هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی لەناوچوونی دارستانەکانی دەبێتەوە

ڕێکخراوی فاو ئاماژەی بەوەداوە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ٪٢٠ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە و ٨٠٠٠ داریش لەناوچوون، ئەمەش بە مەترسی لەسەر لەناوچوونی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دادەنێت و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاش هۆکارێکن بۆ ئەمە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤وە ٪٢٠ی داری دارستانەکانی لەدەستداوە، ئەم ڕێژەیە بە گەڕانەوە تا ساڵی ١٩٩٩ و ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەکاتە ٪٤٧، ڕێکخراوی فاو'ی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتوووەکان ئەم ڕێژەیەی بۆ لەناوچوونی ٨٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانی سروشتی یان دەستکردنی گەڕاندووەتەوە کە بەهۆی مرۆڤەوە لەناوبراون بەهۆی بڕینەوە یان نەبوونی ئاوی پێویست بۆیان.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، لەناوچوونی ئەو ڕێژە زۆرەی دار بەهۆی بڕینەوەی نایاسایی دارەکانەوە بووە، یاخود لەلایەن گوندنشین و لە ناوچە هەژارنشینەکاندا بۆ گەرمکردنەوە بڕاونەتەوە، ئەو ناوچانەی ئاژەڵی زۆریشی تێدا دەلەوەڕیندرێت ڕووبەڕووی لەناوبردنی دارەکانی دەبێتەوە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوونین هۆکارن بۆ تێکدانی سروشت و لەناوچوونی دارستانەکان.

 

ڕێکخراوی باکس'ی هۆڵەندی بە پشت بەستن بە وێنەی دیجیتاڵی لە ئاسمانەوە، ئاماژەی بەوەداوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بۆردومانەکانەوە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٠ هەزار هێکتار زەوی ڕووبەڕووی زیان و لەناوچوون بوونەوە، زۆرینەیان ئەو ناوچە شاخاوییانەن کە دەوڵەمەندن بە هەمەجۆری زیندەوەر و دارستانەکان.

 

ڕێکخراوی فاو ئاماژەی بەوەکردووە ڕووبەری دارستانەکانی عێراق لە ٩٢٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە تێپەڕناکات کە دەکاتە ٪٢ی ڕووبەری عێراق، زۆربەی ناوچە شاخاوی و دارستانەکانیشی دەکەوێتە هەرێمی کوردستان بە درێژایی سنورری هەرێمی کوردستان لە باکوری عێراق و تورکیا هەروەها زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە بە سنوری ئێراندا پەرش دەبنەوە.

 

ت.پ