پسپۆڕێکی سەرچاوەکانی ئاو داوای چاکسازیی بەپەلە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو لە تونس

سەرەڕای باشبوونی کۆگاکانی بەنداوەکان، تونس هێشتا تووشی پچڕانی ئاوی خواردنەوەیە؛ مەلیکە مەحمودی چارەسەری وەک بەکارهێنانی بەڕێوەبردنی ئاو، نوێکردنەوەی تۆڕەکان و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو پێشنیار دەکات.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس ـ لە سێبەری بارودۆخی ئێستادا، ئاو ئیتر دۆسیەیەکی کەرتی دابڕاو نییە، بەڵکو بووەتە کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی کە بەستراوەتەوە بە ئاسایشی خۆراک، وزە و کەشوهەواوە، لە وڵاتێکی وەک تونسدا، کە ئاسایشی ئاو بە ژمارەی ئەو دڵۆپە ئاوانە دەپێورێت کە دەگەنە دەست هەر هاوڵاتییەک، دژایەتییەکە زۆر بەقووڵی دەردەکەوێت: ساڵێکی پڕبارانی بێ وێنە، شارگەلێکی تینوو و ماڵگەلێکی بێ ئاو.

 

مەلیکە مەحمودی، ئەندازیاری کشتوکاڵی و پسپۆڕی سەرچاوەکانی ئاو، باسی لەم دژایەتییە کرد و بۆ ئاژانسەکەمانی دیاری کرد کە دەستنیشانکردنێکی وردی بۆ قەیرانی ئاو لە تونس کردووە، هەروەها نەخشەی کارنامەی یەکەمایەتیەکانی بۆ سیاستێکی نوێی ئاو کێشاوە، کە لە بڕوایەکی ناوەندییەوە دەست پێدەکات، ئەویش ئەوەیە کێشەکە لە بڕی بارانباریندا نییە، بەڵکو لە شێوازی بەڕێوەبردنیدایە، بەتایبەتی لە سێبەری گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا و جەنگ و ململانێ هەرێمییەکان کە سێبەری خۆیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

 

مەلیکە مەحمودی ڕوونیکردەوە، سەرەڕای زۆریی بارانبارین و بەرزبوونەوەی کۆگای بەنداوەکانی تونس بۆ نێوان ٦٠٪ تا ٦٥٪ لە ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا، چەندین ناوچە ڕووبەڕووی پچڕانی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە، وتی: قەیرانی ئاو لە تونس پەیوەندیی بە دەگمەنییەوە نییە ئەوەندەی پەیوەندیی بە خراپیی بەڕێوەبردنەوە هەیە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە قەیرانی ئاو لە تونس لە بنەڕەتدا پەیکەرییە، ئەمەش لە ئەنجامی کۆنبوونی تۆڕەکانی دابەشکردنەوەیە، چونکە تەمەنی ٢٠٪ی تۆڕەکان ٥٠ ساڵی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا تەمەنی ٨٠٪یان لە نێوان ٣٠ تا ٣٥ ساڵدایە، بەپێی زانیارییەکانی بەنکی جیهانی، ڕێژەی ئاوی بەفیڕۆچوو لە ٢٥٪ لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٥٪ لە ساڵی ٢٠٢١دا، کە ئەمەش نوێکردنەوەی تۆڕەکان دەکاتە پێویستییەکی بەپەلە.

 

وتی: زۆریی سەرچاوەکانی ئاو لە ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، ڕێگری نەکرد لەوەی کە پێناسە بکرێت بە ”ساڵی تینوێتی”، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی کێشە پەیکەرییەکانەوە، هاوکات قەیرانی ئاو بە قەیرانی وزەوە دەبەستێتەوە، بەو پێیەی پاڵنانی ئاو، دابەشکردن و پاڵاوتنی پێویستی بە بەکارهێنانی کارەبایەکی زۆر هەیە، ڕوونیکردەوە، کە ئاسایشی ئاو بارمتەی ئاسایشی وزەیە.

