"ساڵانی ڕابردوو فەرش، جێگە و جلوبەرگمان لە چەمی حەسار دەشوشت"

هاوڵاتیانی سەیدسادق باس لە وشکبوونی چەمی حەسار بە هۆی وشکەساڵییەوە دەکەن.

هاوڵاتیانی سەیدسادق باس لە وشکبوونی چەمی حەسار بە هۆی وشکەساڵییەوە دەکەن.

 

هەوار محەمەد

سلێمانی- بەهۆی وشکبوونی ئاوی حەسارەوە لە شارۆچکەی سەیدسادق، ماسییەکانی مردار بوونەتەوە و گەنجانی شارۆچکەکە کە ساڵانێک مەلەیان تێدادەکرد نیگەران بوون لە وشکبوونی ئاوەکە، هەروەها گرفتی بۆ خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکردووە، چونکە وەک سەرچاوەیەک بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەکاریان دەهێنا.

 

چەمی حەسار یەکێکە لەو چەمانەی کە دەکەوێتە دامێنی شاخی ناو شارۆچکەی سەیدسادق، لە بنەڕەتدا چەند کانییەک بووە لەو شوێنەدا هەڵقوڵاوە و چەمی حەساری لێدروستبووە، ئەم چەمە لە ناو شارۆچکەکەوە بەرەو گوندەکانی بێڕەشکە و شاتوان دەڕوات و لەکۆتایدا دەڕژێتە ڕووباری سیروانەوە.

 

لە ڕابردوودا خەڵکی شارۆچکەکە سودیان لێوەرگرتووە بۆ خواردنەوە و ماڵەکانیان و ژنان بە کۆمەڵ دەچوونە سەر چەم بۆ شۆردنی کەلوپەلەکانیان، هەروەها بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش سودی لێ وەرگیراوە، ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن شارەوانی سەیدسادقەوە  نۆژەن کرایەوە وەک  شوێنێکی گەشتیاری هاوڵاتیان سەردانیان دەکرد و گەنجانی شارۆچکەکە لێی کۆدەبوونەوە و مەلەوانییان تێدا دەکرد، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ڕووی لە کەمی کردووە و لە ئەمساڵدا بە تەواوی کانیاوەکە وشکی کرد.

یەکەمجار نییە کانیاوەکە وشکبکات، لە ساڵی ١٩٤٦ و لە سەرەتای ٢٠٠٠یشدا ئەم کانیاوە وشکی کردووە. بەم وشکبوونەش ماسییەکانی ناوی مرداربوونەتەوە و گرفتی بۆ خاوەن زەییە کشتوکاڵییەکان دروستکردووە.

لە پێشتردا بۆ کەلوپەل شۆردن دەچوونە سەر ئاوی حەسار

جەیران ئیبراهیم، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە و ساڵانێکە لە گەڕەکی حەسار کە یەکێکە لە کۆنترین گەرەکەکانی سەیدسادق، نیشەتەجێیە، جەیران دەربارەی چەمی حەسار دەڵێت: "لە ساڵانی ڕابردوودا و بەر لە دوو بۆ سێ ساڵیش ژنانی کۆڵان و دەوروبەری چەمەکە جلوبەرگ و جێگەی ماڵ و کەرەستەکانمان دەبرد و لەسەر چەم دەمان شوشت، هێندە ئاوی زۆر بوو لەبەری دەڕژا، بەڵام لەم ساڵانەدا بە هۆی کەمبوونی ئاو و وشکبونیەوە ناچین".

 

زۆربەی دانیشتووانە کۆنەکانی شارۆچکەکە بیری دەستییان لێداوە کە ئەمە کاریگەری دەکاتە سەر ئاوی ژێر زەوی و کانیاوەکان و جەیران دەڵێت: ئێمە جگە لە ئاوی بەلوعە کە لە بیرە دەستکردەکانەوە دابەش دەکرێت بەسەر ماڵاندا، ئاوی بیری تایبەتیش بەکاردێنین بۆ هەموو پێداویستییەکانمان.

جەیران باس لە کەمبوونەوەی ئاو لە شارۆچکەکە دەکات و دەڵێت بەشێک لە ماڵان ئاوی بیرەکانیان کەمی کردووە جارێکی تر دەریانداوە و دەشڵێت ژنان لە ئێستادا دەست بە ئاوەوە دەگرن و کەمتر بەکاری دەهێنن.

ئاوی چەمەکە زۆر بووە و دەوروبەرەکەی سەوز کردووە

عەزیز فەرەج گەڵاڵی، نزیکەی ٢٦ ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سەیدسادق کارمەند بووە و لە ئێستادا خانەنشینکراوە، باس لەوە دەکات لە پێشتردا ئاوی چەمەکە هێندە زۆر بووە کە چواردەوری هەمووی سەوزایی بووە، لە ئێستاشدا لەسەر سەرچاوەی چەمی حەسار ٨ بیر هەڵکەندراوە کە چوار بیریان بیری دەستییە و ٤ی دیکەیان بیری ئیرتیوازییە، کە بیرە ئیرتیوازییەکان نزیکەی ٨٠-٨٥ مەتر قوڵن و لەو بیرانەوە ئاوی بەشێک لە ماڵانی سەیدسادق دابیندەکرێت، ئاماژەشی بەوە کرد، ماوەی چەند ساڵێکە ئاو کەمی کردووە و سود لە ئاوی بیرە دەستییەکان وەرناگیرێت.

 

سەرچاوەکە بە خاشاک تەنراوە

بوار عەلی گەنجێکی شارۆچکەی سەیدسادقە و باس لەوە دەکات لە ڕابردوودا لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئاوی حەسار مەلەیان کردووە، هەروەها دەشڵێت لە پێشتردا ئاوی حەسار سەرچاوەیەکی باشبووە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی خەڵکی شارۆچکەکە و گوندەکانی، بوار داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە ئێستادا کە سەرچاوەکە وشکی کردووە پاکی بکەنەوە لەو زبڵ و خاشاکەی لەوێدا بوونی هەیە.

 

ت.پ