ڕێگەی دەرمانی کیمیای بۆ ڕێگریکردن لە گیای زیادە و پەینی کیمیایی.

ساڵانی ڕابردوو ئەم زیندەوەرانە زیاتر بەهۆی وشکبوونی کانیاوەکان، ڕاوکردن و خواردنیوە لەلایەن باڵندە و مارەوە لەناودەچوون، هەر بۆیە لە ئێستادا لە ڕیزی ئەو زیندەوەرانەدا دادەنرێت کە مەترسی لە ناوچوونی هەیە.

 

سەمەندەری کوردستانی یەکێکە لە زیندەوەرە دەگمەنەکانی جیهان، لە لیستی سووری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی سویسری "یەکێتیی پاراستنی سروشت و سەرچاوە سروشتییەکان IUCN " ڕیزکراوە بۆ پاراستنی لە مەترسی لە ناوچوون، ئەمەش گرنگی ئەم جۆرە زیندەوەرە دووهێندە دەکات.