پلاستیک قەیرانی ژینگەیی و نەخۆشی دروست دەکات

گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە و ئاستەنگییەکانی بەهۆی پلاستیکەوە بوونەتە کێشەیەک کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

ڕۆژین قادری

 

ورمێ-قەیرانی ژینگەیی سەدەی ٢١ لەگەڵ کاریگەرییە جیهانییەکانی، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە، کەمبوونەوەی هەمەچەشنی بایۆلۆجی و زیادبوونی پاشەڕۆی پیشەسازی و ماڵەکان، یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە.

 

بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەگونجاو و بەڕێوەبردنی پاشەڕۆ بەتایبەتی پلاستیک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە کردووە کە پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە و هەماهەنگی جیهانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە، لەوانە گۆڕانکارییەکانی سیاسەت، بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای بەردەوام، چونکە هەماهەنگی نێودەوڵەتی و پابەندبوونی بەکۆمەڵ زۆر گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستی هەسارەکە و نەوەکانی داهاتوو.

 

پلاستیکەکان زیاتر لە هەزار ماددەی کیمیایی دروستکراویان تێدایە کە ناسراون بە تێکدەری ناوەکی و ئەمانە بیسفینۆڵ و مادە کیمیاییە پەیوەندیدارەکان و دواکەوتنی گڕ و فتالات دەگرێتەوە، دیۆکسینات و ماددەکانی دژە یوڤی و کانزا ژەهراوییەکانی وەک قوڕقوشم و کادمیۆم کە لە پلاستیکەوە دزە دەکەن و هەڕەش لە تەندروستی دەکەن، هەندێک لەو مادە کیمیاییانە پەیوەندییان هەیە بە کێشە تەندروستییەکانەوە.

 

دەرهێنان و گواستنەوەی ماددەی خاوی پلاستیک هۆکاری نەخۆشییە

دەرهێنان و گواستنەوەی ماددەی خاوی پلاستیکی بەردینەکان چەندین ماددەی ژەهراوی دەخاتە ناو هەوا و ئاوەوە، لەوانە کاریگەرییە تەندروستییە ناسراوەکانی وەک شێرپەنجە، ژەهراویبوونی دەمار، ژەهراویبوونی زاوزێ و گەشەکردن، تێکچوونی کارکردنی سیستمی بەرگری.

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک، ڕێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و گیان لەدەستدان بەهۆی بەرکەوتن بە تێکچوونی ناوەکی لە پلاستیکدا لەوانەیە بەرزببێتەوە و لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی، حکومەتەکان و کۆمپانیاکان پێویستە سیاسەتێک هەڵبگرن بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکانی شێرپەنجە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و ژینگە.

 

لە بەرهەمەکانی ڕۆژانەدا ماددەی پلاستیکی ژەهراوی هەیە

سەبارەت بە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک لەسەر تەندروستی، پزیشک مەهسا.م کە ناوێکی خوازراوەو نەیویست ناوی بهێندرێت و لە ورمێ دەژی ئاماژەی بەوەکرد، پلاستیک و ماددە ژەهراوییەکان کە لە خۆراک و جلوبەرگ و کەلوپەلی پاکوخاوێنیدا دەدۆزرێنەوە کێشەی نیگەرانی تەندروستی مرۆڤن، ماددەی پلاستیکی تێدایە کە زۆرجار لە بەرهەمەکانی ڕۆژانەدا دەدۆزرێتەوە وەک بوتڵی ئاو، پاکەتی خۆراک و ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکانی وەک بیسفینۆل ئەی کە دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆن و کێشەی زاوزێکردن و تەنانەت مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاد بکات.

 

ئاماژەی بەوەشدا کە مادە کیمیاییەکانی ناو جلوبەرگ و ئامڕازەکانی پاکوخاوێنی لەوانەیە بچنە ناو پێستەوە و ببنە هۆی کاردانەوەی هەستیاری یان کێشەی پێست، بۆیە پێویستە سەرنج بدرێتە کەمکردنەوەی بەرکەوتن بەو ماددانە و هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەی کە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان نین بۆ پاراستنی تەندروستی.

 

"بەڕێوەبردنی کاریگەری پاشەڕۆی پلاستیک گرنگە بۆ پاراستنی هاوسەنگی ژینگە"

لە لایەکی دیکەوە، گیلا.ر یەکێک لە چالاکوانانی ژینگەیی ئاماژەی بەوەکرد، دەرچوونی پاشەڕۆی پلاستیک بۆ ناو ژینگە کاریگەری کارەساتباری هەیە، چونکە بۆ ماوەی سەدان ساڵ لە ژینگەدا دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی کە دەبێتە مایکرۆپلاستیک، دەچێتە زنجیرەی خۆراکەوە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و هەروەها دەبێتە هۆی کێشەی ژینگەیی وەک پیسبوونی ئاو و خاک و لەدەستدانی هەمەچەشنی بایۆلۆجی، بۆیە بەڕێوەبردنی کاریگەری پاشەڕۆی پلاستیک گرنگە بۆ پاراستنی هاوسەنگی ژینگە.

 

وتیشی : پەروەردە و کولتوور ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە برەودان بە دووبارە بەکارهێنانەوە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک، بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک دەربارەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک لەسەر ژینگە و تەندروستی، گۆڕینی هەڵسوکەوتی بەکارهێنان و زیادکردنی بەشداریکردنی خەڵک لە چالاکییەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە، بەڕێوەبردنی هەڵمەتی پەروەردەیی و بەرنامەکانی قوتابخانە و بەکارهێنانی میدیای ناوخۆیی بۆ برەودان بە زانیاری و کولتووری پەیوەندیدار بە دووبارە بەکارهێنانەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر گۆڕینی هەڵوێست و دروستکردنی خووی بەردەوام، ئەمەش نەک تەنها یارمەتی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک دەدات بەڵکو دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی ژینگەش بدات.