گۆڕانی کەشوهەوا و سەرهەڵدانی کارەساتە جیهانییەکان

جیهان پێویستی بە ڕێگایەکی ووشیارانەیە بۆ دەستکەوتنی بڕی پێویستی ئاوی پاک، کە هەرکەسێک دەبێت ڕۆڵی تێدا بگێڕێت بۆ پارستنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو.

جیهان پێویستی بە ڕێگایەکی ووشیارانەیە بۆ دەستکەوتنی بڕی پێویستی ئاوی پاک، کە هەرکەسێک دەبێت ڕۆڵی تێدا بگێڕێت بۆ پارستنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی دەبێتە هۆی تێکچوون و زیان گەیاندن بە فۆرمی ئاسایی کەشوهەوا و سەرهەڵدانی کارەساتە سرووشتییەکان و پەیدابوونی ڕووداوە نەخوازراوەکانی پەیوەندیدار بە ئاو، وەک: کەمبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی بڕی ئاوی پاک کە پێویستە بۆ ژیانی ئاسایی بونەوەران، هەروەها پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو ئەمەش بە ڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەری دەبێت بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و بوونەوەران و هەروەها نەوەکانی داهاتوو.

 

لەڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNICEF) کۆمەڵێک زانیاری خراوەتەڕوو سەبارەت بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا کاریگەرییەکانی لەسەر کەمبوون و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و مەترسییەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و بوونەوەران بەتایبەتی منداڵان و نەوەکانی داهاتوو، هەروەها ئامارێکی خستووەتە ڕوو کە بەهۆی دەستنەکەوتنی بڕی پێویستی ئاوی پاک ژیانی ملیۆنان منداڵ لە مەترسیدایە.

 

گۆڕانکارییەکان لە کەشوهەوادا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گۆڕانکاری ئاوەوە هەستی پێدەکرێت

١. زۆربوونی ڕووداوەکانی کەشوهەوا و تێکچوونی سوڕی ئاسایی ئاو، گەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی سەلامەت سەختتر دەکات بە تایبەت بۆ منداڵە جەستە لاوازەکان.

٢. نزیکەی ٪٧٠ی کارەساتە سروشتییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٨ پەیوەندیدار بووە بە ئاوەوە، لەوانە وشکەساڵی و لافاو، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ زیادبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دووبارەبوونەوە و زیادبوونی چڕی کارەساتە سروشتییەکان زیاد بکات.

٣. نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن منداڵ لەو ناوچانەدا دەژین کە گەشتن بە ئاوی پاک تیایدا سەختە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە بڕی ئاوی پێویستیان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دەستناکەوێت.

 

٤. کاتێک کارەساتێکی سروشتی ڕوودەدات، دەتوانێت تەواوی سەرچاوەکانی دەستکەوتنی ئاوی پاک لەناوبەرێت یاخود پیسی بکات، ئەمەش مەترسی نەخۆشیەکانی وەک کۆلێرا و بەکتریای تایفۆید کە هۆکاری توشبوونە بە ڕشانەوە و سکچوون زیاد دەکات، بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی توشی لاوازی جەستە بوون.

٥. بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشیە بەکتریایی و ڤایرۆسییەکان لە ئاوی سازگاردا، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسیداربوونی ئاوەکە بۆ خواردنەوەی لە لایەن هاوڵاتیانەوە.

٦. ئاوی پیسبوو مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی منداڵان دروست دەکات، نەخۆشیەکانی پەیوەندیدار بە ئاو و نەبوونی پاکوخاوێنی یەکێکە لە هۆیە سەرەکییەکانی مردن لە منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵ.

 

٧. ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠٠ منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵ بەهۆی سکچوونەوە دەمرن لە ئەنجامی دەستنەکەوتنی ئاوی پاک و نەبوونی پاکوخاوێنییەوە.

٨. گۆڕانی کەش و هەوا فشاری سەر ئاو خراپتر دەکات ، لەو ناوچانەی سەرچاوەکانی ئاو تیایدا سنووردارە و بڕی ئاوی پاک وەک پێویست نیە دەبێتە هۆی دروست بوونی ململانێ و ناکۆکی بۆ دەستکەوتنی ئاو.

٩. تا ساڵی ٢٠٤٠ نزیکەی ١ لەسەر ٤ی منداڵ لەو ناوچانەدا دەژین کە دەستکەوتنی ئاو تیایدا زەحمەتە.

١٠. بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی سازگار ببێتە خوێ، هەروەها دەبێتە فشار بۆ سەرچاوەکانی ئاو کە ملیۆنەها کەس پشتیان پێ دەبەستن.

خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئاو بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستی منداڵان و پاراستنی ژیانیان، بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی گونجاو و بەفیڕۆنەدانی ئاو دەبێتە هۆی پاراستنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو.

 

سەرچاوە: یونسێف

 

ت.پ