زۆیا جەمال: گوڵ بۆ ئەو ماڵانە دروستدەکەم کە گەشەی گوڵ تیایدا کەمە
زۆیا جەمال لە شەتڵگە خێزانییەکەیاندا شێوازێکی نوێی پەروەردەکردنی گوڵی داهێناوە، کە وادەکات گوڵەکان بۆ تەمەنێکی زیاتر و لە بێ ڕووناکی خۆریشدا بمێننەوە.
هەڵەبجە
لە شاری هەڵەبجەی شەتڵگەیەکی خێزانی لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەڕێوەدەبرێت، زۆیا یەکێکە لە ئەندامانی ئەو خێزانە و هەوڵی داوە داهێنان لە کارەکانیدا بکات، ئەویش دروستکردنی گوڵی ناو شووشەیە، کە توانای مانەوەی زیاتری هەیە لە گوڵێکی ئاسایی.
زۆیا جەمال محەمەد دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ٢٠١٣ەوە شەتڵگەکەیان پەرە پێدەدەن، کە لە باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها بەشێکی شەتڵگەکەیان باخدارییەو و میوەی جۆراوجۆری تیادایە و گوڵ و داری بەرداریشیان هەیە.
زۆیا لە باسی شەتڵگەکەیاندا دەڵێت: لە گەورەوە بۆ بچووک خەریکی ئەم کارەین، زیاتر ئەوەی پەرەی پێ دەدەین نەمامی بەردار و گوڵ و بابەتی جوانکاری بووە، بەڵام ئێستا بە هۆی داهێنانەکانی خۆمانەوە زیاتر پەرەمان بە گوڵ داوە و تایبەتن بە گوڵی سروشتی و بەرهەمی دەستی خۆمانە.
زۆیا لە باسی ئەو گوڵانەی بە شێوازی جیاواز دروستیان کردووە، دەڵێت: گوڵەکانمان توانای مانەوەی هەر چوار وەرزەکەی هەیە، لە بەردی لیکاو و ئاودا دایدەنێین، ئەویش بۆ ئەو کەسانەیە زیاتر کە دەڵێن ناتوانین گوڵ پەروەرد بکەین بەهۆی نەبوونی شوێن یان خۆری پێویست لە ماڵدا، ئێمەش وەک ئەم شێوازە نوێیەی پەروەردەکردنی گوڵمان داهێناوە، کە بۆ ئەم جۆرە گوڵانە سەرەتا بەردەکە دەشۆینەوە و ڕەگی ڕووەکەکان دەشۆینەوە هەفتانە ئاوی بەردەکە دەگۆڕین و زیاتر گەشە بە ڕووەکەکە دەدات و چوار وەرزە گوڵەکە دەمێنێتەوە.
بۆ ئەو کەسانەش کە دەیانەوێت گوڵەکانیان هەمەچەشن بن زۆیا دەڵێت: لەناو قەوزەشدا گوڵ دروست دەکەین لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆمان دێت و خواستی لەسەرە و بە پێی وەرزەکان ئاودانەکان دەگۆڕین، چونکە ئەم قەوزەیە مادەیەکی تیادایە بەرگری لە فەوتانی گوڵەکان دەکات.