پێنەدانی موچە، زیان بە ژینگەی سلێمانی دەگەیەنێت

بەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدانی مووچەوە، کارمەندانی شارەوانی دەستیان بە مانگرتن کردووە و خاشاکێکی زۆریش لەناو بازاردا کەڵەکەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناو بازاڕی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ سیمایەکی تەواو جیاوازی لە ڕۆژانی دیکە هەبوو، هەموو ڕۆژێک پێش ئەوەی هەرکەس دەست بەکاری ڕۆژانەیان بکەن، کارمەندانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە تەواوی شەقامەکانی شار خاوێن دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگەی سەرنجی هەر کەسێک بوو بینینی سیمای شەقامەکان و ناوبازاڕی شاری سلێمانی بوو بە پیسی و کەڵەکەبوونی خاشاک تێیدا.

دانا عیسا وتەبێژی کۆمپانیای شکار ڕایگەیاند لە دوێنێ کاتژمێر شەشەوە کارماندانی کۆمپانیاکەیان لەگەڵ کارمەندانی کۆمپانیاکانی "هەرێم و شینکی" مانیان گرتووە و کارەکانیان ڕاگرتووە بەهۆی پێنەدانی موچە، وابڕیارە بەردەوام بن لە مانگرتن تا داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

 

کاسبکارانیش دەڵێن ئەگەر هەرکەس لە دوای خۆی خۆڵ و خاشاکەکەی کۆبکاتەوە، سیمای شاریش بەم شێوەیە نابێت کەمێک لە ئەرکی کارمەندانی شارەوانی کەم دەبێتەوە.

 

ئەم مانگرتنە لەکاتێکدایە ڕێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکان و شارەوانی نوێکراوەتەوە، بەڵام سێ مانگە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە واژۆ نەکراوە و خەرجی کۆمپانیاکانیش نادرێت.

 

کارمەندانی شارەوانی هەموو ڕۆژێک پێش هەمووکەس دەست بەکاری پاککردنەوەی شار و شەقامەکان دەکەن و ژینگەی شار خاوێندەکەنەوە، کۆبوونەوەی خاشاکی یەک ڕۆژی ناوبازاری سلێمانێش ئەوە دەردەخات بە ڕۆژێک نەبوونی ئەوان تەواوی شار پێیەوە دیارە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لەسەر شەقامەکان بەدی دەکرێت، کە پاشماوەی ئەو دوکانەکانی ناو بازاڕە و دوای تەواو بوونی کارەکانیان بەجێی دەهێڵن.

 

ت.پ