پڕۆژە ئەندازیارییەکان دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی ماسییەکان

لە وڵاتی بەریتانیا بە ئامانجی دووبارە ژیاندنەوەی سروشت، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی جۆرێکی دەگمەنی ماسی بۆ زەوییە مێژووییەکەی لە ڕووباری "سێڤێرن" دەدرێت.

 

بێریڤان کەمال

ناوەندی هەواڵ- جۆرێکی ماسی دەگمەن کە ناسراوە بە "توایت شەید Twaite Shad"، لە خێزانی ماسی "Herring"ە، جۆرێکە لە ماسی بچوکی ڕەنگ ڕەساسی، لە کەناراوەکاندا بە ژمارەیەکی زۆر بوونیان هەیە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ مەبەستی بازرگانی سودیان لێدەبینرێت.

 

ئەم جۆرە ماسییە لە زەریای ڕۆژهەڵاتی ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاستدا دۆزراوەتەوە و لە زەریادا دەژی، بەڵام بۆ زۆربوون و دانانی گەراکانی بۆ ئاوی سازگار کۆچ دەکات، پێشتر لە ڕووبارەکانی وڵاتی بەریتانیا بە ژمارەیەکی زۆر بوونیان هەبووە بەتایبەتی لە ڕووباری سێڤێرن و لە بەهاردا بە هەزاران ماسی بەرەو بەشی سەرەوەی ڕووبارەکە کۆچیان کردووە و پاشان گەڕاونەتەوە.

ڕووباری سێڤێرن درێژترین ڕووبارە لە بەریتانیا و درێژییەکەی ٢٢٠ میل دەبێت، هەروەها خاوەنی بە خوڕترین ئاوە لە هەموو بەریتانیا و وێڵز.

 

"دروستکردنی پرۆژە ئەندازیارییەکان زیان بە ژیانی ماسییەکان دەگەیەنێت"

لە دوای سەدەی نۆزدەیەم چەندین پڕۆژەی ئەندازیاری دروستکران و بوونە مەترسی بۆ سەر ژیانی ماسییەکان، وەک بەنداو، کەڵڤەرت و ویری ناو بەنداوەکان، بوونە بەربەست لە گەڕانەوەی ماسییە کۆچکردووەکان و هەروەها دەبنە ڕێگر لە دەستکەوتنی خواردنی گونجاوی ماسییەکان.

 

ویرەکان جۆرێکن لە بەربەستی کۆنکریتی لە پانتای ڕووباردا دروستدەکرێت و بە زۆری لە بەرزی ئاستی ڕووبارەکە گۆڕانکاری ئەنجام دەدات، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی و بە خوڕیی ڕێڕەوی ئاو بەکاردێت، لە ڕووباری سێڤێرن ئەم بەربەستە کۆنکریتیانە بوونەتە ڕێگر لە گەڕانەوەی ماسییە کۆچەریەکان، ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی ماسییەکان بە ڕیژەیەکی بەرچاو.

 

ماسییەکانی ڕووباری سێڤێرن جۆرێکن لە ماسی دەگمەن و سیمایەکی تایبەتیان بە ڕووباری سێڤێرن بەخشیبوو، ئەم ماسییە دەگمەنە بە سامانێکی نیشتیمانی دادەنرێت کە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت، لە ئێستادا لە لیستی سووری یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) تۆمارکراوە، کە لە بەریتانیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژمارەکەی دابەزییووە هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە.

"هەوڵ بۆ دووبارە ژیاندنەوەی سروشت دەدرێت"

لە وڵاتی بەڕیتانیا لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هەوڵ بۆ پاراستنی ماسییەکان دەدرێت، بەهۆی چەند ڕێڕەوێکی جوڵەوە لە ناو ویرەکە ڕیگای ڕۆشتن و گەڕانەوە بۆ ماسییەکان بە دووری ١٥٠ میل لە ڕووبارەکە دروستدەکرێت، بە ئامانجی ئەوەی دروستکردنی ئەم جووڵەیە سوود بە کۆمەڵێک جۆری ماسی وەک: سەلەمون و لامپری و ئێڵ بگەیەنێت، کە بتوانن پاش کۆچکردنیان لە وەرزی بەهاردا بگەڕێنەوە بۆ ڕوبارەکە لە بەشی باکوری شاری وۆرسێستەر و دەستبکەن بە زۆربوون و دانانی گەراکانیان.

جەیسن لیچ بەڕێوبەری بەرنامەیەک لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە وڵاتی بەریتانیا لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردووە: "کە هیچ کات درەنگ نییە بۆئەوەی دووبارە دەرفەتی ژیانەوە بە سروشت ببەخشین".

 

جەیسن لە باسکردنی پرۆژەکەیاندا وتی: "خۆبەخشەکان کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن، گوێ لە دەنگی شەپۆل و پرژانی ئاو دەگرن لە کاتی شەودا کە بەهۆی جوڵەی ماسییەکان لە کاتی زۆربوون و دانانی گەراکانیان دروست دەبێت".

هەروەها ئەو بەڕێوبەرە ئامژەی بەوەشدا: "پرۆژەکەمان بە کاتی شەوان لە کەنار ڕووبارەکە رێگایەکی گونجاوە بۆ دەستکردن بە تۆمارکردنی ژمارەی ماسییە گەڕاوەکان، کاتێک پێشینانمان بە ناهۆشیاری کێشەی گەورەیان بۆ ماسییە کۆچکردووەکان دروست کرد و زیانێکی زۆریان لێدان بە دروستکردنی بەربەستە کۆنکریتییەکان".

توێژینەوەیەک لە زانکۆی سوانس خەمڵاندوویەتی کە ٩٩٪ ی ڕووبارەکانی بەریتانیا پارچە پارچە بوون بەهۆی دروست کردنی بەربەست و پڕۆژە ئەندازیارییەکانەوە.

توێژەر دکتۆر جۆشوا جۆنزیش ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر تۆ خەیاڵی ماسییەک بکەیت کە درێژییەکەی ١٠ سم بێت، ئەوا بەربەستێک بەرزییەکەی تەنانەت لە ٥٠ سم کەمتر بێت، ئەوا رێگری لە جوڵەی ماسییەکان دەکات لە سەروو و خواری ڕووبارەکە کە ڕەنگە شوێنی ژیانی ماسییەکان بێت یان خواردنی لێبێت یاخود شوێنی دانانی گەراکانیان بێت.

 

ت.پ