کۆمەڵێک لە پارێزەرانی ئاو دژی وشکبوونی ئاوی سیروان ڕێپێوانیان ئەنجامدا

بەهۆی ئەوەی ئێران فشاری خستووەتە سەر ئاوی سیروان و وشکی کردووە، ژمارەیەک لە چالاکوانانی پارێزەری ئاو ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و ڕێپێوانێکی هێمنانەیان ئەنجامدا، تێیدا داوایان لە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بێدەنگ نەبن لە ئاست قەیرانی ئاو، بەپێچەوانەوە کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاو چالاکییەک و ڕێپیوانیان ئەنجامدا، لەژێر چەتری ماڵی ژینگە، پاراستنی ژینگە و ئاوی کوردستاندا.

 

ئەم چالاکییە لەلایەن ٢٠ کەسەوە بەڕێوەدەبرێت و ماوەی سێ ڕۆژە دەستیان بە چالاکییەکەیان کردووە، نەبیل ئیبراهیم موسا، پارێزەری ئاوی دیجلە لە بەشی کوردستان و عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئامانجی ڕێکخراوەکە و هۆکاری ڕێپێوانەکەیان ڕوونکردەوە: ماوەی سێ ڕۆژە چالاکییەکانمان بەردەوامە، ڕۆژی یەکەمیان تەرخانکرابوو بە گەرمبوونی گۆی زەوی و تێکچونی کەشوهەوا و هۆکارەکانی.

دووەم ڕۆژی چالاکیەکە تایبەت کرابوو بە پیسبوونی ئاو و کەمبوونەوەیی و ئەو قەیرانانەی بەهۆی کەمبوونی ئاوەوە خاکی کوردستانی داگیرکردووە.

هەروەها سێیەم ڕۆژی چالاکییەکەیاندا بە شێوەیەکی کرداریانە دەنگی خۆیان گەیاند و ناڕەزاییان دەربڕی دەربارەی ئەو بەنداوانەی لەسەر ئاوی سیروان دروستکراون کە ئێران لە ٪٧٠ی ئاوی سیروانی کۆنتڕۆڵ کردووە.

ڕێکخراوەکە لە بەرنامەیاندایە هەموو مانگێک کەمپەین ڕابگەیەنن لەپێناو بەئاگا هێنانەوەی دەسەڵات، چونکە ڕووباری سیروان دڵی گەرمیانە و بەو شێوەیە پشتگوێ خراوە ڕێخۆشکەرە کە ئێران داگیری بکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوەکە کۆیکردووەتەوە، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول/٩دا بە هەزاران ماسی دەمرن، ئەمساڵیش بەهۆی نەبوونی ئاو و بەتایبەت ئاوی پاک ماسیەکان لە ئێستەوە گیان لەدەستدەدەن.

ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاو ئاماژەیان بەوەشدا ئەگەر وڵاتی ئێران بەردەوام دەستدرێژی بکاتە سەر ئاوی سیروان، کشتوکاڵی ناوچەکە دەوەستێت و ژیان زۆر لەمەی ئێستا سەختتر دەبێت، بۆیە پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر خەت و چیدیکە بێدەنگ نەبن، چونکە بەردەوام ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە زیادبووندایە و ئاوی بەنداوەکان کەم دەبنەوە.

پارێزەرانی ئاو دەڵێن کوردستان کەتووەتە ژێر قەیرانی نەبوونی ئاوەوە

ڕۆزیتا، یەکێکە لە بەشداربووانی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاو، بۆ ئاژانسی ژنها دەدوێت: "ئێستا عێراق و کوردستان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەکی خراپی قەیرانی ئاوەوە، پرسی ئاو پرسێکی گرنگە، بەهۆی دروستکردنی ئەو بەنداوانەی تورکیا و ئێران لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات دروستیان کردووە کوردستان کەتووەتە ناو قەیرانی ئاوەوە، دروستکردنی بەنداو خۆی لە خۆیدا کارێکی خراپە و زیانێکی زۆر بە کوردستان دەگەیەنێت.

کاشما یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووان و مەبەستی ماسکەکانی سەر دەموچاویانی ڕوونکردەوە کە ئەو ماسکانە لە دەبە و خۆڵ دروستکراون و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە پەیامی خۆیان بگەیەنن، بەوەی کە چیتر خۆڵ و خاشاک فڕێنەدرێتە سەر شەقامەکان و هاوڵاتیان ژینگە بپارێزن.

دەشڵێت: پەیامی پاراستنی ئاو، ژینگە دۆستی و ئاشتی پەیامی سەرەکی ئەوانە.

ت.پ