ماسیەکانى چەمی دیوانە لە دەربەندیخان بە هۆکاری نادیار کۆمەڵکوژکراون

ئاوی چەمى دێوانەی نزیک دەربەندیخان کەمی کردووە و بە هۆکارێکى نادیاریش سەدان ماسى بەکۆمەڵ مردابوونەتەوە و کەوتوونەتە سەر ئاوەکە.

هەڵەبجە

 

هاوڵاتییەکى شایەدحاڵ بە ناوی هێمن محمود کە نزیکەى سى ساڵە سەرقاڵى ڕاوە ماسییەدا لە چەمی دێوانە و ناوچەکەدا، باس لەوە دەكات كە هەفتانە چەندين جار سەردانى ئەم گۆمەی کردووە بۆ راوە ماسی  و یەکەم کەسیشە ئاگادارى لەناوچوونى ماسیەکانە، ئەمە یەکەمجارە حاڵەتی لەم جۆرە ڕووبدات، هێمن مردارەوە بوونی هەزاران ماسی لە چەمی دێوانەدا بە کاری مرۆڤ دەزانێت، چونکە دوو گۆمی تر لە نزیک گۆمی دیوانە هەن و ماسییەکانی سەلامەتر، بەڵام ماسی چەمی دیوانە ژەهر خوارد کراون.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری‏ بۆ پاراستنى سامانى ماسى، بە هەموو شێوەیەک ‏ڕاوکردنی بە کۆمەڵى وەک (کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، ‏تەقەمەنییەکان و تۆڕی کونی بچووک) لە گشت وەرزەکانی ‏ساڵدا قەدەخە کردووە، بەڵام بەشێک لە ڕاوچیەکان پابەندی بڕیارەکان نابن.

ژینگەپارێزان داوا دەکەن لێکۆڵینەوە بکرێت

سەبارەت بە هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکانى چەمی دیوانە، زەردەشت ئەحمد، چالاکوانى ژینگە، ئەوە دەخاتەڕوو گومان دەکەن دوو هۆکار هەبن، یەکەم بەهۆی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوەوە بێت، یاخود پێدەچێت ژەهرخوارد کرابن، ژینگەپارێزانى ناوچەکەش داوا لە کاربەدەستان دەکەن، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکان بکرێت.

 

پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان سەردانى مەیدانیان بۆ چەمەکە کردووە و  لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە نمونەی ماسییەکان وەرگیراون و  نێردراون بۆ ڤێتێرنەری بە مەبەستی پشکنین، تا بزانرێت هۆکارەکەی کارەباییە یان ژەهرخوارد کراون.

 

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٣ بەنداو و دەيان حەوزی ماسی هەیە کە پێداویستی ناوخۆ بۆ ماسی پڕ دەکەنەوە، ساڵانەش لە ١٥ی ئادار تاوەکو ١٥ی حوزەیران ڕاوکردنی ماسی لە چەم و ڕووبار و بەنداوەکاندا قەدەخە دەکرێت.

ت.پ