گوڵاڵە سورە بوکی بەهاری

یەکێک لەو گوڵانەی کە بۆ دەرمان بەکاردێت گوڵاڵە سورە یان بوکی بەهارە، بە ڕەنگە سورەکەی ڕەنگ دەبەخشێتە بەهار، مانگی نیسان کە بە مانگی گوڵاڵە سورە ناسراوە، لەبەرئەوە لە هەندێک شوێن بە نیسانۆک بەناو دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵی با. گوڵی ژنان و بوکی باران و نیسانۆک، ئەو ناوانەن کە بە گوڵاڵە سورە دەوترێت، ئەم گوڵە بەدرێژایی چەندین ساڵی درێژ بۆ دەرمان بەکارهاتووە، ڕۆمەکان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی تا و ئازار بەکاریانهێناوە.

 

لە ئەفسانەی ڕۆمادا گوڵاڵە سورە بە خوێنی ئادۆنیسی خۆشەویستی ئەفرۆدێت سور بووە، لە باوەڕی عەرەبدا ئەم گوڵە لەسەر گۆڕی نوعمان المنزیر گەورە بووە، کە یەکێکە لەو کەسانەی پارێزگاری لە ژنانی عەرەب کردووە لە هێرشی فارسەکاندا و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

 

مێژووی گوڵەکە نازانرێت لە کەیەوە هەیە، بەپێی وتەی شارەزایان لە سۆمەرییەکان، بابلی، ئاشوری، ماددەکان، ئۆرالتو، میسری کۆن، یۆنانی، ڕۆمەکان و بێزەنتییەکان بۆ دەرمان و ڕەنگەکەی بەکاردەهێنرا.

 

گوڵاڵە سورە گیایەکی سودبەخشە و گوڵدارە، لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا گەڵاکانی کۆدەکاتەوە، لەسەر ڕێگا، لە چیا و مێرگەکاندا بە خۆڕسکانە چرۆ دەکات، باڵاکەی بەپێی جۆر و ئەو ناوچەیەی لێی دەڕوێت دەگۆڕێت، لە نێوان ٢٠-١٠٠ملم بەژنی درێژ دەکات، بەژنەکەی هەندێک تاڵە و سەوزە، لە بەشی سەریشەوە بە پەڕی گوڵەکانی کراوەیە.

 

کوردان ناوی بوکی بەهاریان لێناوە

گوڵاڵە سورە بە گشتی ڕەنگی سورە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگی پیازی و مۆر و سپیشی هەیە، چوار پەڕی هەیە و ناوەکەی زەردە، لە ناوکەکەیدا تۆو هەیە، کاتێک گوڵەکەی هەڵدەوەرێنن، ناوەڕاستەکەی دەمێنێتەوە کە تۆوی تێدایە، لە نێوان کاتژمێر ٥:٣٠ بۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ لە مانگی تەمووز و ئابدا بڵاوی دەکاتەوە.

 

کوردان جوانی بوکیان لەو گوڵە ناوە، لە کوردستانیش کراسی بوکێنی سورە و سپی نییە، هەر بۆیە ناوی بوکی بەهاریان لێناوە، چونکە وەک بوکێکی خۆڕسک پێناسە دەکرێت، وەها دەزانرێت کە وڵاتی گوڵاڵە سورەکان میزۆپۆتامیا، ئەنادۆڵ و بوڵغاریایە، بەڵام لە ئێستادا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

سودی گوڵاڵە سورە

گوڵاڵە سورە بۆ نەخۆشی تا و کۆکە بەسودە، بەڵخەم ناهێڵێت و خوێن بەربوون ناهێڵێت و بێ خەوی چارەسەر دەکات، توڕەیی و شڵەژان کەمدەکاتەوە، دەتوانرێت چا و شروبی لێدروست دەکرێت.

 

زیانەکانی گوڵاڵە سورە

بەکارهێنانی گوڵاڵە سورە بۆ ژنانی دووگیان و ئەو دایکانەی شیر بە منداڵ دەدەن زیان دەگەیەنێت، پێویستە پێش بەکارهێنانیشی ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت.

 

ت.پ