خۆڵبارین تەنگی بە ژیانی خەڵکی خۆراسان هەڵچنیوە

لە شەوی ڕابردووەوە خۆڵبارین لە ناوچەی قەرەقوم دەستی پێکردووە و ناوچەکە لە دۆخی مەترسیدار دایە، کە تەنگی بە خەڵکی پارێزگای گوڵستان هەڵچنیوە.

سویدا خۆراسانی

 

خۆراسان- لە شەوی ڕابردووەوە پێوەرەکانی کوالیتی هەوا لە خۆراسانی باکوور گەیشتووەتە ٥٠٠ و ناوچەکە لە دۆخێکی مەترسیدار دایە، بەهۆی ناتەندروستی کەشوهەوای پارێزگاکە، ئەمڕۆ قوتابخانەکانی بۆجنورد و شوێنە حکومییەکان داخراون، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی تایبەت لەلایەن ئیدارەی قەیرانەکانی پارێزگاکەوە نەگیراوەتەبەر.

 

هەڵکەوتەی تۆپۆگرافیای شاری بۆجنورد بەجۆرێکە، کە ئەگەر خۆڵبارین دەستپێبکات و چڕیی تۆزی ورد زیاد بکات، چارەسەرکردنی قورس دەبێت و تەنانەت با ناتوانێت هەوای پیس لە شارەکە دەربهێنێت.

 

سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و وشکەساڵی لە ساڵانی ڕابردوودا، کەمبوونەوەی ڕووپۆشی ڕووەک و گۆڕانی پێکهاتەی خاک لە پارێزگای بیابانی قەرەقومی تورکمانستان، کە بە گەورەترین بیابانی خۆڵ لە جیهاندا ناسراوە، سەرچاوەی خۆڵبارینە لە پارێزگای گوڵستان لە باکووری خۆراسان، لە دوێنێشەوە لە ئەمڕۆ لە قەرە قومەوە زریانێکی توندی خۆڵ شاری گۆنباد لە پارێزگای گۆڵستانی گرتووەتەوە و کاریگەری لەسەر کەشوهەوای خۆراسان کردووە، کە بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و بەساڵاچووان و منداڵانی ناوچەکە.

 

حکومەتی ناوەندی و شارەزایان لەسەر ئاڕاستەی خۆڵبارین لە بیابانی "قەرەقۆم"ەوە بۆ پارێزگای گوڵستان هاوڕان و پێیان وایە پێویستە ئێران و تورکمانستان پێکەوە کار بکەن بۆ سنووردارکردنی ئەم دۆخە، کە کاریگەری لەسەر سێ پارێزگای ئێران هەیە، بەڵام حکومەتی ناوەند سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتە، هیچ هەنگاوێکی کردەیی ناگرێتەبەر، دوایین بڕیارەکانی ڕاوێژ و قسەکردنیش لەنێوان ئێران و تورکیا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش نزیکەی ١٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتە بەر.

 

موجتەبا نەجەفی، پسپۆڕی بیابان و مامۆستای زانکۆ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، تەنانەت کاتێک حکومەت و بەرپرسانی تورکمانستان لە ژوورێکی شەمەندەفەردا مەراسیمی کردنەوەی هێڵی شەمەندەفەریان بە قەرەقومدا بەڕێوەبرد، هیچ هەواڵێک لەبارەی دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە نەخستەڕوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە "کەرتەکە لە بنەڕەتدا هیچ جێگەیەکی لە پلانەکانی حکومەتدا نییە".