ژنانی بەڕێوەبەرایەتی ڕانیە پێشەنگایەتی هەڵمەتی نەمام چاندنیان کرد

بە پێشەنگایەتی ژنان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ڕانیە وشارەوانی ڕانیە هەڵمەتی نەمام چاندن ئەنجام درا .

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەرین-  دوێنێ ١٥ تشرینی دووەم، لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین لەلایەن کارمەندان و ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ڕانیە و کارمەندانی شارەوانی ڕانیە و بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین هەڵمەتی نەمام چاندن لە دوو سایدی زانکۆی ڕاپەڕین ئەنجام درا.

 

دڵسۆز حەسەن، ئەندازیاری کشتوکاڵی، دەربارەی هەڵمەتی نەمام چاندن و سوودەکانی بۆ دەڤەرەکەیان وتی: ئەو چالاکیانە زۆر بە باش دەزانم بۆ ناوچەکە کە ئەرکی هەموومانە پارێزگاری لەو نەمامانە بکەین کە دەڕوێندرێن، هەروەها ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە پارێزگاری لێبکەین و بە سەوزی بمێنێتەوە، پێویستە وەک شارەوانیش کەمتەرخەم نەبن لە ئاودانی ئەو دارانە و پاراستنیان لە ئاگرکەوتنەوەی هاوینان، پێویستە هەموومان هۆشیار بین لە گرنگیدان بە نەمامەکان.

 

پیرۆز سەعدون، فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەکرد سەوز کردنی شار و وڵات ئەرکی سەرشانی هەموولایەکە،" سەوزکردنی شارەکەمان و پاراستنیشی ئەرکی سەرشانی هەموومانە، شەرت نییە هەر دار و نەمام بیچێنین، دەبێت پارێزگاریشی لێ بکەین و ئاوی بدەین، دەبێت خەڵک هۆشیار بکرێتەوە نەهێڵین ئاژەڵەکان بێتە ناوی و بیشێوێنێت و سیمای شار تێکبدرێت، کاتێک ئیشێک دەکرێت دواتر پارێزگاری لێ ناکرێت ئێمە پار و پێرار بەڕوومان چاند لە بناری حاجیلە لەدوای ئێمە مێگەلە مەڕ چووە ناوی و شێواندی، بۆیە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت."

 

پیرۆز باسی لەوەشکرد گرنگە هەر کەسێک لەلایەنی خۆیەوە هۆشیاربێت،  "خەڵک دەبێت زیاتر هاوکار بێت لەگەڵ حکومەت پارێزگاری لە سیمای جوانی شارەکە بکەن، بۆ نمونە ئێرە سیمایەکی زۆر جوان بە شارەکەمان دەدات، پێویستە لەسەر هەر کەسێک تاک تاک لەو شارەدا لەو وڵاتەدا هاوکار بێت پارێزگاری لە ژینگە و وڵات بکات، هاونیشتیمانیان دەبێت دڵسۆزبن بەرامبەر بەو خاکەی تیایدا دەژین و سیستمی پاکوخاوێنییەکەی بپارێزن."

 

ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە لە باشووری کوردستان هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن دار ڕاگەیەندرا و پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی گرتووەتەوە، دوێنێ ١٥ی تشرینی دووەم هەڵمەتە دەستیپێکرد و لەو چوارچێوەشدا لە سنووری شارۆچکەى خەبات لە سنورى هەولێر زیاتر لە ٣٥٠ نەمام چێندرا.