 

جەنگەکانی ئاو زاراوەیەکی زیادەڕۆیی تێدایە

مەلیکە مەحمودی ڕوونیکردەوە، کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە تونسدا خۆیان لە ماوەی وشکەساڵیی درێژخایەندا دەبیننەوە کە بارانی لێزمەیان بەدوادادێت، کە زۆرجار دەبنە لافاو و خاکە بە پیتەکان دەشۆنەوە بێ ئەوەی بە شێوازێکی پێویست بەشداری لە پڕکردنەوەی ئاوە ژێرزەوییەکاندا بکەن، بە پشتبەستن بە وەرزە کشتوکاڵییەکەی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ کە بارانبارینەکانی دواکەوتن پێش ئەوەی دواتر باشتر ببن، هەروەها داوای پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی پێشوەختە دەکات کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا بگونجێت.

 

ئاگاداریی ئەوەشی دا کە زۆریی کۆگای بەنداوەکان مسۆگەریی سەرکەوتنی وەرزی کشتوکاڵی یان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە ناکات، هەروەها بوژانەوەی ئاوە ژێرزەوییەکان پێویستی بە ماوەی درێژخایەن هەیە کە ڕەنگە سەد ساڵ بخایەنێت.

 

سەبارەت بە کاریگەریی جەنگ و ململانێکان لەسەر ئاسایشی ئاو لە تونس و ناوچەکەدا، مەلیکە مەحمودی پێی وایە زاراوەی :جەنگی ئاو” کەمێک زیادەڕۆیی تێدایە، پێی باشترە باسی ”ململانێ” و ”کاریگەرییەکان” بکات، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە ئەم کاریگەریانە بوونەتە بەرچاو، بە جۆرێک کە جەنگەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر تێچووی وزە و لە ئەنجامدا لەسەر تێچووی پاڵنانی ئاو، دابەشکردن و پاڵاوتنی ئاوی دەریا هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تونس ڕووبەڕووی ململانێی نێودەوڵەتیی ئاو یان کێشەی دیپلۆماسی لەگەڵ جەزائیر و لیبیا نابێتەوە، بەڵام لە باشووردا ئاوێکی ژێرزەویی هاوبەشی لەگەڵدا هاوبەشی پێدەکەن، کە ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنی هاوکاری و گۆڕینەوە زانیارییەکان هەیە، لە کاتێکدا تونس هەوڵ دەدات ئەم سەرچاوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت، وڵاتانی دراوسێ لە ئێستادا سودی لێ وەردەگرن، کە ئەمەش ناچاری دەکات زۆر بە ئاگاییەوە هەڵسوکەوت بکات.

 

لە کۆکردنەوەی ئاوەوە بۆ بەرهەمهێنانی

 

مەلیکە مەحمودی تونس بە پێشەنگ دەزانێت لە کۆکردنەوەی ئاو، دروستکردنەوەی بەنداوەکان و دووبارە بەکارهێنانی ئاو، بەڵام جەخت لەسەر پێویستیی گۆڕان بەرەو باشترکردنی بەرهەمهێنانی ئاو و دەستپێوەگرتنی بەکارهێنانی دەکاتەوە، لە ڕێگەی سنووردارکردنی بەفیڕۆچوونی لە تۆڕەکانی خواردنەوە و ئاودێریدا، بەهێزکردنی بەرپرسیارێتیی حکومەت، جوتیار و هاوڵاتی لە بەڕێوەبردنی خواست لەسەر ئاو لە جیاتی تیشکخستنە سەر کۆکردنەوەی سەرچاوەی نوێ.

 

جەختی لەوە کردەوە، کەرتی کشتوکاڵ کە زیاتر لە ٨٠٪ی سەرچاوەکانی ئاو بەکاردێنێت، زیاترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای لەسەربووە، هەروەها کشتوکاڵی ژیرانە پەیڕەو بکرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نوێی ئاودێری، هەستەوەرەکانی شێ و بەرنامە دیجیتاڵییەکانەوە، هاوكات جەخت لەسەر پێویستیی هۆشیارکردنەوەی جوتیاران دەکاتەوە لە دەستپێوەگرتنی ئاو، پلانڕێژیی پێشوەختە بۆ ئاودێری و پەینکردن، هەڵبژاردنی ئەو کشتوکاڵانەی کە لەگەڵ کەشوهەوادا دەگونجێن، تا سەرچاوەکانی ئاو بپارێزرێن و بەردەوامییان بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بێت.

 

چوار یەکەمایەتی بۆ چارەسەر

مەلیکە مەحمودی ئاشکرای کرد، کە بەکارهێنانی ئاوە ژێرزەوییەکان لە تونسدا گەیشتووەتە ١٣٣٪ی توانای نوێبوونەوەیان، کە ئەمەش پێویستی بە توندکردنەوەی چاودێری و لێپرسینەوە لە بەفیڕۆدەران هەیە، لەگەڵ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و جوتیاران لە گرنگیی پاراستنیان، بەکارهێنانی ئاوی پالێوراو)لە ئاودێریدا فراوانتر بکرێت، کوالێتییەکەی باشتربێت، کۆکردنەوەی ئاوی باران بۆ پڕکردنەوەی ئاوە ژێرزەوییەکان، پاراستنی خاک و کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاو بەهێزتر بکرێت.

 

ئەوەشی خستە ڕوو کە تونس لە ڕیزی ئەو وڵاتانە پۆلێن دەکرێت کە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە لە نیشاندەرەکانی ئاسایشی ئاودا دەبنەوە، چونکە تێکڕای بەکارهێنانی تاك کەمترە لە ٣٩٠ مەتر سێجا لە ساڵێکدا، واتە لەژێر ئاستی ٥٠٠ مەتر سێجا بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا کە وەک کەمترین ئاست بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئاو دادەنرێت، هەروەها باسکردن لە ئاسایشی ئاو لە ئاسایشی خۆراک دانابڕێت، چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تەنها زیان بە ئاو ناگەیەنن، بەڵکو دەست بۆ بەروبووم، خاک و پێداویستییە کشتوکاڵییەکانیش دەبەن، سەرەڕای جەنگەکان و لێکەوتەکانیان لەسەر تێچووەکان.

 

مەلیکە مەحمودی چوار یەکەمایەتی دیاری کرد وتی: دەبێت لەبری گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێدا بەڕێوەبردنی خواست لەسەر ئاو بکرێت بە بەشداریی دەوڵەت، جوتیار و هاوڵاتی، نوێکردنەوەی ژێرخانی ئاو و باشترکردنی ئەو تۆڕانەی کە تەمەنی بەکارهێنانیان بەسەرچووە، چاودێریی توند لەسەر ئاوە ژێرزەوییەکان لەگەڵ کاراکردنی لێپرسینەوەی یاسایی،  بەهێزکردنی بەکارهێنانی ئاوی بەکارهاتوو و کۆکردنەوەی باران بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرچاوە نەریتییەکان.

 

لە کۆتایی قسەکانییدا جەختی لەوە کە سیاسەتی ئاو لە تونسدا دەبێت پەیوەندی دروست بکات لە نێوان بەڕێوەبردنی ئاو، وزە و ئاسایشی خۆراکدا، بە پێدانی یەکەمایەتی بۆ باش بەڕێوەبردنی سەرچاوە بەردەستەکان و پەرەپێدانی پێکهاتەکان، بەوپێیەی قەیرانەکە تەنها پەیوەندیی بە دەگمەنییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە شێوازەکانی ڕەفتارکردن لەگەڵ سەرچاوەکانیشەوە هەیە.